پارتیی مافی خۆیەتی

لە لایەن هادی حەمە ڕەشید 19/03/2024

پارتیی مافی خۆیەتی!
هادی حەمەڕەشید
سەدان پۆست و زیاتر لە دە شیکارییم لەسەر بڕیارەکەی پارتیی خوێندەوە.ئەوەی حەلقەی وونە و کەس نایەوێت خۆی لێبدات ڕۆڵی(ئەوانیتر/دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی) و هەندێ پێداگرتریش بین، ئەوا ئەبێت بڵێین(ئەوانەی دەرەوەی پارتیی) تەنانەت یەکێتیی نیشتیمانییش وونە!
ساڵانێکە ئەڵێین (پەرلەمانی کوردستان)هیچ نییە جگە لە ئۆرگانێکی پارتیی، دەزگایەکە ساڵ بە ساڵ بە دابەزاندنی کوالێتیی ئەندامەکانی، بێ ئەرزش و بێ ئەرزشتری ئەکات.
ئەوە کە هیچ دوو دەیەیە یەکێتیی کردووە بە پاشکۆی خۆی و بەشێك لە(بڕیار و مانۆڕە) سەقەت و پڕ لە ئیحراجییەکانی خستووە بەسەر پشکی یەکێتیی (سەرۆك یان جێگر) و فراکسیۆنەکەیاندا، بەڵام هێشتا حاڵی یەکێتیی لە چاو ئەوانیتردا بەراورد ناکرێت.
(ئەوانیتر) دەم پڕ لە هەران، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا، بەهاران دێننە ئەژنۆ، تیایاندایە بە نووکی پێی تا تەپڵی سەرییەوە تەجمیل، هەڕەشەی لە سێدارەدانی سەرانی پارتیی و یەکێتیی ئەکات، یان هەیە ئەڵێ: ئەم سێ مانگە خۆتان بگرن، دەسەڵاتی دوو بنەماڵە کۆتاییان هاتووە!
لە کاتێکدا کە هەڵبژاردن و سندووقی دەنگدان، جگە لە ماکیاج و جوانکردنی ڕووی دزێوی دوو بنەماڵە، هیچیتر نییە!
بەڵام بازرگانی تازەپیاکەوتوو هەبوو، لە کەرکوک بە دوو لیتر ئاو کەوتبووە ژێرەمەلە و پەیامنێرێکی دوای خۆی خستبوو، ئەیووت: ئەوە پارێزگاری داهاتووی کەرکووکە!!
ئەم سەرپێیی ڕوانیینە بۆ سیاسەت، وای کردووە بازرگانێك بە دوو سێ ملیۆن دۆلارەوە بچێتە کەرکوکەوە(یەکێك لە پڕ کێشەترین شاری دنیا) و بەم ئاسانییە و بەبێ هیچ قووڵییەك دەم لە سیاسەت بکوتێت!
بۆچیی ئەبێت ئێمە شۆك بین کە پارتیی ئەم جۆرە ملهوڕییانەی بۆ بچێتەسەر؟!
بۆچیی لەدەرەوەی پارتیی هیچ لایەنێك ئامادەیی جدیی(قیژە قیژ نا) دەربڕیوە تا (بەدیل) بێت؟!
پارتیی هەڵبژاردن نەکات، هەر بەجدیی هەڵبژاردن بۆچیی بکرێت؟! بۆچیی مەگەر هەر سەد کورسییەکە بدرێت بە لایەك، ئەتوانێت بچێتە هەولێر و لەو باڵەخانە نەفرەتییەدا کاری نوێنەرایەتیی خەڵك بکات؟!
سوێندی یاسایی بخوات و متمانە بدات بە حکومەت و پاشتر چاودێریی بکات و …. تاد؟!
ڕاستەقیینەیەك هەیە؛ بەو قۆرخکارییەی کە پارتیی ساڵانێکە کردوویەتی، خوانێکی چەوری پڕ لە غەز و بەزی لەو شوێنەی ناوی پەرلەمانە، ئینجا حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگا مەعریفییەکانە ڕاخستووە، نوخبەی خاوەن بڕوانامە و قسەکەری سەر ستەیجەکەی بۆ هیدایەت کردووە، بە هەزاران پاساو هەزاران قەرەقۆز و میرابۆ بەناوی دیفاکتۆوە پارتییان کرد بە خاوەنی پڕ لە شەرعییەتی ئەو باڵەخانەیە، کەواتە مافی خۆیەتی قسەی یەکەمی هەبێت، لە بارەی دیزاین و هەر فۆڕمۆلێکەوە کە بۆ هەڵبژاردنەکەی بکرێت!!
یەکێتیی خۆی پێ براوەی گۆڕەپانەکەیە، بەڵام نەك کە دڵنیایە ناتوانێت بەبێ پارتیی بچێتە هیچ پڕۆسەیەکەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بەڵکو فەرموو با بۆ چارەسەری دۆخەکە، بڕیاری (پارێزگای ناڕازیی لە هەرێم) جێبەجێ بکات!
یان لە پرسی شایستە داراییەکانی موچەخۆراندا، با هاوکاری دادگای باڵای فیدراڵیی بێت و فەرمانگەکانی زۆنەکەی ڕاسپێرێت کە لیستی موچە ڕەوانەی بەغدا بکات، نەك لە بەرامبەر ڕێژەیەك قازانج بۆ کوڕانی تاڵەبانیی سەرقاڵی سەپاندنی(هەژماری من)بن!!
بەڵێ(تا ئێستا) پارتیی بۆی چووەتە سەر هەر بیانوویەکی گرتبێت، چونکە لە گۆڕەپانەکەدا کۆمەڵە حیزبێك هەن، لە باشترین حاڵەتدا بە دەستی دوو و سێ پاشکۆی خۆیین!
تۆیەك هەموو هونەرێکت(هەڵبژاردن)ـە و دەنگی خەڵکی قوڕبەسەر، دەی ئەوەش حاڵی پەرلەمان و یاسا و پڕۆسەکەیە، بۆچیی خۆڵ لە چاوی خەڵك ئەکەن؟!

وتاری زیاتر