چۆن «تۆفانەکە» سوپای ئیسرائیلی گۆڕی؟

6 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ڕۆمانی «سۆمای مرۆڤایەتی» (The Human Stain)، نووسەری ئەمریکی فیلیپ ڕۆس چیرۆکی «لیستەر فارلی» دەگێڕێتەوە؛ سەربازێکی گەڕاوەی شەڕی ڤێتنام کە دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ، هێشتا بەدەست ئازارەکانی ئەو شەڕەوە دەناڵێنێت کە لە ناخیدا کۆتایی نەهاتووە. لیستەر پێش ڤێتنام گەنجێکی کۆمەڵایەتی و ئارەزوومەندی ژیان بوو، بەڵام دوای شەڕ بووە کەسێکی پڕ لە تووڕەیی و توندوتیژی؛ دەستدرێژیکارێک کە ئازاری نزیکترین کەسەکانی دەدا و توانای بونیادنانەوەی ژیانی پێشووی نەمابوو، وەک ئەوەی یەکێک بێت لە کوژراوانی ئەو شەڕە و تەنیا خۆی ئاگاداری مردنی خۆی نەبێت. ڕۆس ته‌واوی ڕێڕەوی ژیانی لیستەری لەسەر یەک پارادۆکس بونیاد نابوو: کاتێک ئەو شەڕەی لە دەرەوە دەیکرد کۆتایی هات، پێویستیی دەروونیی ئەو بۆ شەڕ کۆتایی نەهات. کاتێکیش هیچ مەیدانێکی جەنگی نەدۆزیەوە بۆی بگەڕێتەوە، مەیدانێکی دیکەی لەناو جیهانی تایبەتی خۆیدا دروست کرد و شەڕەکەی گواستەوە بۆ ناو نیشتمان.
ڕێک ئەم بیرۆکەیە، مێژوونووسی ئەمریکی «کاتلین بێلۆ» لە کتێبەکەیدا «شەڕەکە بهێننەوە بۆ نیشتمان» (Bring the War Home) دوای نزیکەی دوو دەیە لە دەرچوونی ڕۆمانەکە کاری لەسەر کرد، تا بسەلمێنێت ئەوەی ڕۆس نووسیویەتی تەنیا خەیاڵێکی ڕووت نەبووە. بێلۆ ئاماژە بەوە دەکات چۆن بەشێک لە سەربازانی ڤێتنام گەڕانەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەکاتێکدا ئەزموونی جەنگ، هەستی شکست و خیانەت، لەگەڵ تۆڕ و عەقڵییەتێک کە لە شەڕدا شێوەی گرتبوو لەگەڵ خۆیاندا هێنایانەوە. هەروەها چۆن بەشێکیان بوونە بەشێک لە بزووتنەوەی «هێزی سپی» (White Power) و میلیشیا چەکدارەکان کە زمان و ڕێکخستنی جەنگیان گواستەوە بۆ ناوخۆی ئەمریکا. تیۆرییەکەی بێلۆ لەسەر ئەوە بونیاد نراوە کە شەڕ هەمیشە ناکرێت لە کات و شوێنی خۆیدا زیندانی بکرێت؛ ڕەنگە بە فەرمی لە دەرەوە کۆتایی بێت، بەڵام شوێنەوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و توندوتیژەکانی لەناو ئەو کۆمەڵگەیەی شەڕەکەی کردووە بەردەوام دەبن.
لە ڕاستیدا، بەشێک لە بزووتنەوەی «هێزی سپی» لە هەشتاکاندا، لە توندوتیژیی ڕەگەزپەرستانەوە گۆڕران بۆ دیدگایەکی شۆڕشگێڕانە کە جەنگی دژی حکومەتی فیدراڵی ڕاگەیاند و پشتی بە شانەی چەکداری سەربەخۆ بەست. توندوتیژی تەنیا ڕووی لە دەوڵەت نەبوو، بەڵکو زوو گەیشتە دژبەران و مەدەنییەکان، و پلانی تەقاندنەوەی دامەزراوەکان و ژەهراویکردنی سەرچاوەکانی ئاو سەریان هەڵدا، تا ئەم ڕێڕەوە لە تەقینەوەکەی شاری ئۆکلاهۆما لە ساڵی ١٩٩٥دا گەیشتە لووتکە، کە بووە هۆی کوژرانی ١٦٨ کەس لە نێویاندا ١٩ منداڵ. بەم شێوەیە، گەڕان بەدوای هەژموون لە دەرەوە کۆتایی هات بە گۆڕینی کۆمەڵگە خۆی بۆ مەیدانی جەنگ؛ ئەمەش مانایەکی ڕوونتر دەدات بە بیرۆکەکەی بێلۆ: کاتێک شەڕ دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، هەمیشە بە جۆرێک ناگەڕێتەوە کە بزانێت دوژمن لە کوێ کۆتایی دێت و دۆست لە کوێ دەست پێدەکات.
زیاتر لە ١٣ هەزار کیلومەتر نیویۆرک لە هانۆی جیا دەکاتەوە. بەڵام ئەم دوورییە ڕێگری لە گواستنەوەی ئەزموونی شەڕ بۆ ناوخۆی ئەمریکا نەکرد. کەواتە چی ڕوودەدات کاتێک شەڕ لەسەر سنوورەکانی خودی کۆمەڵگەکە ڕوودەدات، و کاتێک ڕۆڵەکانی بەبەردەوامی لەنێوان ژیانی مەدەنی و خزمەتی سەربازی هاتووچۆ دەکەن؟ بە جیاوازیی بارودۆخەکە، ئەم پرسیارە تایبەتمەندییەکی هەیە لە ئیسرائیل، کە تێیدا سەربازانی یەدەگ لە زانکۆ، کارگە و نوسینگەی کارکردنەوە بانگهێشت دەکرێن و دوای شەڕ دەگەڕێنەوە بۆ هەمان شوێن. کۆمەڵگە لەم شوێنەدا ئەندامان، بیرۆکە و دابەشبوونی خۆی دەداتە سوپا، لەکاتێکدا شەڕ ئەزموون و تێڕوانینی ئەم کەسانە دووبارە داهێنانەوە بۆ دەکات، تا شوێنەوارەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بگەڕێننەوە بۆ ئەو دامەزراوە و پەیوەندییانەی لێیانەوە هاتبوون.
لەبەر ئەوە، ئەوەی لەناو سوپای ئیسرائیلدا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەدوای «تۆفانەکە»دا ڕوویدا، دەبێتە پەنجەرەیەک بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە فراوانترەکانی ناو کۆمەڵگەی پشتی. ئاماژەکانی ئەمەش لە پێكهاتەی خودی سوپادا دەرکەوتن؛ داتاکانی «پەیمانگەی ئیسرائیل بۆ دیموکراسی» دەریانخست کە ئاینییە نێرەکانی غەیری حەریدی، کە تەنیا ١٤.٧٪ی دانیشتووانی تەمەن ٢١-٤٤ ساڵ پێکدەهێنن، ڕێژەیان لەنێو سەربازانی یەدەگدا بۆ ٢٧.٤٪ بەرزبووەتەوە لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا، واتە نزیکەی دوو بەرامبەری قەبارەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا، ئەمەش ڕەنگە کاریگەریی جیاواز لەسەر ڕۆشنبیری و ئاڕاستەی ئەم دامەزراوەیە دروست بکات.
شەڕ تەنیا شوێنەوار لەسەر ئەوانە بەجێناهێڵێت کە جەنگیان دژ دەکرێت؛ بەڵکو تەواوی ئەو لایەنەش دادەڕێژێتەوە کە شەڕەکە دەکات. لەم گۆشەیەوە، دوای سێ ساڵ لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، چاودێری دەکەین: سوپای ئیسرائیل چۆن گۆڕا؟ ئەم شەڕەی بە گەورەترین شکستی ئەمنی لە مێژووی هاوچەرخیدا دەستی پێکرد، چ سوپایەکی بەرهەمهێنا؟ و ئەم سوپایە دوای ساڵانێک لە شەڕ چی لەگەڵ خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەکەی؟
شکستهێنان لە تێگەیشتن
لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، واتە دوو ساڵ دوای «تۆفانی ئەقسا»، ڕۆژنامەی «جێروزالم پۆست»ی ئیسرائیلی شیکارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا سنووری کەرتی غەززەی وەک یەکێک لە پارێزراوترین سنوورەکانی جیهان لە ڕووی تەکنەلۆجییەوە وەسف کرد، پێش ئەوەی حەماس سەركەوتوو بێت لە بڕینی و سستیی سیستەمەکە دەربخات. بەڵام شیکارییەکە کێشەکەی نەبەستەوە بە شکستی تەکنەلۆجیا خۆیەوە، بەڵکو کێشەکەی خستە سەر پشتبەستنی زۆر بە تەکنەلۆجیا، ئەو گریمانانەی ڕێنمایی بەکارهێنانیان دەکرد، و پاشەکشەی ڕۆڵی مرۆڤ بۆ پلەی دووەم لە دوای سیستەمە ئۆتۆماتیکییەکان. شیکارییەکە لە زاری ئەفسەرێکی پلەبەرزی ئیسرائیلییەوە کورتەی ئەم بیرۆکەیەی هێناوەتەوە: «تەکنەلۆجیا چەندە فراوان بێت، ناتوانرێت دەستبەرداری زانیاری و ئەزموونی سەربازەکان بێت».
لە هەمان ئاڕاستەدا، دوای نزیکەی مانگێک، سوپای ئیسرائیل پوختەی کاری تیمێکی شارەزایانی بڵاوکردەوە کە سەرۆکی ئەرکان ڕاسپاردبوون بۆ پێداچوونەوەی لێکۆڵینەوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر. دوای پشکنینی ٢٥ لێکۆڵینەوەی سەربازی و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ نزیکەی ٨٠ بەرپرس و ئەفسەر کە پەیوەندییان بە ڕووداوەکان یان ساڵانی پێشووترەوە هەبوو، تیمەکە ڕووداوەکەیان نەگەڕاندەوە بۆ تێکچوونی تەکنیکی یاخود هەڵەیەکی هەواڵگریی بڕاوە، بەڵکو شش ئاستیان لە شکست دەستنیشان کرد کە لەناو سوپادا لە ماوەی ساڵانێکدا کەڵەکە ببوون.
لە پێشەنگی ئەم ئاستانەدا، شکستی تێڕوانین و وێنەگرتن دێت؛ ئەو وێنەیەی سوپا بۆ غەززە و حەماسی دروستکردبوو، لەگەڵ واقیعی سەر زەوی نەی دەخوێندەوە. بە زمانی سادەتر، تواناکانی ڕکابەرەکە گەشەی کردبوو لەکاتێکدا سوپا هێشتا بە دیدی گریمانە کۆنەکان سەیر دەكرد کە قەبارەی مەترسییەکەیان کەمدەکردەوە. هەروەها لێکۆڵینەوەکە کەێنەیەکی ئاشکرا کرد لەنێوان قەبارەی ئەو مەترسییەی سوپا بە تیۆری ئامادەکاری بۆ دەکرد، لەگەڵ ئەو هێز، پلان و ئاستی ئامادەییەی بە کردار لەسەر زەوی هەبوو.
بەشێک لە سیناریۆ مەترسیدارەکان زانراو بوون، بەڵام قەبارەی هێزەکان، ئاستی ئامادەیی و پلانە کردارییەکان بەڕادەی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان دانەنرابوون. ئەم کەموکوڕییە تا کاتژمێرەکانی کۆتایی پێش هێرشەکە بەردەوام بوو، کاتێک سوپا نەیتوانی وێنەیەکی ته‌واوی ڕەوشەکە دروست بکات و بڕیار بدات و هێزەکان لەسەر ئەو بنەمایە بجوڵێنێت. سەرەڕای کەڵەکەبوونی ئاماژە و زانیاریی ناوازە لە شەوی ٧ی ئۆکتۆبەردا، تێڕوانینێکی ڕوون بۆ ئەوەی ڕکابەرەکە دەیکات دروست نەبوو، ئاستی ئاگادارکردنەوە بەرز نەکرایەوە، و هیچ هەنگاوێکی گەورە بۆ جوڵاندنی هێزەکانی هێڵی پێشەوە یان یەدەگ لە کاتژمێرە یەکلاکەرەوەکانی پێش هێرشەکە نەنرا.
«ئەو وێنەیەی سوپای ئیسرائیل بۆ غەززە و حەماسی دروستکردبوو، لەگەڵ واقیعی سەر زەوی نەی دەخوێندەوە»

لەوانەیە ڕوونترین نموونە لەسەر ئەم کەموکوڕییە، مامەڵەکردن بووبێت لەگەڵ پلانی «دیواری ئەریها» (Jericho Wall)؛ کە ناوی کۆد بوو بۆ بەڵگەنامەیەکی نزیکەی ٤٠ لاپەڕەیی کە هەواڵگریی ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێک پێش تۆفانەکە دەستی کەوتبوو. بەڵگەنامەکە پلانێکی وردی هێرشێکی فراوانی لە غەززەوە لەخۆگرتبوو، لەوانە هەڵدانی مووشەک، پەکخستنی سیستەمی چاودێری لەسەر سنوور بە درۆن، بڕینی پەرژینەکە، و پاشان هێرشکردنە سەر شارۆچکە و سەربازگەکانی ئیسرائیل. سەرەڕای ئەوەی پلانەکە کاتی هێرشەکەی دیاری نەکردبوو، بەڵام زانیارییەکانی نەبوونە بنەما بۆ پێداچوونەوە بە ئامادەکارییە سەربازییەکاندا، دوای ئەوەی ئەو خەمڵاندنە زاڵ بوو کە حەماس توانای جێبەجێکردنی کردەوەیەکی لەم قەبارەیەی نییە.
لەمەوە تێدەگەین کە کێشەکە لە نەبوونی زانیاریدا نەبوو، بەقەد ئەوەی لە توانای شیکردنەوە و کارکردن لەسەر بنەمای زانیارییەکاندا بوو. خودی سوپا دواتر دانی بەوەدا نا کە ئەوەی چاودێرانی سنوور لە ماوەی مانگەکانی پێشوو کۆیان کردبۆوە، ئاماژەی تێدابوو بۆ جوڵەی نائاسایی، و شیکارییەکی هەواڵگریی باشتر دەیتوانی ئاشکرای بکات کە دۆخی کەرتەکە لە گۆڕاندایە. بەم شێوەیە، وانەی ٧ی ئۆکتۆبەر ئەوە نەبوو کە ئیسرائیل بە سادەیی پێویستی بە کامێرای زیاتر یان خوارزمیی پێشکەوتووتر هەیە. هەبوونی ئامرازی بینین گەرەنتی بینینی دروست ناکات، چ بگا بە توانای تێگەیشتن؛ هەروەها دەزگایەکی ئەمنی کە لە ڕووی تەکنەلۆجییەوە زۆر پێشکەوتووە، دەکرێت لە خوێندنەوەی مەترسیدا بپووکێتەوە کاتێک گریمانە پێشووەکانی لەو بەڵگانە بەهێزتر بن کە تەکنەلۆجیاکەی پێی دەگات.
گەڕاندنەوەی بڕوا بە ڕۆڵی مرۆڤ
ئەم وانانە تا ڕادەیەکی گەورە لەوەدا ڕەنگەیانداوەتەوە کە دەکرێت بە گەڕاندنەوەی ڕێز و بڕوا بۆ ڕۆڵی مرۆڤ وەسف بکرێت، دوای ئەوەی سەنگەکەی لە بەرامبەر تەکنەلۆجیا و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەدا پاشەکشەی کردبوو. ئەمەش سەرەتا لە مەشق و ئامادەیی مەیدانیدا دەرکەوت؛ سوپای داگیرکەر هاوشێوەکردنی سیناریۆکانی بەرگری، شەڕی لەپڕ، بانگهێشتکردنی یەدەگ، و کۆکردنەوەی هێزەکانی لە نەمانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەدا چڕتر کردەوە.
تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، سوپای ئیسرائیل ١٧ مەشقی ئەنجامدا کە نزیکەی ٤٥ هەزار سەربازی یەدەگ تێیدا بەشداربوون، لەنێویاندا ٩ مەشق لەسەر شەڕی لەپڕ لەسەر سنوورەکان و مەشقێکی بەرگری کە یەکەم لە جۆری خۆی بوو لە ماوەی نزیکەی بیست ساڵدا. لە سێپتەمبەری ٢٠٢٦دا، تاقیکردنەوەکە فراوانتر کرا تا زۆربەی سیستەمی فەرماندەیی بگرێتەوە لە مەشقێکی لەپڕدا کە هاوشێوەی بڕینی زەمینی، ئاسمانی، دەریایی، کردەوەکانی ڕفاندن و هێرشی فرە بەرەی کردبووەوە. سوپا بە ئەنقەست خرایە بەردەم ئەو سیناریۆیەی کە بەیانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا شکستی هێنابوو، واتە شەڕکردن لە ساتەکانی یەکەمەوە بێ ئەوەی گریمانەی ئەوە بكرێت ئاگادارکردنەوە کاتی ئامادەکاریی پێدەدات.
بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ، هەمان گۆڕانکاری لە گەڕاندنەوەی گرنگی بۆ هێزی سەربازیی تەقلیدی دەرکەوت؛ سەرۆکی ئەرکان «ئەیال زامیر» ژمارەیەکی زیاتری تانکی گەڕاندەوە بۆ فەرماندەیی باشوور و هێزە بڵاوکراوەکانی سەر سنووری زیاد کرد، وەک پێداچوونەوەیەکی بەشەکی بۆ ڕێڕەوێک کە دەیان ساڵی خایاندبوو بەرەو سوپایەکی «بچووکتر و ژیرتر»، کە زیاتر لەسەر باڵادەستیی تەکنەلۆجی و هەواڵگری بونیاد نەرابوو لەبری هێشتنەوەی هێزێکی گەورەی زەمینی.
ئەمەش لەسەر ئاستی هەواڵگری—کە کێشەکەی تێیدا ئاشکراتر بوو، چونکە پێداچوونەوەکانی دوای هێرشەکە ڕەخنەیان لە کەمیی هەواڵگریی مرۆیی و مەیدانی دەگرت لە بەرامبەر پشتبەستنی فراوان بە سایبەر، گوێگرتن و هۆکارەکانی کۆکردنەوەی تەکنەلۆجی—ئیسرائیل دووبارە چالاکییەکانی یەکەی ٥٠٤ی تایبەت بە هەواڵگریی مرۆیی لەناو غەززە فراوان کردەوە. ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢وە تۆڕە مرۆییەکانی لەوێ ڕاگرتبوو و بەشێکی گەورەی ئەم بوارەی بۆ دەزگای «شاباک» جێهێشتبوو. دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، یەکە کۆنەکە ناوەندێکی تایبەتی بۆ غەززە دروستکردەوە، قەبارەکەی دووبارە ڕێژەکەی دوو بەرامبەر کرد، و کردەوەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی مرۆیی و لێکۆڵینەوەی مەیدانی فراوان کرد. لە قۆناغێکی دواتردا هەواڵگریی ئیسرائیل دەستیکرد بە زیاتکردنی ژمارەی پسپۆڕانی زمانی عەرەبی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی فەلەستینی، دوای ئەوەی ئامادەییان کەمبووبۆوە لەگەڵ سەرهەڵدانی بوارەکانی سایبەر، داتا و ژیریی دەستکرد.
«گۆڕانکارییە ئامادەکراوەکە لە ناوەرۆکدا، هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگیی پەیوەندی نێوان تەکنەلۆجیا و مرۆڤ»

ئەم پێداچوونەوانە بە هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەرکێکی مرۆیی قورستر لە پێوانەکردندا تەواو دەبن، کە ئەویش بڕیاردانی پیشەیی تواناداره‌ لەسەر گومانکردن و ڕەخنەگرتن. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، زامیر لەبەردەم بەشی توێژینەوە لە هەواڵگریدا جەختی لەسەر پیشەییبوون، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و فرەیی ئاراکان کردەوە، و ئەفسەرانی هەواڵگریی خستە ژێر بەرپرسیارێتیی ڕووبەڕووبوونەوەی نەریت و گریمانە باوەکان. لەمەوە، گۆڕانکارییە ئامادەکراوەکە لە ناوەرۆکدا، هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگیی پەیوەندی نێوان تەکنەلۆجیا و مرۆڤ، بە جۆرێک ئامێرەکە وەک ئامرازێک بمێنێتەوە کە توانای سوپا بۆ بینین فراوان دەکات، بێ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی ئەزموونی مەیدانی، زمان، ناسینی ڕکابەر و توانای مرۆیی.
ترس و تەکنەلۆجیا.. خولگەیەکی بەخێوکەری خۆیی
سەرەڕای ئەوەش، ڕاپۆرتی «جێروزالم پۆست» کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥ بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە کەرتی تەکنەلۆجیای بەرگری دوای هێرشەکە گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک ژمارەی کۆمپانیا تازەپێگەیشتووەکانی پەیوەست بە بەرگری نزیکەی دوو بەرامبەر بووەوە (لە نزیکەی ١٦٠ەوە بۆ ٣١٢ کۆمپانیا). دامەزرێنەرانی زۆرێک لەم کۆمپانیایانە سەربازانی یەدەگ و کارمەندانی کەرتی تەکنەلۆجیا بوون کە لە مەیدانەکانی شەڕەوە گەڕابوونەوە بە ئەزموونی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو کەێنەیانەی ڕووبەڕوویان ببووەوە. بەم شێوەیە، ئەو ڕووداوەی سنوورداربوونی پشتبەستن بە تەکنەلۆجیای ئاشکرا کرد، لە هەمان کاتدا بووە پاڵنەرێک بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری تەکنەلۆجیا؛ ئەمەش واتە ئیسرائیل پاشەکشەی لە گرەوی تەکنەلۆجیی خۆی نەکردووە، بەڵکو دوو بەرامبەری کردووەتەوە. لێرەدا پرسیارەکە دەمێنێتەوە: ئایا تەکنەلۆجیای زیاتر توانای ڕێگریکردنی لە تووشبوون بە سەرسوڕمانێکی نوێ هەیە، یاخود ڕەنگە هەمان هەڵە لە شێوازێکی پێشکەوتووتردا بەرهەم بهێنێتەوە؟
سەرنجڕاکێشە کە شیکارییەکەی «جێروزالم» خۆی لە سەرەتاوە هەوڵدەدات جیاکاری بکات لەنێوان شکستی سیستەمەکە و شکستی تەکنەلۆجیا خۆیدا، کە کێشەکە دەخاتە سەر شێوازی بەکارهێنان و گریمانەکانی دەوروبەری، زیاتر لەوەی خودی گرەوە تەکنەلۆجییەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم نەغەمەیەش دەگونجێت لەگەڵ ئەو پێگە قووڵەی تەکنەلۆجیا لە تێڕوانینی ئەمنیی دەوڵەتدا هەیەتی.
لە دەیان ساڵی ڕابردووەوە، بیروباوەڕی ئەمنیی ئیسرائیل لەسەر هەوڵی قەرەبووکردنەوەی ئاستەنگە نەگۆڕەکان بونیاد نراوە؛ لە تەنگیی ڕووبەر و نەبوونی قووڵایی ستراتیجییەوە، تا نادەستکەوتوویی دانیشتووان و سەرچاوەکان لەگەڵ دەوروبەریدا، سەرەڕای پێویستیی ڕێگریکردن لە درێژبوونەوەی شەڕ بۆ ناوخۆ. لەمەشەوە چەمکی «باڵادەستیی جۆریی» (Qualitative Edge) کە لەسەر جۆریی چەک بونیاد نراوە، پێگەی خۆی وەک هۆکارێک بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی قەبارە و قووڵایی وەرگرت. بەم شێوەیە ئیسرائیل مامەڵەی لەگەڵ تەکنەلۆجیادا کرد وەک یەکێک لە مەرجەکانی مانەوە کە ژینگەی ستراتیجی بەسەریدا دەسەپێنێت، نەەک وەک هەڵبژاردەیەک کە بە ئاسانی دەستبەرداری بێت.
کاریگەریی ئەم لۆژیکە عەقڵانییە بەهۆی هۆکارێکی دیکەی کەمتر عەقڵانییەوە زۆربوو، کە ئەویش ترسە. زانای دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی ئیسرائیلی «دانیال بار-تاڵ» وەسفی کردووە چۆن ململانێی درێژخایەن دەتوانێت ترس لە پەرچەکردارێکی کاتییەوە بگوێزێتەوە بۆ ئاڕاستەیەکی سۆزداریی کۆمەڵایەتی کە دیدی کۆمەڵگە بۆ جیهان دووبارە دادەڕێژێتەوە، و هەستیاریی بۆ مەترسی و ئامادەییی بۆ ڕێکارە پێشوەختەکان زیاتر دەکات. لە کۆمەڵگەیەکدا کە سەیر لە شکستی ئەمنی دەکات وەک بابەتی ژیان یان مرگ، ئەو بەڵێنەی تەکنەلۆجیا دەیدات بۆ بینینی پێشوەختە، پێشبینیکردن و کۆنتڕۆڵکردن، جێی سەرنجتر دەبێت.
لێرەدا مەترسیی ئەوەی ئەدەبیاتی ئەمنی پێی دەڵێت «تەکنۆلۆجیزم» (Technological Solutionism) دەردەکەوێت، واتە ئارەزووی گۆڕینی کێشە سیاسی و ئەمنییە ئاڵۆزەکان بۆ بابەتێک کە دەکرێت چارەسەر بكرێن کاتێک داتای زیاتر، خوارزمیی وردتر و ئامرازی چاودێریی باشتر بەردەست بن. لەو کاتەدا پرسیار لەسەر هۆکارەکانی مەترسی و چۆنێتی گەشەکردنی تواناکان و مەبەستەکانی ڕکابەر پاشەکشە دەکات، بۆ بەرژەوەندیی پرسیارێکی ئاسانتر لەسەر چۆنێتی چاودێریکردنی بە شێوەیەکی گشتگیرتر و دۆزینەوەی جوڵەکانی بە خێراییەکی زیاتر. بەمەش ڕکابەرەکە بە هێواشی کورت دەکرێتەوە بۆ ڕەفتار و ئاماژەی قابیلی تۆمارکردن، لەکاتێکدا گرنگیدان بەوەی چی دەکات لە دەرەوەی ئەو مۆدێلانەی ئامرازەکان بۆ گرتنی دیزاین کراون کەم دەبێتەوە.
بەم شێوەیە، خولگەیەکی بەخێوکەری خۆیی دروست دەبێت. تەکنەلۆجیا هەستی کۆنتڕۆڵکردن دەبەخشێت چونکە ئەوەی دەکرێت ببێنرێت و بپێورێت فراوان دەکات، بەڵام هەر شکستێکی نوێ ترسی گەورەتر بەرهەم دەهێنێت، ترسەکەش بە نۆرەی خۆی داواکاری بۆ چاودێری و پێشبینیکردنی زیاتر بەرز دەکاتەوە، تا خودی شکستەکە دەبێتە بەڵگە بۆ پێشخستنی سیستەمێکی نوێتر و بەتواناتر لەبری خستنە ژێر پرسیاری هەڵسەنگاندنی گرەوە تەکنەلۆجییەکە لە بنەڕەتدا. ئەمەش ئەڵقەیەکە کە نزیکە لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو کێشەیەی «تۆفانی ٧ی ئۆکتۆبەر» ئاشکرای کرد، کاتێک زانیاری هەبوو، بەڵام توانای تێگەیشتن لەوەی لە دەرەوەی گریمانە باوەکاندا ڕوودەدات لاوازتر بوو لە توانای کۆکردنەوەیان. لەمەشەوە ئەو پرسیارەی «جێروزالم پۆست» لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا ڕایگەیاندبوو گرنگیی تایبەتی وەردەگرێت: ئایا ئیسرائیل هەمیشە لەسەر هەمان ئاستی ئامادەیی دەمێنێتەوە، یاخود دیسان ئاگاداریی خۆی کەم دەکاتەوە؟
شوێنەوارەکانی ئەم خولگەیە تەنیا لەناو دامەزراوەی سەربازیدا نامێننەوە. توێژینەوەیەکی تازە کە لەسەر بەشداربووان لە ئیسرائیل کراوە دۆزیویەتییەوە کە بەرزبوونەوەی هەستی مەترسیی نەتەوەیی بەستراوەتەوە بە قبووڵکردنی زیاتری ڕێکارەکانی چاودێری؛ ئەمەش واتە ترس دەتوانێت هاوسەنگیی نێوان ئاسایش و تایبەتمەندێتی بەلای ئاسایشدا بشکێنێتەوە. بەم مانایە، شەڕ لە ڕێگەیەکی دیکەوە دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان. تەنیا سەربازەکان لە مەیدانەکانی شەڕەوە ناگەڕێنەوە، بەڵکو کۆمپانیاکان، تەکنەلۆجیا، ئامرازەکانی چاودێری و لۆژیکی ئامادەیی بەردەوام بۆ ڕووداوی لەپڕ لەگەڵیاندا دەگەڕێنەوە، تا بە هێواشی لە بواری سەربازییەوە بۆ شێوازی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر ئاسایشی خۆی، و بۆ ئەوەی ئامادەیە قبووڵی بکات بەناوی پاراستنەوە دزە بكات.
کوشتن بە ڕوویەکی دانەپۆشراوەوە
پێشدانی ئاسایش بەسەر ئازادیی کەسیدا مانایەکی فراوانتری هەیە. ئەگەر هەستکردن بە مەترسی توانای ئەوەی هەبێت دانانی سنوور لەسەر تاک قبووڵ بکات کە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە، کەواتە چی بەسەر سنووری ئەو شتانەدا دێت کە بەرامبەر ئەو کۆمەڵەیەی وەک سەرچاوەی مەترسییەکە دەیناسێت قبووڵی دەکات؟
دەکرێت ئاماژەکانی وەڵامەکە لە ڕاپرسییە گشتییەکاندا بخوێنرێتەوە کە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەنجامدراون. لە ڕاپرسییەکدا کە لە تەممووزی ٢٠٢٤دا کراوە، ئیسرائیلییە جولەکەکان تێکڕای ١٤ پلەیان لە ١٠٠ داوەتە فەلەستینییەکان لە پێوەری مرۆڤایەتیدا، لەکاتێکدا ٥١٪ی بەشداربووان پلەی سفریان پێداون.
ئەمەش درێژ دەبێتەوە بۆ ئەو سنوورانەی کۆمەڵگە ئامادەیە زیادی بکات لەسەر بەکارهێنانی هێز. لە ئایاری ٢٠٢٥دا، ٧٦.٥٪ی ئیسرائیلییە جولەکەکان ڕایانگەیاندبوو کە ئازاری مەدەنییە فەلەستینییەکان لە غەززە نابێت ڕەچاو بکرێت لە کاتی پلان دانان بۆ کردەوە سەربازییەکان، یان تەنیا بە ئاستێکی زۆر کەمی ڕەچاو بکرێت. دوای چەند مانگێک، «پەیمانگەی ئیسرائیل بۆ دیموکراسی» دۆزییەوە کە ٦٥٪ی جولەکەکانی ئیسرائیل پێیان وایە پابەندبوون بە بنەمای «پاكیی چەک» کە پێویست دەکات ڕێگری لە کوشتنی ناپێویست و زیانگەیاندن بە بێتاوانەکان بکرێت، ڕێگری لە سوپا دەکات لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی. هەروەها پەیمانگەکە ئاڕاستەیەکی ڕوو لە زیادبوونی بەدی کرد لەنێوان جولەکەکانی ئیسرائیلدا بەرەو ئەو بڕوایەی کە یاسای ئیسرائیلی، نێودەوڵەتی و حەتتا هەندێک ڕێنمایی سوپا نابێت بە توندی جێبەجێ بكرێن لە مامەڵەکردن لەگەڵ فەلەستینییەکاندا.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕۆژنامەی «تایمس ئۆف ئیسرائیل» چاودێری لێشاوێکی بەردەوامی کرد لە سەرەتای شەڕەکەوە بۆ وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان کە سەربازەکان خۆیان بڵاویانکردۆتەوە، کە وێرانکردنی موڵک و ماڵ، تەقەکردن و مامەڵەی سووکایەتیکردن بەرامبەر مەدەنییە فەلەستینییەکان بەڵگەدار دەکەن؛ لەکاتێکدا توێژەرێکی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کرد کە سەربازەکان دەستیانکردووە بە بڵاوکردنەوەی هەندێک لەم بابەتانە بە دەم و چاو و ناسنامەی دیارەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی شەرم لە دەرخستنیان بە ئاشکرا. ڕاپۆرتەکە ئەم دیاردەیەی بەستەوە بە گۆڕانکارییە فراوانترەکان لە نەریت و ڕەفتارەکانی ناو سوپا و کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا، هاوتەریب لەگەڵ پاشەکشەی پشتگیری لە سنووردارکردنە ئەخلاقی و یاساییەکان لەسەر بەکارهێنانی هێز.
پارادۆکسەکە لەوەدایە ئەم پاشەکشەیە لە پشتگیریکردنی هەندێک سنووردارکردن لەسەر هێز، پێویست ناکات بەڕێوەبچێت لەگەڵ داڕمانی وێنەی ئەخلاقیی خۆیی سوپادا. لە ڕاپرسییەکدا کە دوای ساڵێک لە شەڕەکە کرا، ٨٣٪ی جولەکەکانی ئیسرائیل ڕەفتاری ئەخلاقیی سوپایان لە شەڕدا بە باش یان زۆر باش هەڵسەنگاند، لەکاتێکدا «پێوەری دیموکراسیی ئیسرائیلی» تێکڕای ٤.٤٣ خاڵی لە کۆی پێنج خاڵ پێدا لە بڕگەی ڕەفتاری ئەخلاقی لە کاتی شەڕدا. لێرەدا پارادۆکسێکی گرنگ دەردەکەوێت، چونکە کۆمەڵگە دەتوانێت وێنەیەکی ئەرێنی لەسەر ئەخلاقیاتی خۆی بهێڵێتەوە، لەکاتێکدا لە هەمان کاتدا دووبارە سنوورەکان دەکێشێتەوە کە دیاری دەکات کێ پاراستنی ئەخلاقی دەیگرێتەوە، و چی بە بەکارهێنانی ڕەوای هێز هەژمار دەکرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی وەک مەترسییەکی بوونگەرایی دەیناسێت.
بەڵام ئەم وێنە خۆییە لە ئێستادا هیچ پشتگیرییەک لە دەرەوەی ئیسرائیل نادۆزێتەوە. لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٦دا، ناوەندی «پیو» (Pew) دۆزییەوە کە تێڕوانینی نەرێنی بۆ ئیسرائیل بووەتە ئاڕاستەی زاڵ لە زۆربەی ئەو ٣٦ وڵاتەی ڕاپرسییەکەی گرتنیەوە، بە تێکڕای ٦٧٪ لە بەرامبەر تەنیا ٢٥٪ کە هێشتا تێڕوانینی ئەرێنییان هەبوو؛ هەروەها تێڕوانینی نەرێنی لە خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بۆ ٦٠٪ بەرزبووەوە. بەم مانایە، ٧ی ئۆکتۆبەر و شەڕی بەدوایدا هاتوودا تەنیا وێنەی ئەمنیی ئیسرائیلی نەهەژاند، بەڵکو وێنە ئەخلاقییەشی داڕمواند کە سوپای ئیسرائیل ساڵانێک بوو بانگەشەی بۆ دەکرد.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە سەریان هەڵدا، پێویستی بە هێزی مرۆیی گەورەتر بوو کە توانای بەرگەگرتنی شەڕێکی درێژخایەن یان شەڕی فرە بەرەی هەبێت. سوپا کەمیی هێزەکانی بە نزیکەی ١٢ هەزار سەرباز خەمڵاند، لە نێویاندا ٧ هەزار سەربازی شەڕکەر، پێش ئەوەی لە ئایاری ٢٠٢٦دا ئاگاداری بدات لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئەم کورتهێنانە بۆ ١٧ هەزار.
لێرەدا قەیرانی «حەریدییەکان» گەڕایەوە بۆ ناو جەرگەی دامەزراوەی سەربازی. لە ماوەی دەیان ساڵدا، قوتابیانی قوتابخانە ئاینییەکانی حەریدی لە لێخۆشبوونی فراوان بەهرەمەند بوون لە خزمەتی سەربازی، پێش ئەوەی دادگای باڵا لە ئەیلوولی ٢٠٢٤دا بڕیار بدات کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ بەردەوامبوونی لێخۆشبوونی گشتگیر. بەڵام خزمەتی سەربازییان بە بەراورد بە قەبارەی ئەو توێژەی شیاوی خزمەتکردن بوو بە سنوورداری ماندەوە، لە کاتێکدا گوشار لەسەر سەربازانی ئاسایی و یەدەگ زیادی کرد.
بەم شێوەیە، مۆدێلی «سوپای گەل» ڕووبەڕووی دژایەتییەکی ڕوو لە زیادبوو بووەوە لەنێوان فراوانبوونی پێویستی بۆ سەربازان و تەنگیی ئەو بنەمایەی بارگرانیی شەڕەکەی هەڵگرتبوو. لەگەڵ درێژبوونەوەی خزمەت و قووڵبوونەوەی ناکۆکی لەسەر ئەوەی کێ دەجەنگێت و کێ لێی دەبێتە خۆش، دابەشبوونەکانی کۆمەڵگە زیاتر لەناو سوپادا ئامادەییان هەبوو، لەکاتێکدا سوپاش بە نۆرەی خۆی ئەم ناکۆکییانەی گەڕاندەوە بۆ ناو جەرگەی سیاست و کۆمەڵگە. هەبوونی دەرگایەکی خولاوە لەنێوان مەدەنی و سەربازیدا لەسەر ئاستی مرۆیی ڕێگە بەمە دەدات. دوای سێ ساڵ، وادیارە یەکێک لە ئەنجامە ڕوونەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر ئەوە بێت کە مەودای نێوان سوپای ئیسرائیل و کۆمەڵگەکەی بەرتەسکتر بووەتەوە، نەەک بە مانای یەکگرتوویی بەڵکو بە مانای نەرێنی، چونکە هەردووکیان هەڵگری قەیران، گومڕایی، خاڵەکانی لاوازی و سستیی یەكترن.

ژمارەی خوێندراو : 88 جار

هەواڵی زیاتر