ئاراستەی رووداوەکان لە ناوخۆی کوردستان بەرەو ناسەقامگیری و پێکدادانی ناوخۆیی دەڕوات

لە لایەن ڕێبوار كەریم وەلی17/07/2024

ئاراستەی رووداوەکان لە ناوخۆی کوردستان بەرەو ناسەقامگیری و پێکدادانی ناوخۆیی دەڕوات
ئامادەکاری بۆ قۆناغی پێکدادان و شێواندنی دۆخەکە و، گواستنەوەی ململانێکان لە شەڕی ساردەوە بۆ گەرم.
ئامانجی راستەقینەی پارتیش هەر ئەوە بوو کە هەڵبژاردنەکان لە ژێڕ سێبەری پۆستاڵ و لولەی تفەنگی جندرمەدا، بەڕێوە بچێت.
دەزگای(تەزویر) نەک هەڵبژاردن ئەمجارە بێئیش دەبن و کە نەشتوانن تەزویر بکەن، ئەوکاتە ئەنجامەکان بەدڵی ئەوان نابێ و رەتی دەکەنەوە
هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام
جیا لەو بارودۆخە تازەیەی کە لەگەڵ هاتنی سوپای تورکیا بۆ قوڵایی خاکی هەرێم هاتۆتە ئاراوە و، بێدەنگییەکی هەمەلایەنی لێکراوە! ئاراستەی رووداوەکان لە ناوخۆی کوردستان بەرەو ناسەقامگیری و پێکدادانی ناوخۆیی دەڕوات.
پارتی لەگەڵ تورکیادا، یەکێکە لە دروستکەرە سەرەکییەکانی ئەو بارودۆخە و لە چەند روویەکەوە وەبەرهێنانی تێدا کردووە.
ئەوەی پارتی دەیکات، چەندین ئامانجی کورت مەودا و درێژ مەودا لەخۆ دەگرێ. تێکچوونی رەوشی ئەمنی و ناسەقامگیری لە کوردستان فاکتەرێکە کە دەکرێ لە داهاتوودا، تەگەرە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست بکات، ئەگەر پارتی تا ئەو کاتە دڵنیا نەبێ کە حوکمڕانییەکەی مسۆگەر دەکاتەوە، لە توانایدایە وەک کارتێک بەکاری بێنێت.
کۆنفڕانسە ناوخۆییەکانی پارتی و ئەنجامەکانی، ئاماژەیەکی روون و ئاشکران بۆ بەئەمنی کردنی تێکڕای جومگە سیاسییەکان و ئامادەکاری بۆ قۆناغی پێکدادان و شێواندنی دۆخەکە و، گواستنەوەی ململانێکان لە شەڕی ساردەوە بۆ گەرم.
پارتی لە ماوەی رابردوودا، سەرکێشییەکی قانونیی لە بەرگێکی سیاسیدا کرد. بۆی نەچووە سەرێ تا بەنابەدڵی تەسلیمی ئێران نەبوو، هیچ دەرگەیەکیان بۆ نەکردەوە، کە دەرگاشی لێکرایەوە بە تکا و رجا ئەوەندەی بۆ چووە سەرێ کە هەڵبژاردن چەند مانگێک دوا بخات. ئامانجی راستەقینەی پارتیش هەر ئەوە بوو کە هەڵبژاردنەکان لە ژێڕ سێبەری پۆستاڵ و لولەی تفەنگی جندرمەدا، بەڕێوە بچێت.
راستییەکەی پارتی خۆی سوور دەزانێ لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەی مەبەستییەتی نایەتەدی، بۆیە هەموو تەرکیزەکەی پارتی لە ئێستاوەڕا بۆ دوای هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکانە. دەزگای(تەزویر) نەک هەڵبژاردن ئەمجارە بێئیش دەبن و کە نەشتوانن تەزویر بکەن، ئەوکاتە ئەنجامەکان بەدڵی ئەوان نابێ و رەتی دەکەنەوە.
یەکێک لە بەهێزترین سیناریۆکان بۆ دوای هەڵبژاردن (ئەگەر پارتی و یەکێتی نەتوانن تەزویر بکەن) رەتکردنەوەی ئەنجامەکانە. ئەوەی پارتی لە ماوەی رابردوودا، کردی وەک پڕۆڤەیەک بوو بۆ دوای هەڵبژاردنەکان. واتا ویستی بە دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوە تاقیبکاتەوە کە ئایا دەتوانێ دوای هەڵبژاردنیش بە رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی پڕۆسەکە پەک بخات و بەو ئاقارەیدا ببات کە خۆی دەیەوێت؟ یان وا بکات کە هەڵبژاردن دوبارە بکرێتەوە؟
بۆیە پارتی دەیەوێ وا پێشان بدات کە بە هەڵبژاردن دڵخۆشە و تەنانەت لە رووداوێکی دەگمەندا، سەرۆکی پارتی، سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بە بۆنەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن و دەستخۆشیی لێکرد. بەڵام لە راستیدا، پارتی ئاخیر کەس بوو کە ویستبێتی گرێکوێرەکان بکرێنەوە و هەڵبژاردنێکی بێگەرد بەڕێوە بچێ. بۆیە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی لە ئێستاوەڕا ئاسۆیەکی روونیان تێدا بەدی ناکرێ.
#روون_میدیا

وتاری زیاتر