نوزەی خەڵک و هاواری حیزب

لە لایەن عەبدوڵا مەلا نوری13/07/2019

 

لەم رۆژانەدا دو روداو و دوهەڵوێستی دژ بەیەک و پڕ لە نیفاقمان بینی:ـ


یەکەم: بە بڕیارێکی تەواو نایاسایی، نا دیموکراسی لە لایەن پەرلەمانەوە پێشێلی ئیرادەی خەڵک کراو ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم درێژ کرانەوە، بە بێ ئەوەی هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنیان دیاری بکرێ. مەگەر خودا بزانێت کەی هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێتەوە. (بە داخەوە ئەم تاوانە گەورەیە بە بێ دەنگی تێپەڕی) .


دوەم: بە خواست و بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بە واژۆی پشتیوان سادق وەزیری پێشوی پەروەردە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ دیوانی وەزارەت. (گومانی تێدا نیە كارەکەی قوباد تاڵەبانی و پشتیوان سادق تەنهاو تەنها پاڵنەری حیزبی و سیاسی لە پشتەو نابێ قبوڵ بکرێ)


لێرەدا دەمەوێ سەرنجتان بۆ ئەوە رابکێشم؛ لە روداوی یەکەمیاندا حیزبەکانی دەسەڵات(پارتی، یەکێتی، گۆڕان) بێ شەرمانە سەر دەکەن بە یەکداو بە نا یاسایی ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکان درێژ دەکەنەوە، تەنانەت نابینی دو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاش هەڵوێست وەربگرن و بڵێن: "ئەرێ دەنگدەران تەنها بۆ چوار ساڵ دەنگیان بە ئێمەدا، بە چ حەقێک بێ گوێدانە ئیرادەی خەڵک، مانەوەمان لە ئەنجومەنی پارێزگا درێژ دەکەنەوەو دەمانسەپێنن؟".


لە ئاست درێژکردنەوەی ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگان بە نا یاسایی ترین و نا ئەخلاقیترین شێوە هەموان چاویان کوێرەو ویژدانیان مردوەو دەمیان گۆ ناکات هەڵوێستێک دەرببڕن، چونکە ئەمەیان راستەوخۆ لە سەر حسابی مافی خەڵکە، خەڵکیش لێرە لە هەر کات بێ پشتوپەناترو تەنها ترە. 


خەڵک لێرە ئەو کائینەیە هەموان پێی دەوێرن، رۆژێک خاکەکەی و رۆژێک نەوتەکەی و رۆژێک دەنگ و ئازادیەکەی زەوت دەکەن. بەڵام لە کەیسی دووەمیاندا کە (کە پۆستی بەڕێوەبەرێکی گشتیە)خاوەنی بۆ پەیدا دەبێ و جێگری سەرۆکی حکومەتیش رون کردنەوەی لە بارەوە دەدات. لە کاتێکدا لە هەردو کەیسەکەدا یاسا پێشێل دەکرێ یان لانی کەم دەسەڵات بە خراپ مومارەسە دەکرێ، بەڵام تەنها ئەو کەیسەیان دەبێتە بابەتی بێنەو بەردە کە حیزب وەک بەشی خۆی تەماشای دەکات.


لە کەیسی درێژکردنەوەی ویلاتی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا حیزبەکەی قوباد و حیزبەکەی پشتیوان سادق و حیزبەکەی دڵشاد عومەر کۆکن لە سەر ئەوەی ئەو پەڕی کاری نا یاسایی و نا دیموکرتی و نا ئەخلاقی بەرامبەر بە خەڵک بکەن!  


درێژکردنەوەی ویلایەتی پارێزگان لە کورترین پێناسەدا واتە خیانەت لە ئیرادەی خەڵک، پێشێلکردنی یاسا، پێشێلکردنی بنەماکانی ژیانی دیموکراتی، دەستگرتن بە سەر سەدان پۆستدا لە هەولێرو سلێمانی و دهۆک، کە موڵکی خەڵکن و دەبێ چوار ساڵ جارێک لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا ئاڵوگۆڕیان تێدا بکرێ.
وەک چۆن لابردنی بەڕێوەبەرکەی پەروەردە تاوانێکی سیاسیە دەرحەق بە حیزبێک، ئەوا درێژکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش گەورەترین تاوانی سیاسی و یاسایی چەند حیزبێکە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان. 


لە وروژاندن و بەراوردکردنی ئەم بابەتەدا دو مەبەستم هەیە:


یەکەم: لە ژێر هیچ پاساوێکدا نابێ رێگە بە سزای سیاسی بدرێ و دەبێ دەسبردن بۆ سزای سیاسی رسوابکرێ..
دوەم: لە هیچ بارو زروفێکدا نابێ خەڵک لێگەڕێین دو رویی و خۆپەرستی هەمو حیزب و سیاسیەکان بە ئاسانی تێپەڕێ.
میللەتی هوشیار ئەوەیە دو رویی و تاوان و درۆی سیاسیەکان لە بیر نەکات و لە کات و ساتی خۆیدا بیداتەوە بە ناو چاویاندا.

وتاری زیاتر