روون میدیا – ئاژانسەکان
لە دوای تەقینەوەی شەپۆلێکی بەربڵاوی خۆپیشاندان و توندوتیژییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا، حکومەتی فەڕەنسا بڕیاریدا قەدەغەی هاتووچۆی بەشەکی لە چوار شاری باکووری وڵاتدا دەسەپێنیت، هاوکات سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە.
پاش کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی قەیرانەکان لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەدا، "سێباستیان لێکۆرنۆ" سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا داوای لە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی کرد قەدەغەی هاتووچۆی بەشەکی بپەسێنن. لەسەر ئەم بنەمایە، نووسینگەی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە بۆ شەوانی سێشەممە و چوارشەممە، لە سەعات ٨:٠٠ی ئێوارەوە تا ٦:٠٠ی بەیانی (بە کاتی ناوخۆ) قەدەغەی هاتووچۆ لە ٤ شاری باکووری وڵات کە بریتین لە (لیل، واتینی، دوای، و دینان) جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی ئارامی و یاسا، هەروەها جەختی کردەوە کە لە کاتی پێویستدا ڕەنگە پەنا بۆ ڕاگەیاندنی بارودۆخی نائاسایی ببرێت، بەڵام لە ئێستادا قەدەغەی هاتووچۆ لەو شارانەدا بە گونجاوترین ڕێکار دەزانن و سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەریشی لە پاریسی پایتەخت بەدوور زانی.
لە لایەکی ترەوە، "لۆران نۆنیێز" وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕایگەیاند کە هیچ پلانێک نییە بۆ هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی یارییە گرنگەکەی تۆپی پێی چامپیۆنزلیگ لە نێوان یانەی پاریس سان جێرمان و بەرشەلۆنە، کە بڕیارە ئێوارەی سێشەممە ئەنجام بدرێت.
هەروەها، کۆشکی ئێلیزێ ڕایگەیاند کە وەزیری ناوخۆ "لۆران نۆنیێز" دوێنێ یەکشەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی سەرۆک کۆمار "ئیمانوێل ماکرۆن" کردووە، بەڵام ماکرۆن دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕەتکردۆتەوە؛ ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی بەردەوامیی سەرکردایەتیکردنی هێزە ئەمنییەکان لەم بارودۆخە هەستیارەدا.
ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی ئێلیزێ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ماکرۆن ڕاسپاردەی داوەتە وەزیری ناوخۆ تا بە خێرایی "ڕێکاری نوێی مەیدانی" بۆ هێزە ئەمنییەکان دابنێت بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تێکدەران و کۆتاییهێنان بە دیاردەی بەربەستدانان لە شەقامەکان و تاڵانکاری. هەروەها ڕاسپێردراوە بە ئاشکراکردنی کەموکوڕییە هەواڵگرییەکان کە بوونە هۆی ڕوودانی ئەم توندوتیژییانە.
لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، وەزیری ناوخۆ دانی بەوەدا نا کە لە هەندێک شاردا پۆلیس "کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە" و کەموکوڕی لە زانیارییە هەواڵگرییەکان و پێشبینیکردنی ڕووداوەکاندا هەبووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک شارەوانییەکانی گەورە شارەکانی فەڕەنسا داوای ڕوونکردنەوەیان لە حکومەت کردووە دەربارەی ئامادەنەبوونی پێویستی هێزە ئەمنییەکان.
فەڕەنسا لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بەهێزی خۆپیشاندانی بەخۆیەوە بینیوە کە لەسەرەتادا وەک ناڕەزایەتییەک دژ بە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و خراپی بارودۆخی قوتابخانەکان دەستی پێکرد، بەڵام دواتر لە چەندین شاردا گۆڕا بۆ پێکدادانی توند لەگەڵ پۆلیس، تاڵانکردنی دوکان و سووتاندنی موڵک و مال.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا ئێستا ئەنجامی ئاڵۆزییەکان بەم شێوەیەیە:
دەستگیرکراوان: نزیکەی ٢,٤٠٠ کەس (تەنها لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممەدا).
بریندارانی هێزە ئەمنییەکان: نزیکەی ١,٠٠٠ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش.
ژمارەی خوێندراو : 75 جار