دایکانی فەلەستینی تاڵیی لەدەستدانی منداڵەکانبان دەگێڕنەوە

11 کاتژمێر پێش ئێستا

"ژیانم بەتاڵ بووە".. دایکانی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا تاڵیی لەدەستدانی ئەو منداڵانەیان دەگێڕنەوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون
"بۆچی دەبێت کەسێک تەقە لە ساواکەی من بکات؟" بەم وشانە دانیە ئەبو هەیکەل (٢٨ ساڵ)، کە دایک و مامۆستای زانکۆیەمە، پرسیار دەکات لە کاتێکدا یاریکە سەرەکییەکەی (بووکەڵەکەی) سام-ی کوڕی لە باوەشدا بوو، کە لەلایەن سوپای داگیرکەری ئیسرائیلەوە لە تەمەنی ٧ مانگیدا کوژرا. دایکە جەرگسووتاوەکە زیاتر دەڵێت: "هەموو ڕۆژێک دەگریم، ئێستا ژیانم بێ ئەو بەتاڵ بووە."
سام لە باوەشی دایکیدا بوو کاتێک سەربازانی ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠٢٦دا تەقەیان لەو ئۆتۆمبێلە کرد کە خێزانەکەی لە شاری خەلیل لە باشووری کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو هەڵگرتبوو، و بەهۆیەوە فیشەکێک بەر دەمووچاوی کەوت، هەروەها دایکیشی بە فیشەکێک بریندار بوو کە لە ڕوومەتییەوە چووبووە ژوورەوە و لە گوێییەوە دەرچووبوو.
تا ئێستاش شوێنی برینێکی گەورە بە ڕوونی بە دەمووچاوی دانیەوە دیارە، کە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس قسەی دەکرد و دەستی بەوەوە گتبوو کە لە یادگارییەکانی کوڕەکەی لە ماڵی خێزانەکەیان لە بەیت لەحم مابووەوە.
ئەو دەڵێت سەربازەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کرد لە کاتێکدا هاوسەرەکەی پێش دەستپێکردنی تەقەکردنەکە ڕایگرتبوو، لە کاتێکدا سوپای داگیرکەر دان بە تاوانەکەدا دەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە سەربازەکانی تەقەی لە "سڤیلی بێوەی" کردووە دوای ئەوەی خێرایی ئۆتۆمبێلەکەیان بە ئاڕاستەی سەربازەکان زیادی کردووە.
دانیە ئەبو هەیکەل ڕەتدانەوەی تەواوی بۆ گێڕانەوەی ئیسرائیلییەکان هەیە و دەڵێت: "بۆچی دەبێت کەسێک تەقە لە ساواکەی من بکات؟ منداڵێکی بچووک -ساوایەکی ٧ مانگ- چی کردووە تا زیان بە سەربازەکان بگەیەنێت؟".
ناوبراو پەنای بۆ پارێزەرێک بردووە تاوەکو سوپای ئیسرائیل ناچار بکات لێکۆڵینەوەی تەواو لە ڕووداوەکە بكات، بەڵام بە بێهیواییەوە دەڵێت "فەلەستینییەکان ناگەنە دادپەروەری کاتێک لەسەر دەستی ئیسرائیلییەکان دەکوژرێن."
دایکانێک کە هێشتا لە شۆکی لەدەستداندا دەژین
ئاژانسی فرانس پرێس چاوی بە ١٢ دایک کەوتووە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە منداڵەکانیان لەدەستداوە. سەرەڕای جیاوازیی وردەکارییەکانی هر کەسێکیان، دایکەکان لە هەمان ئازاردا شەریکندا کە ئەوەش لەناوچوونی ناخۆش و لەپڕی ژیانی خێزانەکانیانە بەهۆی لەدەستدانی ئەندامێکیان، لەسەر دەستی سوپایەک کە پیشەی زەوتکردنی بڕست و چنینی گیانی بێتاوانەکانە، ئەو گیانانەی کە بۆ ئەو دایکانە سەرچاوەی ڕووناکی بوون لە نێو تونێلی تاریکی داگیرکاریدا.
محەممەد ئەلحەڵاق تەمەنی ٩ ساڵ بوو کاتێک لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ لە کەرتی ڕۆژئاوا بە فیشەکی سوپای ئیسرائیل کوژرا، و تا ئێستاش عالیەی دایکی ناتوانێت لەدەستدانی قبوڵ بکات و خۆی وەک دایکی ٥ منداڵ دەناسێنێت، نەەک ٤ منداڵ.
عالیە دەڵێت: "هێشتا بیری لەدەستدانەکەم قبوڵ نەکردووە، زۆرجار لە حەوشەی ماڵەکەمدا دادەنیشم و سەیر گۆڕی محەممەد لە خوارەوەی ماڵەکەم دەکەم و دەگریم، هاوکات ئاگادارم کە منداڵەکانم فرمێسکەکانم نەبینن."
ئەو دەگێڕێتەوە کە کوڕەکەی دوای ئەوەی لە دەست سەربازانێک ڕایکردبوو کە هەڵیانکوابووە سەر گوندی ڕەیحییە لە نزیک خەلیل کوژراوە، ئەمەش دوای ئەوەی فیشەکێکی ئیسرائیلی پشتی بڕیبوو، بەگوێرەی وتەی کارمەندانی فریاگوزاری.
لەو کاتەدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەندامەکانی لە کاتی ئامادەبوونیان لە گوندەکەدا تەقەیان کردووە، و ئیدیعای کرد کە تەقەکردنەکە "بە ئاڕاستەی کەسانی گومانلێکراو بووە لە ڕووداوێکی بەردبارانکردندا."
لە پشت ژمارەکانەوە.. منداڵان و خەونە تەواونەکراوەکان
کەسووکاری قوربانییەکان دەڵێن منداڵەکانیان لە بارودۆخی جیاوازدا کوژراون، لە نێوانیاندا کەسانێک هەن کە لە کاتی گەڕانەوەیان لە قوتابخانە، یان لە کاتی دەرچوونیان لە فڕنێک، یان لە کاتی ئامادەبوونیان لە نزیک مزگەوتێک کوژراون، هەروەها ٣ کەسیان لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و یەکێکی دیکەشیان لە هێرشی نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکاندا کوژراون.
لە نێو قوربانییەکاندا کچێک هەبوو بە ناوی بانا لبووم، کە تەمەنی ١٣ ساڵ بوو کاتێک کوژرا. ئیمان لبوومی دایکی دەگێڕێتەوە کە کچەکەی لە پەنجەرەی ژوورەکەی وەستابوو کاتێک فیشەکێکی ئیسرائیلی پێیکەوت.
بەگوێرەی ڕێکخراوی "بتسیلم"، لە سەرەتای جەنگی کەرتی غەززەوە تا حوزەیرانی ٢٠٢٦، ٢٣٥ منداڵی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا لەسەر دەستی ئیسرائیلییەکان کوژراون.
دەستەی بەرەنگاربوونەوەی دیوار و نیشتەجێبوون، کە دامەزراوەیەکی حکومی فەلەستینییە، کوژرانی ٢٥٠ منداڵ و گەنجی بەم شێوەیە لە ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئەمڕۆ پشتڕاست دەکاتەوە.
بەپێی ژمارەکانی ئەم دوو لایەنە، ناوەندی کوژرانی منداڵان و نەوجەوانان لە کەرتی ڕۆژئاوا لەم ماوەیەدا گەیشتووەتە ٧ منداڵ لە مانگێکدا، لە کاتێکدا بەراوردکارییەکان نیشانی دەدەن کە ناوەندی ژمارەی ئەو منداڵە فەلەستینییانەی کە لە ساڵانی دوای ڕاپەڕینی دووەمی فەلەستین لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠٢١ کوژراون، ١ منداڵ بووە لە مانگێکدا.
لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە، لە کەرتی ڕۆژئاوا لانیکەم ١٠٩٧ فەلەستینی، کە ژمارەیەک چەکداری بەرگریشیان تێدایە، بە فیشەکی سەربازان یان نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکان کوژراون.
بەڵام بۆ دانیە ئەبو هەیکەل، زیانەکەی لە ژمارەیەکدا کورت ناکرێتەوە؛ ئەوەی لە کوڕەکەی سام بۆی ماوەتەوە، بووکەڵەیەکە کە لە نێوان دەستەکانیدا هەڵیگرتووە و یادگارییەکە کە لێی جیا نابێتەوە و خەونی داهاتوون کە پێش هاتنەدی مردوون، و ژیانێکە کە دەڵێت لە دوای ئەو "بەتاڵ بووە."

ژمارەی خوێندراو : 57 جار

هەواڵی زیاتر