وێرانكاریی مەترسیدار لە کەناری رۆژئاوا: بڕینی دارەکان، دزینی مەڕوماڵات و رێگری لە نوێژکردن لە سایەی هەڵکشانی هێرشی نیشتەجێبوواندا

7 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستدرێژییەکانی داگیرکەری ئیسرائیلی و نیشتەجێبووانی لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو تەنها مرۆڤەکانی نەکردۆتە ئامانج، بەڵکو درێژ بووەتەوە بۆ سەر دار و بەرد، تەنانەت ئاژەڵان و دەزگا پزیشکییەکانیش، لە هێرشێکی بێوێنەدا کە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی سیاسەتی «ژینگەی مەترسیداری ناچارکەر»ە بۆ چۆڵکردنی خاکی فەلەستینییەکان لە خاوەنە ڕەسەنەکانیان.
لە چەند هەفتەی رابردووەوە کەناری رۆژئاوا شایەتی شەپۆلێکی نوێی پەرەسەندنە کە هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە. ئامارەکانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی دیوار و نیشتەجێکردنی فەلەستینی دەریخستووە کە لە مانگی تەممووزی رابردوودا بە تنهایی، سوپای داگیرکەر و نیشتەجێبووان ٢٢٥٦ دەستدرێژییان ئەنجامداوە؛ ١٤٥٨ دەستدرێژی لەلایەن سوپاوە و ٧٩٨ دەستدرێژی لەلایەن نیشتەجێبووانەوە بووە.
لە ئاستی ساڵانەشدا، هێرشی نیشتەجێبووان لە حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بە ڕێژەی ٦٣٪ هەڵکشاوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، بە جۆرێک ژمارەکە لە ٢٥٢٤ هێرشەوە بۆ سەر ٤١١٣ هێرش بەرز بووەوە. هەروەها دەزگاکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ـەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٩٠٠ ئاگرکەوتنەوەی تۆمارکردووە کە ماڵ، دامەزراوە و ئۆتۆمبێلی فەلەستینییەکانی کردووەتە ئامانج و نیشتەجێبووان بەرپرسن لە ٨٩٪ـی ئاگرەکان، ئەوەش بووە هۆی ئاوارەبوونی ١٢١ کۆمەڵگەی فەلەستینی بە تەواوی یان بەشێوەیەک و دەربەدەرکردنی زیاتر لە ٦٢٠٠ فەلەستینی، کە زیاتر لە ٣ هەزار منداڵ لەخۆدەگرن.
پارێزگاکانی نابلس و بە دیاریکراوی گوندەکانی قەسرە و جالود بوونە شانۆی شێوازێکی نوێی سەرکێشیی نیشتەجێبووان؛ بە جۆرێک دەها بە دەه لە نیشتەجێبووان لەژێر پاراستنی ڕاستەوخۆی سوپای داگیرکەردا - کە ناوچەکەی بە «سەربازی داخراو» ڕاگەیاندووە - ماوەی ٣ هەفتەیە گەمارۆی ٣ ماڵیان لە ناوچەی ڕەئس العین لە گوندی قەسرە داوە بۆ ڕێگریکردن لە خاوەنەکانیان لە گەیشتن پێیان و دەست بەسەرداگرتنیان.
دوێنێ شەممە، دەیان نیشتەجێبوو هێرشیان کردە سەر ماڵێکی فەلەستینی لە هەمان ناوچە و گازی ئەسرەڤەریان تێگرتن و بە بەرد هێرشیان کردنە سەر، بەو هۆیەوە ٧ فەلەستینی تووشی خنکان و پێکان بوون. هاوکات کۆمەڵێک لە نیشتەجێبووە دەمامکدارەکان لە قەسرەوە بۆ گوندی دراوسێی جالود پەڕینەوە و هێرشیان کردە سەر دانیشتووانەکەی، بە جۆرێک ژمارەی برینداران لە هەردوو گوندەکەدا بۆ ٩ فەلەستینی لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووسی بیانی بەرز بووەوە، لە کاتێکدا سوپای داگیرکەر تەنها بە هەڵدانی گازی فرمێسکڕێژ و دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەک فەلەستینی و بەستنەوەیان وەڵامی دایەوە، بێ ئەوەی هیچ کام لە نیشتەجێبووە هێرشبەرەکان دەستگیر بکات.
دامەزراوە پزیشکییەکان و ئەممبوڵانسەکانیش لەم پێشێلکارییانە بێبەش نەبوون؛ رۆژی هەینی نیشتەجێبووان ڕێگرییان لە ئەمبولانسێک کرد کە بەرەو گوندی المغیر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ڕامڵە دەچوو بۆ گواستنەوەی بریندارانی هێرشەکەی نیشتەجێبووان. لە هەمان کاتدا، سوپای داگیرکەر تیمی فریاکەوتنی مانگی سووری فەلەستینی دەستبەسەر کرد و ڕێگری لێکردن تەرمی ٣ شەهید بگوێزنەوە کە بە هێرشێکی ئاسمانی لە شاری جنین کوژرابوون.
لە دیمەنێکدا کە بێبەشبوونی دەستدرێژییەکانی لە هەر یاسا و رێسایەک دەخاتە ڕوو، نیشتەجێبووان هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە گوندی المغیر و چەند سەرو ماڵاتێکیان دزی. ئەمە یەکەم جار نەبوو، پێترووت لە نیسانی ڕابردوودا نزیکەی ١٥٠ سەر مەڕیان لە هەمان گوند دزیبوو. هەروەها ڕووەک و دارەکانیش بێبەش نەبوون، وەک ئەوەی ڕۆژی هەینی لە ناوچەی فراسین لە باشووری ڕۆژئاوای جنین ڕوویدا کاتێک نزیکەی ٤٥٠ دارە گۆیڤەیان بڕییەوە و بەشێک لە تۆڕی ئاودێری و پەرژینی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان تێکشکاند.
ئەم راستیانە دووپاتی دەکەنەوە کە کەناری ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی سیستەمێکی تەواوی داگیرکاری دەبێتەوە کە «ژینگەیەکی دەسەڵاتداری و پاراستن» بۆ نیشتەجێبووان دابین دەکات بۆ ئەوەی بە تەواوی لە سزا دەرباز ببن، لە سایەی بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی تەواودا، کە ئەمەش هەڕەشەی ئەوە دەکات ژیانی ڕۆژانەی فەلەستینییەکان بگۆڕێت بۆ دۆزەخێکی نەبڕاوە بۆ ناچارکردنیان بە کۆچکردنی بە زۆر.
لە سایەی ئەم پەرەسەندنە بەردەوامە و نەبوونی ڕێگری نێودەوڵەتیدا، بە بڕوای تۆ کامانەن ئەو ئامراز و ڕێگایانەی لەبەردەم دەزگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا هەن بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە کەناری ڕۆژئاوا؟

ژمارەی خوێندراو : 11 جار

هەواڵی زیاتر