نەخشەی بزاڤە ئیسلامییەکان لە تورکیای هاوچەرخدا
نوسینی: پ.د.ئیبراهیم خەلیل ئەلعەلاف
وەرگێڕانی: د.سەلام عەبدولكەریم
تێبینی: ئەم وەرگێڕانە نوێترین كاری زانستی ئێمەیە، كە بریتییە لەوەرگێڕانی توێژینەوەیەكی زانستی رێزدار (پ.د.ئیبراهیم خەلیل ئەلعەلاف) پسپۆڕی بواری كاروباری توركیا، دوای وەرگرتنی رەزامەندی، بەهیوای پڕكردنەوەی كەلێنێك لەكتێبخانەی كوردی لەبواری ئیسلامناسیی توركیاو سودو كەڵك بۆ خوێنەرانی ئازیز...
بەشی یەكەم
پێشەكی
لێکۆڵینەوە لە نەخشەی بزوتنەوە ئیسلامییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنیا ئەرکێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئایینی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەرییە زۆرەی ئەم بزووتنەوانە لەسەر ئایندەی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان هەیانە، لێرەوە گرنگی لێكۆڵینەوە لە نەخشەی بزوتنەوە ئیسلامییەکان لە تورکیای هاوچەرخ و داهاتوویاندا دەردەكەوێت، بەو پێیەی ئەم بزوتنەوانە ڕەگ و ڕیشەی قوڵیان لە مێژووی تورکیادا هەیە. هەرچەند دەوڵەتی نوێی تورکیا لە ساڵی (١٩٢٣)وە و لە دامەزراندنیەوە ڕێبازێکی عەلمانی گرتووەتەبەر و ئایین بە پرسێکی تاكەكەسی دەزانێت، بەڵام هێشتا ئایین توخمێکی چالاکە لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیادا، بەتایبەت گەلی تورکیا، کە گەلێکی موسڵمانە و لە ژیانی گشتی خۆیاندا بە توندی بە بەها و بنەماکانی ئایینی ئیسلامەوە پەیوەستن. لێرەدا دەتوانین بڵێین ئاراستە ئایینی و ئیسلامییەكان لە ماوەی حەفتا و نۆ ساڵی ڕابردوودا هاوتەریب لەگەڵ ڕەوتە عەلمانیەکاندا بووە و ژمارەیەکی زۆر لە پارت و تەوژمی ئیسلامی لە تورکیا سەریانهەڵداوە، کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لە سیاسەت و ژیانی تورکیادا هەبووە.
لێکۆڵینەوەکە لەسەر گریمانەیەکی بنەڕەتییە، کە باس لەوە دەکات پرنسیپەكانی کەمالیزم نەیتوانیوە ڕاستییەکی گرنگ هەڵبوەشێننەوە، ئەویش ئەوەیە، کە ئایینی ئیسلام تا ئێستاش بە یەکێک لە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دیارەکانی تورکیای هاوچەرخ دادەنرێت، تا ڕادەیەک، کە ناتوانرێت لە هیچ هەلومەرجێکدا پشتگوێ بخرێت.
لێكۆڵینەوەکە لە پێشەکییەکی رێخۆشكەرو چەند باسێك پێكدێت، کە باس لە مێژووی بزووتنەوە ئیسلامییەکان دەکات پێش و دوای جەنگی دووەمی جیهانی، لەگەڵ گرنگیدان بە پرسێکی گرنگ، کە پەیوەندی بە قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانییەوە هەیە، ئەویش ئەو نەرمییەی پارتی دیموکراتە، کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٥ دامەزرا و سەبارەت بە پرسی ئایینی لە تورکیا نیشانی دا.
لێکۆڵینەوەکە پەیگیریی ئەو بزوتنەوە ئیسلامیانە دەکات، کە لە سەردەمی حوکمڕانی پارتی دیموکرات لەنێوان ساڵانی (1950- 1960)دا ڕۆڵێکی گرنگیان لە تورکیا گێڕاوە و مۆدێلێک بەو بزوتنەوانە دەبەخشێت، كە خۆی لە چالاکییەکانی تیجانی و نورسی و سلێمانچییەكاندا دەبینێتەوە.
باسێكی سەربەخۆ لە لێكۆڵینەوەكە تەرخانكراوە بۆ وردەكاری دامەزراندنی پارتی سەلامەی نیشتیمانیی (پارتی ڕزگاری نیشتیمانیی) لە ساڵی 1970 و دامەزرێنەرەكەی (نەجمەدین ئەربەكان)، كە رۆڵێكی بەرچاوی لە ژیانی سیاسی توركیا لەساڵانی هەشتاكاندا گێڕاوە و ناوبراو وازی لە گۆڕەپانی سیاسی نەهێناوە تەنها دوای گوشاری توندی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیی توركیا نەبێت لە دژی ئەو كەسایەتییەی ئەمڕۆ خاوەنی كاریگەری بەرچاوە لە دروستكردنی بڕیاری سیاسی توركیادا(مەبەست لەكاتی نووسینی توێژینەوەكەیە، كە هێشتا ئەربەكان لەژیاندا بووە، ئەگەرنا ئەربەكان كۆچی دوایی كردووە- وەرگێڕ). هەروەها باسەكە بەدواداچوون بۆ پارتی رەفاه دەكات، كە وەك پارتێكی سیاسی خاوەن ئاراستەی ئیسلامی بەگوێرەی یاسای نوێی پارتەكان، كە لە رۆژی (24ی نیسانی 1983) دەرچوو، مۆڵەتی كاركردنی پێدرا.
لایەنێكی لێكۆڵینەوەكە بۆ وەستان لەسەر سیاسەتی تۆرگۆت ئۆزال بەرامبەر بزوتنەوە ئیسلامییەكان تەرخانكراوە، ئەو سیاسەتمەدار و ئابووریناسە لیبراڵەی، كە لە نیسانی 1993 كۆچی دواییكرد. رەنگە یەكێك لە پایەكانی ئەو سیاسەتەی ئۆزال رێگەدان بوو بێت بە بڵاوبوونەوە و دەركەوتنی ئاشكرای ئەو بزوتنەوە ئیسلامیانە لە سەردەمی فەرمانڕەواییكردنیدا.
لێكۆڵینەوەكە باس لە پێگەی پارتی رەفاه لە دەسەڵاتدا دەكات و بەدواداچوون بۆ رەوت و ئەو فاكتەرانە دەكات، كە یارمەتی گەشەكردنی دا لە ماوەی دامەزراندنیەوە ساڵی 1983 تاوەكو بردنەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ساڵی 1994 و پاشان بردنەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 1995 و دواتر پێكهێنانی حكومەتی ئئتلافی و هاوبەش لەگەڵ پارتی رێگەی راست بە سەرۆكایەتی تانسۆ چیلەر لە (19ی حوزەیرانی 1996).
لە کۆتاییدا لێکۆڵینەوەکە هەوڵدەدات لە ڕێگەی خستنەڕووی واقیعی بزوتنەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکانی تورکیاوە، دوای دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی سەعادەت لەسەر دار و پەردووی پارتی فەزیلەت و سەرکەوتنی گەورەی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنەکانی (٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢) و پێکهێنانی حکومەت بە تەنیا، داهاتووی ئەم بزوتنەوانە لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە سەروبەندی هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا روون بكاتەوە.
لێكۆڵینەوەكە بۆ سەلماندنی گریمانەكەی پشت بە میتۆدی مێژوویی زانستی ناسراو بە (Historical Methodology) دەبەستێت، كە لەسەر بنەمای كۆكردنەوە و شیكردنەوەی سەرچاوە بەردەستەكان و بەراوردكردنیان لەگەڵ یەكتر و دووبارە بونیاتنانەوەی رووداوە مێژووییەكە لە دروستكردنی روداوی مێژووییدا وەك ئەوەی روویداوە، دامەزراوە. سەركەوتنیش لە خوداوەیە
رێخۆشكردن
کاتێک مستەفا کەمال (1923-1938) لە کۆتاییەكانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا سەرکردایەتی بزوتنەوە سەربەخۆخوازییەكەی کرد، ئیسلام وەک ئایین و کولتور، یەکێک لەو توخمە بنچینەییانە بوو، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی ئینگلیز و فەرەنسی و ئیتاڵی و یۆنانییەكان پشتی پێبەست.(1) مستەفا کەمال لەگەڵ گەیشتنی بۆ سامسون لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٩ هەوڵیدا گرنگی ئیسلام لە ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتداران لە ئەستەنبوڵ بخاتەڕوو، چونکە ئاگاداری ئەوە بوو ئەو دەسەڵاتدارانە ئیسلام وەک چەکێک لە دژی بەکاردەهێنن.(٢) بە كرداریش كاتێك فەتوای شێخولئیسلام لە ئەستەنبوڵ دەرچوو، مستەفا کەمال و شوێنکەوتووانی بە ناپاك و لە یاسا دەرچوو لە قەڵەمدا، نیشتمانپەروەران بە هەمان شێوە وەڵامیان دایەوە و موفتی ئەنقەرە فەتوایەکی دەرکرد، کە لەلایەن (١٥٢) موفتی ناوچەی ئەنادۆڵەوە پشتیوانی لێکرا، تێیدا ڕایانگەیاند بوو: ئەو فەتوایەی شێخولئیسلام لە ئەستەنبوڵ دەریكردوە پوچەڵە، چونکە لە ئەنجامی گوشاری دەرەکی دەركراوە". فەتوا نوێیەكە داوای لە موسڵمانان کردووە سوڵتانی عوسمانی محمد وەحیدەدین (١٩١٨-١٩٣٢) لە دیلێتی ڕزگار بکەن. كاتێك واعیز و دەروێشەكان، كە مەیلیان بۆ حكومەتەكەی ئەستەنبوڵ هەبوو، كەمالییەكانیان بە كافری نەفرەت لێكراو وەسفكرد بەتایبەتی مستەفا كەمالی سەرۆكیان، لایەنگرانی مستەفا کەمال حکومەتەکەیان لە ئەنقەرە بە هاوشێوەی ئەو حکومەتە وەسف کرد، کە لە سەردەمی پێغەمبەردا (د.خ) پێش هەزار و چوار سەد ساڵ لە مەککە دامەزرا بوو.(3)
مستەفا کەمال لە کاتی کارە ڕزگاریخوازییەكەیدا توانی ژمارەیەکی زۆر لە پێشەوا و بانگخواز و زانایانی ئایینی لە ئەنادۆڵ کۆبکاتەوە. ئەمانە لەو توخمە پێشەنگانە بوون بەشدارییان لە کۆنگرەی سیواسدا کرد بوو، کە مستەفا کەمال لە نێوان (٤-١٢ی ئەیلوولی ١٩١٩) بەڕێوەی برد و بناغەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی تورکیای دانا. مستەفا کەمال لە (30ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1922) کۆتایی بە دووانەی دەسەڵات هێنا، کاتێک ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورە (پەرلەمان) پێشنیار کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەڵتەنەت. بۆیە سەڵتەنەت لە (1ی تشرینی دووەمی ساڵی 1922) هەڵوەشایەوە، دواتر لە خەلافەت جیاکرایەوە. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، بەتایبەت، کە مستەفا کەمال لە زۆرێک لە وتارەکانیدا هێرشیکردە سەر خەلافەت. لە (3ی ئازاری ساڵی 1924) خەلافەت و وەزارەتی ئەوقاف هەڵوەشێنرانەوە و لە شوێنی ئەو فەرمانگەیەك بە ناوی (بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئایینی) دامەزرا. ئەم فەرمانگەیە پەیوەست بوو بە نوسینگەی سەرۆکوەزیران و یاسای ژمارە (٦٣٣) دەسەڵاتەکانی ئەم فەرمانگەیەی دیاریکرد. لە ماددەی (یەکەم)ی یاساکەدا هاتووە:"ئەم دامەزراوەیە بە پێی بنەماکانی عیبادەت و ئەخلاق، بەرپرسیارە لە چاودێریكردن و پاراستنی بیروباوەڕی ئیسلامیی، هەروەها بەرپرسیارە لە ڕۆشنبیرکردنی خەڵک و کۆمەڵگە لەبارەی بنەما ئاینییەکان و بەڕێوەبردنی مزگەوت و مزگەوتە گەورەكانەوە".(4)
نکۆڵی لەوە ناکرێت، کە تەوژمی ئیسلامی یەکێک بوو لە لقە دیارەکانی بیری هاوچەرخی تورکیا. کاتێک عوسمانییەکان لە زنجیرەیەک شەڕی بێشومار لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا تووشی شکست بوون، دروشمی چاکسازییان بەرزکردەوە. بیرمەند هەبوو هۆکاری دواکەوتوویی و تێکچوون و داڕمانیان بۆ دوورکەوتنەوەی بەرپرسانی عوسمانی لە ئیسلام گەڕاندەوە. هەروەك بانگخوازان و رابەرانی چاکسازی سوور بوون لەسەر سازان لەنێوان ئیلهامبەخشی سیستمی ڕۆژئاوا و میتۆدە كارگێڕی و سەربازی و ئابووری و کولتوورییەكانی لە لایەک و ئەحكامی شەریعەتی ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە.(5)
مستەفا کەمال فەلسەفەی خۆی لە ڕوبەڕووبوونەوەی ڕەوتە ئایینییەکان لە دوای سەرکەوتنی لە بونیاتنانی دەوڵەتی نوێی عەلمانی لەسەر ئەوە داڕشت، كە عوسمانییەکان ئیسلامیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان قۆستۆتەوە.(٦) بۆیە ڕێوشوێنە عەلمانییەکانی کەمالیستەکان ئامانجیان ئەوە بوو رێگری بكەن لەوەی پیاوانی ئایینی و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان ئایین وەك ئامرازێك لە دژیان بەكاربهێنن. ئەوەش سروشتییە، لەبەرئەوەی ئەمە دوای ئەوە هات، کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کەوتە ناو چەندین ناڕەحەتییەوە، بەتایبەت لە دوایین ساڵانی سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (١٨٧٦-١٩٠٩) و بەرزکردنەوەی دروشمی جامیعەی ئیسلامی و پشتبەستنی بە زانایانی ئایینی و دەروێش و سەرکردەکانی رێبازە سۆفیگەرییەکان.
مستەفا کەمال، کە دواتر بە مستەفا کەمال ئەتاتورک (باوکی تورک) ناسرا، تێگەیشت دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی مۆدێرن تەنها بە دوورخستنەوەی ئیسلام لە سیاسەت دەکرێت. بەم پێیە عەلمانیەت دیارترین بنەما و پرنسیپی حكومڕانی ئەو بوو، كە لە فەرمانڕەواییەكەیدا پشتی پێبەست. ئەمەش بووەهۆی داخستنی تەكیەو خانەقای دەروێشەكان و قوتابخانە ئاینییەکان و هەڵوەشاندنەوەی رێبازە سۆفیگەرییەکان و دادگا شەرعیەكان و کۆمەڵە یاسایەک، کە بە (المجلة) ناسرا بوون و لە شوێنی ئەوان یاساکانی ڕۆژئاوا (سویسری و ئەڵمانی و ئیتاڵی) دانران. جگە لەوەش لە ساڵی ١٩٢٤ جەختی لە خوێندنی عەلمانی کردەوە و باڵاپۆشی قەدەغەکرد و مافی یەکسانی بە ژن لەگەڵ پیاو بەخشی. دەستووری تورکیا لە ماوەی سی و شەش ساڵدا حەوت جار هەموارکرایەوە.(7) لە (٢٠ی نیسانی ١٩٢٤) ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورە دەستورێکی نوێی پەسەند کرد، کە تێیدا ڕایگەیاند خەڵک سەرچاوەی دەسەڵاتە. هەرچەند لە هەموارکردنەوەی دەستوری ساڵی 1924دا هێشتا مەرجی ئەوە بوو، کە :"ئایین لە دەوڵەتی تورکیادا بریتییە لە ئیسلام"، بەڵام ئەم دەقە لە ساڵی 1928 هەڵوەشایەوە و دەستەواژەی:"تورکیا دەوڵەتێكی کۆماریی، نەتەوەیی، جیهانیی، عەلمانی و ڕیفۆرمخوازە” شوێنی گرتەوە. هەر لەو ساڵەدا ئەلفوبێی لاتینی جێگەی ئەلفوبێی عەرەبی لە نووسیندا گرتەوە و لە ساڵی ١٩٣٢ نوێژخوێنان لە تورکیا نوێژەکانیان بە زمانی تورکی ئەنجامدا نەک بە زمانی عەرەبی، كە زمانی قورئانی پیرۆزە.( سروشتی بوو پیاوانی ئایینی لە پێشەنگی ئەو کەسانەدا بن، کە دژایەتی ڕێوشوێنە عەلمانیەکانی مستەفا کەمالیان کرد. ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی خۆیان دەربڕی و ئەم دژایەتییە هەرزوو ئۆپۆزیسیۆن لە زنجیرەیەك جوڵانەوەی ئایینی ئیسلامییدا گەڵاڵەی كرد، كە توركیا لە دامەزراندنیەوە تاوەكو ئێستا بەخۆوەی بینیوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدەین بەدواداچوون بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەو بزووتنەوانە بکەین و لە ئامانج و سروشت و هەڵوێست و پەیوەندی هەندێکیان بە هەندێكی تریانەوە تێبگەین.
سەرنج:
پەراوێزەكانی ئەم توێژینەوەیە لای وەرگێڕ پارێزراون و لەبەر ئەوەی زۆر درێژ نەبێتەوەو خوێنەر وەڕش نەبێت لەدرێژی بابەتەكە لەگەڵیدا بڵاونەكراونەتەوە.