بەربەست و توندووتیژیەكان بەرامبەر بە ئافرەتانی ڕۆژنامەنوس.

لە لایەن كاشما فاروق25/11/2023

 

ئافرەتانی ڕۆژنامەنوس ڕۆڵی گرنگیان هەیە لەكایەی رۆژنامەنوسی، دەتوانن داهێنان بكەن و پەیامەكان زۆر بەباشی بگەیەنن، ئارەزو و هەوڵی ئافرەتان لەبواری ڕۆژنامەنوسی لەئاستێكی بەرزدایە و ژمارەیەكی گونجاویش لەئافرەتان لەم بوارەدا دەردەكەون و كاردەكەن، كەئەمەش وادەكات ئەرك و مافی خۆی هەبێت و بتوانێت لەدۆخە ناهەموارەكاندا بەرگری لەخۆی بكات. لێرەدا باس لەو بەربەستانە دەكەم كە لەبواری ڕۆژنامەنوسی رووبەروی ئێمە ئافرەتانی رۆژنامەنوس دەبێتەوە:

-ڕێگری لە بەرەوپێش چوون: ئاشكرایە لە مەیدانی كاركردن ڕەگەزی نێر و مێ بەریەك دەكەون، پەروەردەی ئەو كۆمەڵگایەشی كەلێوەی هاتوون بەشێوەیەكی گشتی رووبەروبونەوە و بەرەنگاری یەك ترە، واتا بەچاوی تەواوكاری و یارمەتی یەكتر رووبەروی یەك نابنەوە، چونكە وافێركراون هەمیشە دەبێت رەگەزی نێر زاڵ و مێ مەزڵوم بێت، كاتێكیش ئاستیان لەیەك نزیك دەبێتە ركابەری و دروست بوونی بەربەستەكان بەشێوازی هەمە جۆر بۆ رەگەزی مێ دروست دەكرێت و هەنگاوەكان بۆ بەرەوپێش چونی ئافرەتێك قورس تر دەبێت .

-دەستدرێژی كردنە سەر ئافرەتان: هەنگاوەكانی ئافرەتێك لەكۆمەڵگادا زۆر سەخترە لەچاو پیاوێكدا، بۆ گەشتن بەهەردەستكەوتێك دەبێ ترسی لە قوربانیدانی كەسایەتی هەبێت، بۆ پاراستنی شعور و كەسایەتی خۆی بەردەوام لەجەنگێكی دەرونیدایە و زۆرجار ئێمەی ئافرەتان لەهەنگاوێكی پڕ تامەزرۆوە كشاوینەتەوە و ترسمان لەلەدەستدانی كەسایەتیمان هەبووە، چونكە نە یاسایەك نە هێزك نییە پاڵپشتی ڕاستەقینە و دیاری ئافرەتانی ڕۆژنامەنوس بێت، كە ئەمەش هەم لە بواری میدیای هەم لەدەرەوەی ئەم بوار و لەلایەن رەگەزی نێرەوە رووبەروی ئافرەتان دەبێتەوە. -ڕێگری لەلایەن خێزانەوە:

خێزانەكان پاڵپشتی یەكەمن بۆ بەدەست هێنانی خەونەكانمان، بەڵام كاتێك ئەم پاڵشتیە نەما و گۆڕدرا بۆ دژایەتی، هێزی گەیشتن بەسەركەوتن زۆر لاواز دەبێت، كە ئەمەش دەتوانرێت چارەسەر بكرێت لەڕێی پێدانی هۆشیاری لەمیدیاكانەوە و بەرنامەی فێركاری و پەروەردەكردنی خێزانێكی تەندروست، چونكە پێدانی بەرچاو رونی سەرەتا لەمیدیاكانەوە دەست پێدەكات تەنانەت ئەو دایك و باوكانەشی كە نەخوێندەوارن بەڵام رۆژانە بینەر و بیسەری میدیاكانن كە لەڕێی بەرنامە هەمە جۆرەكانەوە دەتوانرێت هانبدرێن كە یارمەتی دەری بەرەوو پێشچونی كچەكانیان بن، چونكە هەریەك لەئێمەی ئافرەتان خەونی گەورەمان هەیە و وەك مرۆڤێك پێوستە مافی كاركردن و گەشەسەندنمان هەبێت.

وتاری زیاتر