روون میدیا
ململانێی نێوان ئیلۆن ماسک (دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان) و موکیش ئە مبانی (دەوڵەمەندترین پیاوی ئاسیا) گەیشتووەتە لووتکە، ئەوەش لەسەر بەدەستهێنانی پشکی شێر لە بازاڕی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێتی هیندستان، کە یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی جیهان و زیاتر لە یەک ملیار بەکارهێنەری ئینتەرنێت لەخۆدەگرێت.
ڕووبەڕووبوونەوەکان پاش ئەوە گەرمبوون کە ماسک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) کۆمپانیای ڕیلاینسی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵدەدات بە پاڵپشتیی حکومەتی هیندستان ڕێگری لە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ئاسمانیی (ستارلینک) بگرێت. ماسک ڕەفتارەکانی کۆمپانیاکەی ئە مبانی بە "قۆرخکاریی خنکێنەر" و "تاوان بەرامبەر گەلی هیندستان" وەسف کرد.
تەنانەت ماسک ڕەخنەی توندی لە پەیوەندیی نێوان ئە مبانی و ناریندرا مودی (سەرۆک وەزیرانی هیندستان) گرت و بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە ئاماژەی بەوە کرد کە ئە مبانی "سەرۆکی ڕاستەقینەی هیندستانە"، هەروەها ئاماژەی بە بەخشینی ملیۆنان دۆلار لەلایەن ئە مبانییەوە بۆ حزبی دەسەڵاتدار کرد.
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای (ڕیلاینس) بە بەیاننامەیەکی فەرمی وەڵامی دایەوە و ڕەتی کردەوە ڕێگری لە ستارلینک بکات، و ڕایگەیاند:
"ئێمە پێشوازی لە کێبڕکێ دەکەین لە بواری پەیوەندییە ئاسمانییەکاندا، لەنێویشیاندا کۆمپانیای ستارلینک، و هەرگیز لە کێبڕکێ نەترساوین."
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیای (جیو پلاتفۆرمس)ی سەر بە ڕیلاینس، بە هەمان شێوە چاوەڕێی ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی هیندستان دەکات بۆ دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی خێرا.
لە کاتێکدا ستارلینک جەخت دەکاتەوە کە زیاتر لە ٥ ساڵە لەگەڵ دامەزراوە ڕێکخەرەکانی هیندستان کاردەکات بۆ دروستکردنی ژێرخانی پێویست، حکومەتی هیندستانیش ڕایگەیاندووە کە پەیڕەوی لە "چوارچێوەیەکی ڕێکخستنی دادپەروەرانە" دەکات بۆ هەموو کۆمپانیاکان.
ئەم ململانێیە دەستبەجێ پێش ڕووداوێکی دارایی گەورە دێت، کە ئەویش خستنەڕووی پشکەکانی کۆمپانیای (جیو پلاتفۆرمس)ە بۆ فرۆشتنی گشتی (IPO) بە بەهای ۱۰۸ ملیار دۆلار، کە گەورەترین خستنەڕووی داراییە لە مێژووی هیندستاندا.
ژمارەی خوێندراو : 90 جار