مامۆستایانی وانەبێژ مەترسین !

لە لایەن باوڕ جەمال- چالاکوان27/09/2023

لە ساڵی  2014ەوە تا ئەمرۆ نزیكەی 35 هەزار مامۆستای میلاك وەفاتیان كردوەو خانەنشین بون، مامۆستای وانەبێژ لەسەر شانی خۆیان فەراغەکانیان پڕکردۆتەوە، بەڵام حكومەت بێ باكە لە دامەزراندنیان و پێدانی شایستەکانیان، دەست خراوەتە قوڕگی ئەو مامۆستایانەی هیچیان كەمتر نیە لەخۆبەخش، کاتێک دەبینیت رۆژانە میلیشیا و کادری حزبی دادەمەزرێن، بەڵام وانەبێژ هێشتا چاوەڕێیە، تێدەگەین لەوەی وانەبێژ مەترسین. بەڵام چ مەترسیەك؟

مەترسین بۆ دەسەڵات، کاتێک نەوەی خوێندەوار پەروەردە دەكەن، تا لەوێوە فێربن بە ستەم بڵێن " نا! " مەترسین، کاتێک دەبنە هۆی كرانەوەی چاوی جیلی نوێ و گۆڕانکاری دێننە ئاراوە، دڵنیابن دەسەڵات هێندەی کاری بە شڕەخۆر و میلیشا دەڕوات، هێندە کاری بە مامۆستا و فەرمانبەری دڵسۆز ناچێتە ڕێوە .

مامۆستایان ئەو چینەن، نە بەرتیل وەردەگرن، نە بیر لەوە دەكەنەوە، لەگەڵ ڕێزم بۆ چینە زۆرینەكەی، بەڵام لە چەند فەرمانگەیەك گەر تەنانەت موچەش نەدەن بەشێک لە فەرمانبەر ئامادەی دەوامن، چونكە كورتهێنانەكانی مووچە بە بەرتیل و ڕەشوە پڕدەكەنەوە، هەر ئەمەش وایكردوە مامۆستا لە هەر كەس جددیتر بێت بۆ مافەکانی.

ئەمەیە وایکردوە تا خوێندن نەكرێتەوە نە خۆپیشاندان کاری خۆیكردوە نە بایكۆت، لە ڕاستیدا دەكرێت بڵێین وانەبێژان بە بارمتە گیراون، بارمتەی ئەوەی لە کاتی نەچونەوەیان سزادەدرێن و ئەوانیش بە مافخوراوی خۆیان لە خەمی ئەوەدان خزمەتی ئەم هەموو ساڵەیان بە فیڕۆ بڕوات، لە لایەكیتریش بە بارمتە گیراون بەرامبەر مامۆستای میلاك و دەسەلاتدارانیش وەك مافیا مامەڵە بە چارەنوس و مافەکانیانەوە دەكەن، بێ ئاگا لەوەی دەکرێت ڕۆژێک خودی ئەم بارمتەیە ببێتە باروت و لێیاندا.

‎ئای گەلۆ، چ شەرمەزارییەكە ئەوەی بەرامبەر وانەبێژ دەكرێت! چ ستەمێکە، وانەبێژ بۆی نەبێت مناڵی ببێت و نەوەی خۆی بخاتەوە بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان نادەن! چ ستەمێكە وانەبێژ نەتوانێت سودمەند بێت لە هەر ئیمتیازێك! ئای گەلۆ، لەو رۆژەی قەڵەمی وانەبێژان دەبێتە كێلی قەبری دەسەڵات و ستەمەکانیان.

وتاری زیاتر