سەبارەت بە کشانەوەی پەرلەمانتاران!

لە لایەن دڵشاد ئەنوەر15/10/2022

پەرلەمان لە بری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی چارەسەر کردنی کێشەکان و چاودێریکردنی کەم و کوڕیەکان، ڕێک بووەتە گۆڕەپانی موزایەدە.
بەداخەوە! کێ زۆر بقیڕێنێ و بقیژێنێ، ئەوە بەتەڵە، لە کاتێکدا قیڕاندن و قیژاندن پێوەر نییە، پێوەر ئەوەیە، کێ پرۆژەی نایاسایی لە ڕێگەی چاودێریکردنەوە ڕاگرتووە، پێوەر ئەوەیە کێ پرۆژەی بۆ خزمەتکردنی خەڵک زۆر پێشکەشکردووە.
لەم ڕۆژانەدا و بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە، پرسی کشانەوە و جێهێشتنی پەرلەمان کراوەتە موزایەدە، خەریکە موزایەدە دەگاتە ئاستێک، ئەو چەند پەرلەمانتارە دەنگ بڵندەش ناچار بە کشانەوە دەکرێن، چونکە موزایەدە بووەتە تارماییەک و باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە.
چەند دڵسۆز بیت، چەند ئیش و کارەکانت بە جوانی بەڕێوەبەری، موزایەدەچی نەبیت، دەبێ خۆت بۆ جنێو ئامادە بکەی، بە پێچەوانەشەوە، لە هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان ئامادە نەبی، دووجار بقیڕێنی، بەتەڵی!
* لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا، کاتێک لەسەر پێدانی ٤٩ ملیۆن دینار بە پەرلەمانتاران بووە هەڵا، پەرلەمانتارێکی دەست لەکار کێشاوەی گۆڕان ژیانی بۆ نەهێشتبووم، شەو و ڕۆژ تێلی دەکرد، دەیگوت؛ حەق نییە، بێدەنگ بن، ئەو پارە هی خەڵکە…
دواتر تەحقیقم کرد، دیم کاکی پەرلەمانتار کاتێک دەستی لە کارکێشاوەتەوە، خۆی ٤٩ ملیۆن دینارەکەی ناوەتە تەنکەی گیرفانی و کيشەی شەخسی هەیە، کاتێک پێموت، خێرا هەموو پەیوەندیەکی بچڕاند.
* لەم ڕۆژانەدا، کاتێک بە نایاسایی و لەبەر خاتری رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی، تەمەنی پەرلەمان درێژ کرایەوە، هەندێک پەرلەمانتاری خانەنیشین دەستخۆشی لە کشانەوەی فراکسیۆنە کشاوەوەکان دەکەن، سەیر ئەوەیە، لەسەردەمی پەرلەمانتارێتی خۆشیاندا، سێ بۆ چوار مانگ تەمەنی پەرلەمان درێژ کراوە، ئەی کاکی دەستخۆشیکار، ئەوکات بۆ خۆی نەکشایەوە؟
* فراکسیۆنی یەکگرتوو گوایە بەهۆی درێژکردنەوەی پەرلەمان کشاوەتەوە، ئەی خۆ لە خولەکانی پێشووتردا، چەند جارێک پەرلەمان درێژ کرایەوە، ئەی ئەوکات بۆ نەکشانەوە، ئەم لەقتە و شوێن موزایەدە کەوتن، لە کاری یەکگرتوو نەدەچوو..
* بانگەشەی کشانەوە لە پەرلەمان، کە هێشتا دیار نییە کەی هەڵبژاردنی داهاتوو ئەنجام دەدرێ، نابێت کار بکاتە سەر پەرلەمانتارە دەنگ بڵندەکانی ناو پەرلەمان، نابێت سەنگەرەکە لە ژێر کاریگەری موزایەدە جيبهێڵن، دەبێت تا دوا ساتەکان شەڕی خەڵک و ئاشکراکردنی دزییەکان بکەن، چونکە کشانەوە، یانی دووبارە کردنەوەی سیناریۆکەی سەدر و جێهێشتنی ساحەکە بۆ ئەوانیتر..
ئینجا درۆیەکی تر، هەموو ئەوانەی دەست لەکاردەکێشنەوە تەقاعود دەبن، وەجبەیەکی تر دێتە جیگەیان، واتە دووقات لەسەر بودجەی گشتی دەکەوێ!
تکایە، نەفسیەتی میللەت ماندووە، لە بری درۆ و موزایەدە، هەنگاوێکی باش بنێن، گشتمان مانوو بووین.

وتاری زیاتر