پڕۆژەی "ڕەفەحی سەوز" دروستکردنی شارێک لە غەززە دور لە چاوی میدیاکان

6 کاتژمێر پێش ئێستا

پڕۆژەی "ڕەفەحی سەوز"
 دروستکردنی شارێک لە غەززە دور لە چاوی میدیاکان
لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو و بەدوور لە چاوی میدیاکان، قەوارەى زایۆنى  ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە. ئەم هەنگاوە کە ناوی "ڕەفەحی سەوز"ی لێنراوە، لەژێر چاودێری ئەمنی توند و بە هاوکاری هێزە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارێکی نهێنی لە وادەیەکی هەستیاردا
نەتەنیاهۆ (سەرۆک وەزیران) و یسرائیل کاتس (وەزیری بەرگری ئیسرائیل)، بە شێوەیەکی نهێنى و بێ ڕاگەیاندنی فەرمی، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحیان داوە. بەپێی زانیارییەکانی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، ئەم بڕیارە هاوزەمان بووە لەگەڵ پەسەندکردنی چوونەژوورەوەی هێزی فرەنەتەوەیی بۆ ناو کەرتی غەززە.
"ڕەفەحی سەوز" چییە و کێ بەڕێوەی دەبات؟
پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی فەلەستینی لە ناوچەیەک کە ناوی نراوە "ڕەفەحی سەوز". ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە دروستکردنی شوێنێکە بۆ جێگیرکردنی دانیشتووان کە لەژێر کۆنتڕۆڵی بزوتنەوەی حەماسدا نەبێت، بەڵکو لەژێر ئیدارە و چاودێری هێزە فرەنەتەوەییەکاندا بێت.
کێ کارەکان جێبەجێ دەکات؟
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە بەڵێندەر و وەستا و کۆمپانیا جێبەجێکارەکان، فەلەستینییەکانی دانیشتووی غەززەن. بەڵام هیچ کەس ناچێتە ناو پڕۆژەکەوە تاوەکو لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (شاباک) پشکنینی وردی ئەمنییان بۆ نەکرێت. کارە بەراییەکان لە هەفتەکانی داهاتوودا بە کۆڵین و ڕاکێشانی هێڵی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆ دەست پێدەکەن.
نەخشەی ئەمنی و چارەنووسی خانوو بڕاوەکان
کارەکان لە پشت "هێڵی زەرد" ئەنجام دەدرێن—کە بریتییە لەو هێڵەی سوپای ئیسرائیل لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لە پشتییەوە جێگیر بووە. بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، تاوەکو ئێستا ئاستی سیاسی ئیسرائیل ڕەزامەندی نەداوە لەسەر بردنی خانوو و ڕەقەمە ئامادەکراوەکان (کەرەڤانەکان) بۆ ئەو ناوچەیە
لە کاردانەوەیەدا بەرامبەر ئەم هەواڵە، میری ڕێگێڤ (وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل) ڕایگەیاند:
"ئێمە دەمانەوێت غەززە ئاوەدان بێتەوە، بونیادنانەوەش لە هەر ناوچەیەک دەست پێدەکات کە لە چەک داماڵدرابێت. تا حەماس و حزبوڵاش بە تەواوی چەک نەکرێن، لە غەززە و لبنانیش ناکشێینەوە."
ئامارە مرۆییەکان و دۆخی مەیدانی
ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە سوپای ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی ٧٠٪ی خاکی كەرتی غەززەی کردووە. دەرئەنجامی شەڕەکە تا ئێستا زیانێکی گەورەی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێناوە:
٧٣,٣٨٤ شەهید لە فەلەستین.
زیاتر لە ١٧٤,٠٠٠ بریندار.
ئاگربەست، ڕێککەوتنی ترەمپ و ئاستەنگەکان
سەرەڕای ئەوەی لە ١٠ی تشرینی اولی ٢٠٢٥ەوە ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەپێی ئامارە فەلەستینییەکان ئیسرائیل بەردەوام بووە لە پێشێلکارییەکانی، کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ١,٢٥٤ کەس و برینداربوونی ٤,١٢١ کەسی دیکە.
پڕۆژەکە بەشێکە لە "نەخشەڕێگای ترەمپ" (کە لە ٢٠ بەند پێکهاتووە)؛ لە بەندە سەرەکییەکانیدا هاتبوو:
ئازادکردنی دیلەکان.
چەککردنی بزووتنەوەی حەماس.
کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی سوپای ئیسرائیل.
پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی.
حەماس ڕایگەیاندووە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە بەستراوەتەوە بە ڕاگرتنی تەواوەتی هێرشەکان و دیاریکردنی خشتەی زەمەنی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی تێگەیشتنەکان.

ژمارەی خوێندراو : 92 جار

هەواڵی زیاتر