بۆچی کورد تا ئێستا، زیاتر هاوسۆزی فەلەستینە وەک لە ئیسرائیل؟

لە لایەن د. فەهمی عەزیز26/10/2023

نوسینی: د. فەهمی عەزیز
جیا لە هاودینی، کە هەردوو نەتەوەی کورد و فەلەستینی زۆرینەیان موسوڵمانن، ئەمەیش هۆکارێکی زۆر بەهێزی ئەم هاوسۆزیبوونەیە، بەڵام هۆکارگەلی تر بۆ ئەم هاوسۆزییە زۆرن، لەوانە:
* ئەو وێنە نەمەتییە زیهنییەی کەسایەتیی تاکی کورد کە لە زیهنی تاکی عەرەبیدا (دەستگا حوکمڕانییەکان ناڵێم) درووست بووە، بە تایبەتی لای تاکی فەلەستینی، وێنەیەکی جوان و پەسەند و خۆشەویست و ڕێزدارە. هۆکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئاینی بۆ ئەمە زۆرە. 
* پێشتر هەندێک لە جووڵانەوە کوردییەکان و سەرکردەکانیشیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان هەبووە لەگەڵ هێزە بەرگرییە فەلەستینییەکاندا. نەک هەر ئەوەندە، هەندێک لەو سەرکردانە خۆیان بە داکۆکیکاری کێشەی فەلەستین زانیوە. دواترین ڕووداویش کە زیاتر ئەم بابەتەی تۆخ کردەوە، تۆمەتبارکردنی ئیسرائیلە بە بەشداربوونی لە ڕادەستکردنەوەی (عەبدوڵا ئۆجەلان) بە تورکیا.
* دووڕوویی و پشتگیریکردنی ئاشکرا و بەهێزی هەردوو بەرەی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ ئیسرائیل و پشتگوێخستنی کورد. ئەمەیان مەگەر کەسێک تەواو خەرەف و نەزان بێت، ئەگەر نا بە ڕوونی دەیبینێت و هەستی پێدەکات. 
* لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، زۆربەی ئەوروپا و ئەمریکا و هێزە براوەکانی جەنگی جیهانی، پاش زوڵم و قەتڵوعامی جوولەکەکان لە لایەن زۆرێک لە خۆیانەوە، بە پەرۆشەوە لە هەموو پنتێکی جیهانەوە (ئەڵبەتە پاڵنەر و هۆکاری ئەمەیش زۆرن) جوولەکەیان کۆدەکردەوە و دەوڵەتێکیان بۆ درووست کردن و زەمانەتی پاراستنیشیان کرد. کەچی هەر ئەم زلهێز و براوانە، نەک دەوڵەتێکیان بۆ کورد بە ڕەوا نەزانی (کە ژمارەیان چەندینجار لە جوولەکە زۆرتر بوو) زیاتر پارچەپارچە و دابڕاویان کرد. ئەڵبەتە هەندێک لە بیریار و زانای ئاینی و نێوەندە ئەکادیمی و هزرییەکانی جوولەکەیش، درکیان بەوە کردووە، ئەو دەوڵەتەی بۆیان درووست کراوە، چ پاڵنەرێکی بەرژەوەندیی سیاسی و ئایدیۆلۆجیی ئەوروپی و ئەمریکییەکانی لەپشتەوەیە. ئاگاداری مەترسییەکانی ئەمەن و بە ئاشکرا و بێ پەردە لێی دەدوێن.
* پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و درووستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لە جیهانی ئیسلامیدا بە پشتگیریی ڕاستەوخۆی ئەوروپا و ئەمریکا، دەستگاکانی ئەم دەوڵەتە داهۆڵی و بووکەڵەشووشەییانە، بێڕەحمانە کەوتنە وێزەی کورد و دووچاری زوڵم و چەوساندنەوەیەکی زۆریان کردن، بە بەرچاو و ئاگاداری و تەنانەت هاوکاریی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاوە.
* لەم دواییانەیشدا و پاش هەڵگیرسانی جووڵانەوە کوردییەکان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، ئەو هاوکاری و پشتگیرییانەی کە ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئەوروپا و ئەمریکاوە دەکرا، زیاتر بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوری و ئایدیۆلۆجیی خۆیان بوون، نەک لەبەر خاتری چاوی کاڵی کورد. واتە زیاتر کوردیان بەکارهێناوە وەک لەوەی کاریان بۆ کردبێت.
* دواجار، ئەو وێنە نەمەتییە زیهنییەی کە بۆ تاکی جوولەکە درووستکراوە، لە تێڕوانینی ئاینی مەسیحی و ئیسلامیدا، هەروەها لە ئەدەبیات و فکر و کۆمەڵگە ئەوروپییەکاندا ( شانۆ، ڕۆمان، نووسین هتد)، وێنەیەکی تا ڕادەیەک دزێو و ناپەسەندە. کەمترین جوانی و باشەیان تێدا دەبینرێت.
سەرباری هەموو ئەوانەی سەرەوە، شتێک نکووڵیی لێ ناکرێت ئەوەیە کە هەردوو نەتەوەی کورد و جوولەکە، ڕووبەڕووی زەبروزەنگ و چەوساندنەوەیەکی زۆر بوونەتەوە. بەڵام چۆن و بۆچی و لە لایەن کێوە؟ ئەوە بابەتگەلێکی زۆر قووڵ و ئاوکێشن.
فیترەتی دەروونیی مرۆڤ وا خولقاوە کە زیاتر مەیلانی بەلای هاوڕەنگ و هاوچەشنی خۆیدا دەڕوات. ژێردەستە زیاتر هاوسۆزی ژێردەستەیە، مەزڵووم زیاتر هاوسۆزی مەزڵوومە، هەژار زیاتر هاوسۆزی هەژارە، دەوڵەمەند هاوسۆزی دەوڵەمەندە و ئیتر بەم جۆرە. ڕوو دەدات پێچەوانەکەیشی ببینیت، بەڵام زۆر کەمترە و دەچێتە ناو بازنەی ناباو و نائاساییەوە.

وتاری زیاتر