کاك مەسعوود عبدالخالق زۆر بێ ئینسافانە بەرامبەر بە ئیسلامییەکان هێرش دەکات و بەبێ هەڵوێست بەرامبەر بە حیزبە حوکمڕانەکان ناویان دەبات.
نازانم کاك مەسعود زاکیرەی هاوکاری ناکات و ئەم هەموو هەڵوێستەی ئیسلامییەکان بەگشتی و یەکگرتوو بەتایبەتی نابینێت یان ئەویش وەك مەدخەلییەکان و چەندانی تر بەهاوکاری پارتی و یەکێتی ڕاسپێردراوە بۆ چەواشەکردنی ڕاستییەکان و دیزە بەدەرخۆنەی ڕەش و سپیەکان و خۆڵکردنە چاوی خەڵك بەرامبەربە ئیسلامییەکان .
- لەکاتێکدا ئەوان و هەموو خەڵکی کوردستان گەواهیدەرن کەوا ئیسلامییەکان هەر لە سەرەتای نەوەتەکانەوە تاکو ئێستا بەبەردەوامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو زوڵم و ستەم و نادادپەروەر یەکدا وەستاونەتەوە، لەهەمان کاتیش دا ڕەمزی پڕۆژەو کاری جوان و دەستکەوتی گرنگ بوونە بۆ میللەتەکەمان.
ئەوەش منەتێک نیە بەسەر خەڵکی خۆماندا بیکەین بەڵکو ڕاستی و یادەوەریەکە بۆ کاک مەسعود عبدالخالق و هەموو ئەوانەی کە ئاتاجی بیر هێنانەوەن.
- من لە کاك مەسعود دەپرسم لە کاتی شەڕی ناوخۆدا کێ لەئێمە بە هەڵوێستربوو بەرامبەر بەو هەموو وێرانکارییەی کەکرا ..؟؟
- لەناو کوتلە پەڕلەمانی یەکاندا کێ لە کوتلەکانی ئێمە بوێرانەتر داکۆکی لە مافی خەڵك کردووە....؟؟
- ئەرێ کێ پۆستە ئیدارییەکانی خۆی کردە قوربانی لە پێناو لێ پێچینەوە لە سەرۆکی حکومەت بەرامبەر بە کەمی خزمەتگوزاری هاو نیشتمانیان..؟؟
- کێ لە سەر کردە سیاسیەکانی ئێمە بوێرانەتر ڕوو بەبەڕووی ستەمی ستەمکاران وەستاوەتەوە..؟؟
- کێ لە ئێمە زیاتر بەرامبەر تیرۆری ڕۆژنامە نوسان و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و سووتاندنی ڕیشی مامۆستایانی ئاینی و تێهەڵدانی مامۆستایان ونەدانی موچەی فەرمانبەران خاوەن هەڵوێست بووە..؟؟
- ئەمە بێجگە لەوەی ئیسلامییەکان بە هەڵوێسترین لایەنەکان بوون بەرامبەر دەیان پڕۆژەی نامۆ و نەشیاو بەرامبەر دین و ژین و ژیاری ڕەسەنایەتیمان کە بەمەبەستی تێکدانی باری کۆمەڵایەتی ئەم گەلە خێر لە خۆنەدیوە کاری لەسەر دەکرێت..؟؟
- ئەرێ بەڕاست
ئێوە لەلایەک خەمی کورد و کوردایەتیتانە و دەڵێن بۆ نەچوونە پاڵ یەکێتی و پارتی لە کەرکوك، کەچی لەلایەکی دیکەوە فێرە هەڵوێستمان دەکەن و دەڵێن بێ هەڵوێستن بەرامبەر بەو دووحیزبە..؟!
نازانم بە کامیان باوەڕ بکەین دڵنیابە ئەم گوفتارو ڕەفتارانەی تۆش جگە لە دروستکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر قەڵەمی ئازاد و دەنگە ناڕازیەکان و غەزووی فیکری نادیدەکان، ڕاستەوخۆ خزمەتە بە پڕۆژکەی یەکێتی و پارتی و هاوئاواز و ژەنیارەکانیان، دیارە ئێوەش لە هەرکوێ بابێت لەوێ شەن دەکەن.
بەجۆرێک ڕۆژێك بە قسە و بەڕوکەش داوای یەکڕیزی لایەنە ناڕازییەکان دەکەن و ڕۆژێکی تریش بەکردارو گوفتارو ڕەفتار شیری پەرتەوازەیی و درزخستنە نێو ماڵی ئۆپۆزسیۆن تیژ دەکەن،پێشینان ووتەنی بانێکەو دووهەوا