دەبێ چاکسازی کابینەی نۆیەم وەک دزینی کلاشینکۆفەکەی "عەلی حەوێز" نەبێ ؟!

لە لایەن فاخیر برادۆستی 22/07/2019


   
چاکسازی بەکەسانێک دەکرێ و دەکاتە مەنزڵ کەخۆیان بەشێک نەبووبن لە گەندەڵی و بەھەدەر دانی داھاتی ھەرێم لە بەرژەوەندی تایبەت. دەمێکە وتووەمە چاکسازی واتە لێدان لە پێگەی ئەو دوو ھێزە. 

پێم ناڵێن ئەم دوو ھێزە"پارتی و، یەکێتی" چۆن ڕازی دەبن بە ڕێکخستنی ھێزەکانی"پێشمەرگە" کە دووربن لە بڕیارە حزبی و شەخسی ناو حزبەکانیان ؟

چۆن دەھێڵن ئاسایش و شورتە دووربن لە ھەیمەنەی ئەوان و بەکاریان نەھێنن دژ بە دەنگی ئازاد ؟

نەخێر ئەوە ناکەن، بەڵکو ئەو ھێزانە لە ۱۹۹۱ تا ئێستا خستویانەتە خزمەتی ھەنگاوە نا یاسایی و نا کوردانەی خۆیان، چۆنیان وستبێ وھا ئاراستەیان کردوون، ئامانجیش لێی تەنھا وتەنھا بۆ مانەوەی خۆیان بووە، دڵنیابن تا بۆشیان بکرێ ئەم ھەنگاوە ناگرنەبەر، ھەرنا لەژێر ناوی جۆراو وجۆری تر دەیان خەنە خزمەت مانەوەی خۆیان،  بۆ پرسی شەفافی لە داھاتی "نەوت و ناوەخۆش" ھەروا. 

ئەم دووھێزە بەتایبەت پارتی خۆی بەو پارە پیسە ڕاگرتووە بە پیسخۆری ڕاھاتوون ناتوانن وازی لێبھێنن، وازھێنان واتە ھەڵکەندنی گۆر بۆ خۆیان وەک "نەوشیروان موستەفا" کاتی خۆی دەیوت "پارتی و یەکێتی تەنھا درۆ و دراویان پێماوە" ھەرچەندە خەڵکی ژێر دەمێکە درۆیەکانیان لا ڕوونە و باوەڕی پێناکەن ئەوەی بە دەستیانەوە ماوە تەنھا دراوەکەیە.

باشە مەسرور بارزانی ئامۆزای سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی پێشوو دەتوانێ بڵێ ئەوە بڕی قەرزەکانی سەر ھەرێم ئەوەش وڵات و کۆمپانیا و کەسەکان، ئەوەش ھۆکاری قەرزکردنەکە؟!

دەتوانێ تێچووی کەناڵەکەی "K٢٤"کە لەسەر داھاتە نەوتە ببڕێ؟! بۆ کەناڵی ڕووداویش ھەر وا ؟

دەتوانێ بڕیار دەربکات کە ھیچ حزب و کەسێک بۆی نەبێ دەست لەکار وباری دادگایەکان وەردات ؟ بڕیار بدات پاڵ پشتیان بێ وکام کەیسیان ویست کاری لەسەربکەن؟!

دەتوانێ بڵێ لەمەوڵا نابێ ھیچ حزب و بەرپرسێک دەست بۆ دەرھێنانی نەوت لە پاڵاوگە نایاساییەکان بەرێ ؟ ھەرچەندە ئەوەی بە یاساش ڕێکخراوە لەخزمەتی خۆیاندایە .

یان دەتوانێ بچووکترین ھەنگاو بنێ وێنەی مسعود بارزانی و مام جەلال لە دامودەزگایەکانی حکومەت دووربخاتەوە ؟ چونکە ھیچ پۆستێکیان لەو حکومەتە نییە؟ دانەیەکیان لە دونیاش نانی بڕاوە!

ھەرنا با کاروانی ئۆتۆمبێڵەکانی کەم بکاتەوە و بیان خاتە خزمەت ئەو ھەژارانەی لە سایەی حوکمڕانی ئەوان ھەژار کەوتوون.

عەلی حەوێز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو لەساڵی ۱۹۸۳ کاتێک شەری بێتواتە ڕوویدا، تاڵانێکی زۆری خەڵک کرا، مام جەلالیش تۆڕەبوو ھەستان لیژنەکەیەکیان پێکھێنا بۆ لێپرسینەوە و گەڕاندنەوەی ماڵ وموڵکی خەڵک کە لایەن پێشمەرگە و بەرپرسەکان دزرابوو .

عەلی حەوێز ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەرۆکی لیژنەکەبوو، کاتێک چووە ناوچەکە بۆ لێکۆلینەوە و بەدواداچوون، ئەوەبوو کلاشینکۆفەکەیان لێدزی! ئەم کلاشینکۆف دزینە دەنگی دایەوە و لیژنەکەش فەشەڵی ھێنا، ڕێک وەک ۲۸ ساڵ دەسەڵاتە فاشیڵەکەی ئێستایان. 
  
مێژووی گەندەڵی ئەم دوو ھێزە بۆ ئەم نۆ کابینەیە ناگەڕێتەوە بگرە زۆر کۆنترە سەرەتا بە دزی و تاڵانی و ھەڵکوتانە سەر ماڵی ئەم وئەو دەستیان پێکرد، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد واتە جۆری دزیەکانیان بچووک بوون، تا دەستیان گەیشتە نەوت و داھاتی ناوەخۆ و بازرگانی نایاسایی.

کەوابوو کەسێک فێرە دزی بێ ئەگەر مەحاڵیش نەبێ ئەوە زۆر زەحمەتە بتوانێ دەستی لێھەڵگرێ.
  
لە ژێر سایەی بێدەنگی خڵک ئاشتی ھەورامی کە ھەرێمی خستە سەر ساجی عەلی نەوەکانی داھاتووشی خستە ژێر بارێک قەرزەوە، لەجیاتی ئەوەی ببرێتە پێش دادگا و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێ کەچی بەدەسەڵاتێکی زۆر فراونترەوە دانرایەوە، ئەم ھەنگاوەی سەرۆکی حکومەتی نوێ پێماندەڵێ بەتەمای چاکسازی ڕیشەیی مەبن، جگە لە ھەندێک بەڵێنی باق وبریق. 
  
ئەگەر تاکەکانی ھەرێم وشیاری تەواویان ھەبوایە، دوای دانانەوەی ئاشتی ھەورامی کە ئەندازیاری تاڵانکاری نەوت بوو بۆ خرمەتی دوو حزب و چەند کەسێکی ناو ئەم دوو حزبانە، دەڕژانە سەر شەقامەکان تا نەھێلن چیتر ئاشتی و ئەوانەی پشتیشی، تەخشان و پەحشان بە داھاتی سەر زەوی و ژێر زەوی ھەرێمی کوردستانەوە بکەن. 

لەکاتی قەبوڵکردنی ئەم دۆخە میللەت شایەنی ئەوەیە ڕۆژانەکان لە ژێر دوو جۆر کارەبا و نەبوونی شەفافی لە داھات و بوونی گەندەڵی فراوان و نادادی و... ھتد بژمێرن. کەسانێک ھەن بەتەمای گۆڕانکارین، بەڵام لەماڵەوە مەحاڵە گۆڕانکاری بێ قوربانی و کاربۆکردن بێتە دی.

کەوابوو باشترین چەکێک بۆ بەرەنگاری و ڕوو بەڕوو بوونەوەی ئەم دوو ھێزە و، دوورخستنەوەیان لە تاڵانی داھاتی ھەرێم و مۆنۆپۆڵکردنی ھەموو ھەرێم، تەنھا و تەنھا کارکردنە لەسەر وشیاری تاک، چونکە ئەگەر تاک تەواو وشیاربووەوە خۆی ئەم فەوزا و گەندەڵکارانە قەبوڵناکات.

وتاری زیاتر