شەقامی گەمارۆدراو، کۆڵانی خنکاو، ئاسمانێکی پڕ لە بارگرانی، بێدەنگییەکی بارگاوی، هەناسەی قەتیسماو، دڵی ترساو و چاوەڕوانییەکی قورس.
لە غەززە، چیتر مردن ڕووداوێکی لەناکاو نییە کە ڕیتمی ژیان ببڕێت، بەڵکو بووەتە ڕیتمێکی هاوتەریبی ژیان؛ شانبەشانی ڕزگاربووان هەنگاو دەنێت و دزە دەکاتە ناو ئەو ڕێڕەوانەی کە بڕیار بوو بەرەو ڕزگاربوون ببەن. لێرە، کە جوگرافیا لەژێر قورسایی جەنگدا بچووک بووەتەوە، چیتر هاووڵاتیی سڤیل بوارێکی فراوانی بۆ خۆدەربازکردن نەماوە، هیچ شوێنێکیش پارێزبەندی نییە لەوەی ببێتە گۆڕەپانێکی نوێ بۆ تاقیکردنەوەی مانەوە.
لە دەوروبەری نەخۆشخانەی ناسر، کات وەک شوێنەکانی تر تێناپەڕێت. شەقامەکان وریایی خۆیان هەیە، بێدەنگی مانای خۆی هەیە، ئەو هەنگاوەشی کە شەقامەکە دەبڕێت، واتایەکی هەیە کە لە مەودای ڕێگاکە گەورەترە. هەر ئەوەندە بەسە نیشانەکان زۆر بن و ڕیتمی جووڵە بگۆڕێت، تا هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەکە ببێتە ئەگەرێک کە لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا نیشتەجێ بێت.
قەرەوێڵەی پڕ، ڕێڕەوی قەرەباڵغ، ئامێری ماندوو، ڕووخساری زەرد هەڵگەڕاو و دەستی لەرزۆک. دەوروبەری نەخۆشخانەکە دەبێتە ڕووبەرێکی هەڵواسراو لە نێوان دوو ئەگەردا: یان شوێنەکە بە کراوەیی بۆ برینداران بمێنێتەوە، یان لۆژیکی جەنگ دزەی تێبکات. لە نێوان ئەم دوو ئەگەرەشدا، نەخۆش و پزیشک و خێزانەکان بەدوای ڕزگاربووندا دەگەڕێن لە شوێنێکدا کە ئەرکی ڕزگارکردنی ژیانە، نەک چاوەڕێکردنی چارەنووسی.
چیتر ناسر تەنها باڵەخانەیەکی پزیشکی نییە لەسەر نەخشەی جەنگ، بەڵکو بووەتە بەشێک لەو جوگرافیا مرۆییەی کە جەنگ تێیدا سنوورەکانی پاراستن تاقی دەکاتەوە. چونکە کاتێک گەیشتن پێی پڕ دەبێت لە ترس، مەترسییەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو ڕێگایانەی بەرەو نەخۆشخانەکە دەچن، بۆ ئەمبوڵانسەکان، بۆ ئەو نەخۆشانەی ڕەنگە دوودڵ بن لە داواکردنی چارەسەر، و بۆ ئەو پزیشکانەشی کە لەناو کەمبوونەوەی هەستی ئارامیدا بەردەوامن لە کارەکانیان.
لە ٢٦ی ئەیلوولدا، سەرچاوە ئەمنییەکانی غەززە باسیان لە پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تێکدەرانە کرد کە بە پاڵپشتیی هەواڵگری و ئاسمانی کۆمەڵگە پزیشکییەکەی کردبووە ئامانج. ئەمە گێڕانەوەیەکە لەلایەن دەزگایەکی ئەمنیی غەززەوە بڵاوکراوەتەوە و نەتوانراوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی، قەبارەی ئەو ترسانە نیشان دەدات کە لە گەیشتنی مەترسی بۆ نەخۆشخانەکە هەیە.
لێرەدا، جوگرافیای سەربازی و جوگرافیای مرۆیی پێکدادەدەن؛ یەکەمیان شوێنەکە وەک پێگەیەک دەبینێت، لە کاتێکدا دووەمیان وەک پەناگەیەک بۆ بریندار و نەخۆش و کۆرپە تازەلەدایکبووەکان دەیبینێت. لە نێوان ئەم دوو تێڕوانینەدا، ناسر لەژێر فشارێکی زۆردا وەستاوە، لە ناوەڕاستی هۆشدارییەکاندا سەبارەت بە وەستانی خزمەتگوزارییەکانی شۆردنی گورچیلە و کەمیی قەرەوێڵەی شووشەی منداڵان (حازینە).
چونکە جەستە دان بە ئاگربەستی سیاسیدا نانێت؛ کاتی سەربازی دەتوانرێت ڕێکبخرێتەوە، بەڵام کاتی بایۆلۆجی چاوەڕێی کەس ناکات. نەخۆشی گورچیلە ناتوانێت چارەسەرەکەی دوابخات، منداڵی ناو حازینەش لە مانای گۆڕینی شوێن تێناگات. لەبەرئەوە، هەڕەشەکردن لە نەخۆشخانە تەنها بە مانای خستنە مەترسیی باڵەخانەیەک نایەت، بەڵکو هەڕەشەیە لە مەرجەکانی ژیان، هەر لە کارەبا و ئاو و سووتەمەنی و دەرمانەوە، تا دەگاتە توانای گەیشتنی ئەمبوڵانس.
لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە کە هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانە مەرج نییە بە چوونە ژوورەوە لە دەروازەکەوە دەست پێبکات؛ بەڵکو ڕەنگە ئەو کاتە دەست پێبکات کە ڕێگاکان نائارام دەبن، توانای جووڵەی تیمەکان پاشەکشە دەکات، و نەخۆش دوودڵ دەبێت لە گەیشتن پێی. ئەو کاتە ڕەنگە باڵەخانەکە بە پێوە مابێتەوە، بەڵام ئەرکە پزیشکییەکەی وردەوردە دادەڕزێت. ئەمەش شاراوەترین شێوەی گەمارۆدانە: مەترسی ببێتە ئەگەرێکی هەمیشەیی کە ڕووبەری ڕزگاربوون تەسک دەکاتەوە، بێ ئەوەی پێویست بە داخستنی دەرگاکان بکات.
لە دڵی ئەم هاوکێشەیەدا، تیمی پزیشکی لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی سەختدا وەستاون: پاراستنی نەخۆشەکان و بەردەوامبوون لە کارکردن، بێ بوونی گەرەنتیی پێویست بۆ بەردەوامیی ئێشکگری یان گەیشتنی پێداویستییەکان. لێرەدا پزیشکی دەبێتە کردەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەمان، و هەوڵێک بۆ هێشتنەوەی ئەگەری ژیان لە شوێنێکدا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەرجەکانی ژیانی تێدا کەم دەبێتەوە.
ئەو ترسانەی دەوری ناسریان داوە، دانەبڕاون لە چوارچێوەیەکی فراوانتری ئەو هەڕەشانەی کە دامەزراوە پزیشکییەکانیان لە خاکی فەڵەستیندا کردووەتە ئامانج. لە مانگی ئەیلوولدا، بەپێی ئاژانسی «وەفا»، هەڵکوترایە سەر نەخۆشخانەیەکی پسپۆڕی لە ڕامەڵڵا و بریندارێک دەستگیر کرا. بەڵام غەززە ڕووبەڕووی قەیرانێکی زیادە دەبێتەوە، کە بریتییە لە شەکەتبوونی سیستەمە تەندروستییەکەی بەهۆی پوکانەوەی بەردەوام و زیادبوونی پێداویستییەکانەوە.
لە کۆتاییدا، چیتر وێرانکاری بە ژمارەی باڵەخانە ڕووخاوەکان ناپێورێت، بەڵکو بە بڕی داڕزانی ئەو بەها و مانایانە دەپێورێت کە مرۆڤ دەپارێزن. کاتێک ترس دەگاتە بەردەرگای نەخۆشخانە، چیتر مەسەلەکە تەنها باڵەخانە و ڕێڕەوێک نییە، بەڵکو تەسکبوونەوەی ئەو ڕووبەرەیە کە مرۆڤ تێیدا مافی ئەوەی هەیە لاواز بێت، بێ ئەوەی لەسەری سزا بدرێت.
نەخۆشخانەی ناسر وێنەیەکی چڕکراوەی غەززەیە لە نێوان مانەوە و داڕماندا؛ پزیشکانێک کە جەستەکان چاک دەکەنەوە لە کاتێکدا مەرجەکانی ژیان لە دەوروبەریان دادەڕزێت، نەخۆشانێک کە دەستیان گرتووە بە قەرەوێڵەگەلێکەوە کە ڕەنگە ئارام نەبن، و شارێک کە هەوڵ دەدات ئەوەی لە ترپەی دڵی ماوەتەوە بیپارێزێت.
پرسیارەکەش ئەوە نییە: ئایا هەڵکوتانەکە ڕوودەدات؟ بەڵکو ئەوەیە: چی لە ژیان دەمێنێتەوە کاتێک پەناگەکە خۆی لەسەر لێواری نادیار چاوەڕێی چارەنووسی خۆی دەکات؟
ژمارەی خوێندراو : 1 جار