.

21/09/2022

"مەلا مستەفا زۆر ڕقی لە مامۆستا بوو، بە وشەی مامۆستا توڕە دەبوو"
ڕوون میدیا
مەلا مستەفا لە دێیەك بوو لە نزیك بێتواتە، لام وایە ناوی (وەرێ) بوو، دێیەكی بچكۆلە بوو، ئێمە ئێوارە گەیشتینە دێیەكە و چوین بۆلای مەلا مستەفا كە لە ماڵێك بوو .
مەلا مستەفا لەبەرمان هەڵسا، عەبدولحسێنی لەبەرامبەر خۆی دانا، ئەو ئەیزانی كە عەبدولحسێن لەوانەیە كە زۆر موعجیبە پێی، لەخوار عەبدولحسێنەوە من دانیشتم، ئیتر برادەرانی تریش بەو شێوەیە .
مەلا مستەفا ماندوونەبوونی لە عەبدولحسێن كرد، عەبدولحسێنیش نەیئەزانی مەلا مستەفا بە وشەی (مامۆستا) توڕە دەبێت . مەلا مستەفا گوتی؛ عەبدولحسێن چۆنی ؟ ئەویش گوتی؛ دەستت ماچدەكەم مامۆستا زۆر باشم !
هەركە گوتی "مامۆستا" مەلا مستەفا پێیگوت "جا تۆ خۆت سەگبابی"عەبدولحسێنیش ترسی لێنیشت، لەوكاتەدا لەسەر چۆك دانیشتبوو، لنگەوقوچ كەوت و گوتی "جا مامۆستا خۆ من هیچ بێ ئەدەبییەكم نەكردووە لەخزمەت جەنابتا" مەلا مستەفا گوتی "نەخێر تۆ خۆت سەگبابی" .
من ئەمویست تەداخول بكەم و بەو بڵێم پێی مەڵێ (مامۆستا)، عەلی عەسكەری ئیشارەتێكی بۆ كردم كە لێگەڕێ با تۆزێ جنێو بخوات !
نه‌ختێكی تری پێچوو، خۆی كۆكردەوە و ڕەنگی زەرد بوو گوتی "باشە مامۆستا من چیم گوت، جەنابت وا لێم توڕە بوویت ؟"
گوتی "تۆ خۆت سەگبابی، حەزدەكەی تا ئێوارە ئەتۆ بە من بڵێ سەگباب، ئەمنیش بە تۆ ئەڵێمەوە خۆت سەگبابی" عەبدولحسێنیش گوتی "ئاخر من كەی وام گوتووە ؟" گوتی "ئەوەی بە من بڵێ مامۆستا، وەك ئەوە وایە بە من بڵێ (سەگباب) ئەمن مامۆستا نیم، مامۆستا وایە و وایە (جنێوی بە مامۆستادا)" .
عەباس ئاغا ئەیگوت، بۆیە پێی ناخۆشە پێی بڵێن (مامۆستا) چونكە مامۆستا زۆر بووە ئەو شتێكی ئەوێ كە زۆر كەم بێت و هەر بە خۆی بگوترێت .

وەرگیراوە لە
كتێبی (مام جەلال .. دیداری تەمەن)
لاپەڕەی 213 

ژمارەی خوێندراو : 233 جار

هەواڵی زیاتر