چۆن خۆم بۆ كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكان ئامادە دەكەم؟

لە لایەن كاشما فاروق30/10/2022

كاشما فاروق، ڕۆژنامەنووس
بۆ بەشداری كردن لەهەر جۆرە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی، پێویست دەكات وەك ڕۆژنامەنووسێك و پەیامنێرێك و بەشداربویەك كۆمەڵێك ئامادەكاری هەیە ئەنجامیان بدەیت.
یەكەم/ جۆری كۆنگرەكە; سەرەتا دەبێت بزانیت جۆری كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە چییە؟ و لەلایەن كێوە ئەنجام دەدرێت، واتا ئایە كۆنگرەكە بۆ بڵاوكردنەوەی زانیاری و سكاڵایەكە یان بۆ روونكردنەوەی بابەتێكە یان بۆ ڕاگەیاندنی ڕاگەیەندراوە یان.....هتد، كاتێك جۆرەكەیت زانی بەرچاو روون دەبێت لەئامادەكردنی پرسیارەكانت و رووبەروبونەوەی.
دووەم/ كاتی ئەنجامدانی كۆنگرەكە; زانینی كاتی ئەنجامدانی كۆنگرەكە بەرچاو روونیت پێدەدات و دەرفەتی ئامادەكاریت زیاتر دەبێت و دەرفەتی ئەوەت پێ دەدات بزانیت بەشداری چی جۆرە كۆنگرەیەك دەكەیت و لەدوای چی یان لەپێش چی ئەو كۆنگرەیە ئەنجام دەدرێت، بۆ نمونە هەندێ جار كۆنگرەیەك بۆ وەڵام دانەوەی كۆنگرەیەكی پێش خۆی ئەنجام دەدرێت و بەو جۆرە تۆ سودی لەزانیاریەكانی كۆنگرەی پێشوو دەكەیت و بەرچاو روونتر دەبیت لە كۆنگرەكە.... هتد.
سێیەم/ئامانجی كۆنگرەكە; كاتێك جۆری كۆنگرەكەت زانی پاشان دەزانی بۆچی ئامانجێك دەكرێت، بۆیە كاتێك ئامانجەكەی دەزانیت وا دەكات تۆ روونتر كار بكەیت بۆ بەدەست هێنانی ئامانجەكەی خۆت و ئاڕاستەكانی ئامانجی خۆت و كۆنگرەكە لەیەك نزیك بكەیتەوە و بەئامانجەكانت بگەیت.
چوارەم/ لەپاش ئەو خاڵانەی باسمان كرد و زانیمان، دەتوانیت پرسیارێكی مەعقوڵ ئامادە بكەیت و تووشی شڵەژان و زمان گیری نەبیت لەوكاتەی كە پرسیار دەكەیت، بەڵام پێویستە پرسیارەكانت چەق بەستوو نەبێت و بەپێی گوێگرتن و تەركیز كردنت بۆ ئەو زانیاریانەی لە كۆنگرەكە بڵاودەبێتەوە پرسیارەكانت گۆڕانكاری بەسەردا بێنیت، چونكە هەندێ جار ئۆتۆماتیكی وەڵامی ئەو پرسیارانەت لە كۆنگرەكە دەست دەكەوێت كە ئامادەت كردووە و روون كراوەتەوە.
پێنجەم/ كۆكردنەوەی زانیاری; بەبێ زانیاری توانای روبەروبونەوەت نابێت و رۆژنامەنووس بۆ رووبەروبونەوەی هەر بابەتێك دەبێت زانیاری ڕاست و بەڵگەی پێ بێت، تاوەكو مەعقولیەت و سەرچاوەی پرسیارەكانی روون بێت و بەعەقڵێكی بازاڕیانە ڕێك خستن بۆ پرسیارەكانی نەكات.
شەشەم/ چاونەترسی; نابێت خۆت و میدیاكەت بەكەم بزانیت و هەر جۆرە كۆنگرەیەك دەرفەتی پێشكەوتن و دەركەوتن و گەشەكردن بەتۆ دەدات.
پێویستە ئەوە بزانیت رۆژنامەنووس نوێنەرایەتی خەڵك دەكات و پێگەی تۆی رۆژنامەنووس لەهەر ئاستێك و پۆستێكی سیادی گەورەترە و تۆ نوێنەری ئەو میللەتەی كە سەرۆكی حیزبێك داوای دەنگی لێ دەكات.
#ڕوون_میدیا

وتاری زیاتر