ئۆپۆزیسیۆنی بەکرێگیراو

لە لایەن ڕێبوار كەریم وەلی08/08/2022

دێمۆکراسیی بێ ئۆپۆزیسیۆن و بێ رێزگرتن کە مافی کەمینە مەحاڵە. هەر بەرگێکی لەبەر بکەی هەر رەنگی دیکتاتۆریەتە.
ناسینەوەی سوڵتە ئاسانە، هەر چییەکی لەبەر کردبێ، ئەخیرەن دوای ماوەیەک خەڵک دەتوانێ بە رووتی بیبینێت. ئەدی موعارەزە؟
موشکیلەی زاتیی کۆمەڵگاکان ئەوەیە کە تاقمێک هەمیشە وا بزانن موعاریز چەپە و لەسەر هەقە. ئەوە گەورەترین کارەساتی مێژووی مرۆڤایەتییە کە هەر جاهیل و نەفامێک کە دژە رەوت بێت بکاتە رەوت و تەقدیسی بکات.
لە کوردستان سوڵتە گەورەترین مەکینە و تاقیگەی بەرهەمهێنانی موعارەزەی ساختەیە، کە ئیش و کاری ئەوەیە ئاو بۆ ئاشی دەستەڵات بگوازێتەوە. لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی بۆ نیشاندانی فرەحزبی و مەشروعییەتی خۆیان پەنجا دوکانی سیاسییان کردبۆوە کە مانگانە لە لق و مەڵبەندەکان بودجەیان بۆ سەرف دەکرا. ئێستاش موعارەزە دروست دەکەن!
قەت لە کوردستان شتێک بەناوی موعارەزە وجودی نەبووە و نییە. گۆڕانی رەحمەتی کە گوایە لە ترۆپکی بەگژداچوونەوەی دەستەڵات بوو، باوکی هەژاران بوو، سیستەمی دەگۆڕی و مەحسوبیەتی لەناودەبرد، دەرکەوت پەلەقاژەی ئەوەی بووە لە کێکەکە قاشێکی بدرێتێ.
ئێستا رەوتێکی چەواشەکاری پۆپۆلیست کە گوایە خۆی پێ موعارەزەیە، کەی دەستەڵات پێویستی پێ بێت بۆ بەتاڵکردنەوەی رەق و توڕەیی خەڵک دێتە سەر خەت.
بانگەشەکانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە چینییە بۆ خۆپێشاندان بریتییە لە ئەنجامدانی مانۆڕێکی ئەمنیی دەسەڵات بە کەرستەی راستەقینە، لە هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکەوە بگرە تا رەشبگیری و هتد. بەوەش دەسەڵات و هێز و جەبەروتی خۆی لەسەر خەڵک و چینە جیاجیاکان تاقی دەکاتەوە و هەندێک لەوانەیش کە گرتنیان لە حاڵەتی ئاساییدا ئاسان نییە لە کونجی زیندان قاییم دەکات.
تا ماوەیەک خەڵک بە شتی لاوەکی خەریک دەکەن و دەسەڵات وا خۆی نیشان دەدات کە ترسی لەوە هەیە کە خەڵکی هەولێر شەربەتی هەنار بخۆنەوە! بەڵام لە راستیدا، دەسەڵات زەڕەییەک حیساب بۆ خەڵک ناکات.
سیاسەتی برسیکردنی خەڵک بە شێوەیەکی سیستەماتیک ئاستی داخوازیی خەڵکی کوردستانی هەم لە بەغدا و هەم لە دەسەڵات هێناوەتە سەر موچەی مانگانە و پێداویستیی سەرەتایی وەکو کارەبا، ئاو و کۆکردنەوەی زبڵ و هتد.
پوختەی کەلام دەستەڵات باوەڕی بە هیچ جۆرە ئازادییەک نییە و هەموو پۆنتانسیەلەکانی کۆمەڵگاش وەکو ئامرازێک بۆ بەرزەفتکردن و لغاوکردنی کۆمەڵگە بەکار دێنێت. هەموو ئەو میکانیزمانەی کە دەتوانن رێگری لە ملهوڕیی دەستەڵات بکەن، وەک مێدیا، کاری سەندیکایی، کاری سیاسی و هتد دانەیەکی و هەندێکجار چەند دانەیەکی کۆپییەکەی لای دەسەڵات هەیە.

وتاری زیاتر