ئایا جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا دەست پێدەکاتەوە؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

 

سەرەڕای بانگەشەکانی ترامپ سەبارەت بە «سەرکەوتنی مێژوویی و یەکجاری» بەسەر ئێراندا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئەم جەنگە بەڕاستی کۆتایی هاتووە، یان تەنها پشووی پێش دەستپێکردنەوەی گەڕێكی دیكەی شەڕە؟
لە واشنتۆن وێنەیەکی سادە دەفرۆشرێت کە تێیدا ئەمریکا بە هێزێکی گەورەوە هاتە مەیدان، زیانی گەورەی بە تواناکانی ئێران گەیاند و سەرکەوت. بەڵام جیاوازییەکی گەورە لەنێوان «بانگەشەی سەرکەوتن» و «پێوانەی سەرکەوتن»دا هەیە:
ترامپ نەدۆڕان و نیشاندانی خۆی وەک سەرکردەیەکی بێڕکابەر و براوە دەکاتە بنەما. پێداگریی بەردەوامی لەسەر وشەی سەرکەوتن خۆی نیشانەی ئەوەیە کە گێڕانەوەکە هێشتا لای ڕای گشتی جێگیر نەبووە و سەرکەوتنەکە پێویستی بە سەلماندن هەیە.
ئایا تەنها کوژرانی فەرماندە و سەركردەیەکی ئێران یان وێرانکردنی ژێرخان بە مانای سەرکەوتنی ستراتیژی دێت؟ ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمی، توانای مووشەکی و درۆنی، و سیستەمی سیاسیی ئێران هێشتا توانای مانەوە و دووبارە دروستکردنەوەی خۆیان هەبێت، کەواتە جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە، چونکە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان «بردنەوەی یەک ئۆپەراسیۆن» و «بردنەوەی شەڕ».
تەنانەت ئەگەر ترامپ ڕابگەیەنێت کە جەنگ تەواو بووە، سیناتۆرەکان، لۆبییەکان، میدیا و دەزگا ئاسایشی و سەربازییەکانی ئەمریکا هێشتا مەترسییەکانی ئێران بە هەند وەردەگرن و فشاری بەردەوام بۆ هەنگاوی نوێ دروست دەکەن.
هۆکاری سەرەکیی هێوربوونەوەی دۆخەکە، کەمبوونەوەی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگری و کەرەستەی سەربازی ئەمریكییە. ئەمەش مانای ڕێککەوتنی ستراتیژی نییە، بەڵکو کات کڕین و پڕکردنەوەی کۆگاکانە بۆ قۆناغی داهاتوو.
واژۆکردنی «پەیمانی بەرگریی هاوبەشی مەککە» لەنێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان، وەک مۆدێلێکی هاوشێوەی ناتۆ دەردەکەوێت کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەندامێک، هێرشە بۆ سەر هەمووان. بەڵام ئەمە کێشەی گەورەی هەیە.
ئەگەر هێرشێکی قورس ڕووبدات، ئایا تورکیا و پاکستان ئامادەن ژیانی سەرباز و ئاسایشی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ بەرگریکردن لە ڕیاز و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران تێکبدەن؟
کاتێک خودی ئەمریکا بەو هەموو هێزە گەورەیەیەوە نەتوانیوە بە تەواوی ڕێگری لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بنکەکانی بکات، چۆن چاوەڕوان دەکرێت تورکیا و پاکستان بتوانن قەڵغانێکی نەشکێنراو بۆ سعودیە دروست بکەن؟ مێژووی ڕێككەوتنەكانی پێشووتریش سەلماندوویەتی کە بێ متمانەیی بنەڕەتی لە نێوانیاندا هەیە.
ئەنجامی کۆتایی ...
دۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا تەنها وەستانێکی مەیدانی یان پشوویەکە بۆ هەڵسەنگاندنەوە و پڕکردنەوەی ئەمبارەكانی موچەك و درۆن.
لە ڕووی ستراتیژییەوە، لەبەرئەوەی ئامانجە بنەڕەتییەکانی واشنتۆن بە تەواوی نەهاتوونەتەدی و توانای سەربازی و ئەتۆمیی ئێران هێشتا وەك خۆیان ماون، دەستپێکردنەوەی جەنگ لە هەر ساتێکدا لەسەر مێزە و شتێك بەناوی ڕێككەوتن و كۆتایی شەڕ لە ئارادا نیە !

https://youtube.com/shorts/ih3nnV2PzI8?si=ihcmKJfSfYQ-9ASb

https://youtube.com/shorts/ih3nnV2PzI8?si=ihcmKJfSfYQ-9ASb

ژمارەی خوێندراو : 3 جار

https://youtube.com/shorts/ih3nnV2PzI8?si=ihcmKJfSfYQ-9ASb

هەواڵی زیاتر