ئێستا کاتی کردارە !

لە لایەن موزەفەر ئەبوبەکر18/07/2019

 

لەدوای پێکھێنانی حکومەت بە بەژداری ئەو  لایەنانەی زۆرترین بەڵێن و پەیمانیان بە دەنگدەر و لایەنگرانیان دابوو  بۆ ئەوەی زۆرترین ئەندامیان بنێرنە پەرلەمان لەمەشدا  سەرکەوتوو بوون توانیان دەنگی زۆربەی دەنگدەران بەدەست بھێنن .

لە ئێستادا ھەموو چاوەکان لەسەر حکومەتە تازەکەیە تا بزانن چی لە ھەگبەدایە لایەنە بەژدارەکان تا چەند بەڵێنەکانیان لەکارنامەی ھاوبەش جێگا دەکەنەوە کاری لەسەر دەکەن.

ھەرسێ لایەنە سەرکیەکەی بەشدار لەحکومەت بەڵێنی زۆریان بە ھاونیشتیمانیاندا ھەریەکەیان بە دروشمێک کاریگەریان خستەسەر دەنگداران و لایەنگرانیان 
بۆیە ئێستا کاتی خزمەتە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان ھەموو ئەو کەسانەی پۆستێکی باڵایان ھەیە دروشمەکانیان بکەنە کردار واز لە رەخنەگرتن بێنن بە ھەموو ھێزیان کاربکەن لە پێناوی بەدەستھێنانی  مافی خەڵک و ھاونیشتیمانیان .

ئەو ھۆکارانەی وادەکات حکومەتی داھاتوو سەرکەو تووبێت و حزبەکانیش لەگەڵ بەڵێنەکانیان ڕاستگۆبن؟


*_گێڕانەوەی متمانە  لەنێوان حکومەت و ھاوڵاتی ئەرکی لەپێشینەی  حکومەتبێت تا ھاوڵاتیان ھاوکار و ھەماھەنگ بن لەسەرخستنی  حکومەتی نوێ.

*_سەرۆکی حکومەت  دەبێت ببێتە چەتری کۆکەرەوەی ھەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان .

*_لایەنە سیاسیەکان بەشدار لە حکومەت بە جدی لەسەر بەرنامەی ھاوبەش کاربکەن  لەکاتی جێبەجێ نەکردنی ھەر بڕگەیەک ھەڵوێست وەربگیرێت بەو پەڕی دلسۆزانە کاری لەسەر بکرێت.

*_بەتەواویەکی ڕاستەقینە دەستی حزب لەناو سەرجەم سێکتەرەکان دەربھێنرێت ھەوڵی جدی بدرێت بە ئامانجی کارکردن لەسەر بنەمای یەکسان و دادپەروەری.
 
*_ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان  بەھۆی ئەو قەیرانە داراییە بەرۆکی ھاونیشتیمانیان  بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی گرتوو ڕێژەی بێکاری لەکوردستان بەرز بۆتەوە یان ئەو کارەی گەنجان ئەنجامی دەدەن دوور لەپسپۆڕیەتی خۆیان.

*_گرینگیدان بەسەرجەم سێکتەرەکان بە تایبەت کەرتی تەندروستی و پەروەردە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ھاونیشیمانیان ھەیە .

*_بە دامەزراوەکردنی  پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و ووڵاتانی ھەرێمی  و نێودەوڵەتی تا پەیوەندیەکان لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بخرێتە خزمەت .

*_لەم کابینەیە دەبێت ھەموو موڵکەکانی کوردستان بگەرێتەوە وەکو سوپای کوردستان و خاکی کوردستان و سامانی کوردستان و خەڵکی کوردستان ....ھتد.

*_دەستی گەندەڵی لەناو دام و دەزگاکان ببڕدرێت و بەجدی کاری لەسەر بکرێت کەسانی تاوانبار لەھەر پلەو پۆستێکدابن سزا بدرێن .

*_گرینگی بە میدیای ئازاد و مافی ڕۆژنامەنووس و ئازادی ڕادەربڕین بدرێت بە ھەموو تاکێک بە بێ جیاوازی حزبی و ئایدۆڵۆژی  .

*_پیادەکردن و چەسپاندنی مافەکان مرۆڤ تا کوردستان  ببێتە نمونەیەکی جوانی پێکەوە ژیان و ڕێزگرتنی و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان .

ڕەنگە ھەموو حزبە سیاسیەکان ڕێگەیان جیاوازیان ھەبێت بۆ خەباتی مەدەنی و بردنی کوردستان بۆ کەناری ئارام بەڵام لەبنەرەتدا ھەمووان یەک ئامانجیان ھەیە ئەویش خزمەتکردنی "کوردستانە" ئەگەر سەیری بەرنامەی حزبە سیاسیەکان بکەیت بە ئۆپۆزسێون  و دەسەڵات دەبێنین گەلێک خاڵی ھاوبەش ھەیە تا لایەنەکان کاری لەسەر بکەن تا بگەن بە خاڵە ناکۆکەکان بۆیە پەرۆشی  بۆ خزمەتکردن لەپێناو ھاوڵاتیانی کوردستان دەبێت کلیلی سەرکەوتن وە دەبێت ھەوڵەکان چڕبکرێتەوە لەسەر" باشترین بەرنامە" لەپێناو کوردستانێکی پڕ شکۆ ژیانێکی شایستە بۆ ھاووڵاتیان .


وتاری زیاتر