هەسەدە ڕاگەیەندراوێک لە بارودۆخی مەنبەج بڵاودەکاتەوە

2 رۆژ پێش ئێستا

دەقی راگەیەندراوەکەی هەسەدە:
سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و جێبەجێکردنی ئاگربەست لە مەنبەج و ناوچەکانی دیکە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی پابەند نەبوون بەو بانگەوازانە و بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر میحوەرەکانی باشووری کۆبانی لە پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تیشرین.
دوێنێ 18ی کانوونی دووەم، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشێکی بەرفراوانی بۆسەر بەنداوی تشرین دەستپێکرد. شەڕ و پێکدادانی چڕ سەریهەڵدا و تا کاتژمێرەکانی ئێوارە بەردەوام بوو. هێزەکانمان بە ئیرادەی بەرزەوە رووبەڕووی هێرشبەران بوونەتەوە و بە سەرکەوتوویی هێرشەکانیان تێکشکاند. سەرەڕای ئەوەش، ناوچە جیاوازەکانی ناو کۆبانی کەوتنە بەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی داگیرکەری تورکیا و تۆپبارانی چڕ. هاوکات سوپای تورکیا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێزەکان لە ناوچەی سوروج، تانک و زرێپۆشەکانی تورکیا بەدرێژایی سنووری باکووری کۆبانی و دیوی رۆژئاوای پردی قەرەقوزاق جێگیرکراون.
بۆیە گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانمان و گەلی بوێری کۆبانی تەنها کاریان بەرەنگاریی نابێت، بەڵکو دواجار سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەست دەهێنن. رۆحییەتی قارەمانانەی بەرگریی هێزەکانمان کە هەفتەیەک لەمەوبەر لە نزیک پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین ئەنجامیان دا، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانی.
پێویستە دان بەوەدا بنێین کە بەرخۆدان تاکە رێگەی سەرکەوتن و ژیانێکی ئازادی و پڕ کەرامەتە. گەلەکەمان لە کۆبانی و هەموو ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دڵنیا دەکەینەوە کە لە خەباتیاندا تەنیا نین. ویژدانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێوەدان. کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانی پێش هێرشەکە دەستیان پێکردووە و دڵنیاین کە هەموو جیهان شایەتحاڵی بەرخۆدانی قارەمانانەتان دەبێت.
هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵوێستی ئەرێنیی خۆیان لەسەر ئەو بڕیارە دووپات دەکاتەوە کە لە کۆبوونەوەی عەقەبە سەبارەت بە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا دراوە، لەگەڵ هەوڵەکانی هاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. بەڵام داوا لە هەموو وڵاتان و زلهێزەکان دەکەین هەڵوێستێکی چارەنووسسازتر و توندتر بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیا و هێرشەکانی گرووپە بەکرێگیراوەکانی تورکیا بگرنەبەر.
بانگەواز لە هەموو وڵاتانی عەرەبی و هەموو پێکهاتەی عەرەبی دەکەین دان بەوەدا بنێن کە دەوڵەتی تورکیا گەورەترین مەترسیی لەسەر یەکڕیزی و ئاسایشی خاکی سووریا دروست دەکات. هەوڵەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی زەوی زیاتری سووریا لە ژێر بیانووی درۆدا ناکرێ شیاوی قبوڵکردن نییە. داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە یەکگرتوویی و سەروەری خاکی سوریا بە نرخ دەزانن، هەڵوێستی روون لە دژی دەستدرێژیی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی تورکیا بگرنەبەر.

#روون_میدیا

ژمارەی خوێندراو : 50 جار

هەواڵی زیاتر