عەباسی كوڕی فرناسی ئەندەلوسی
فەیلەسوف و زانا و داهێنەری یەكەم بیرۆكەی فڕین
یەکەم کەسە کە بیری لە فڕین کردۆتەوە و هەوڵی فڕینی داوە بیرۆكی فڕینی
داهێناوە، دەوترێت داهێنەری چاویلیكەی پزیشكییە و یەکەم کەسیشە پێنوسی حیبری دروست
کردووە، لە بواری گەردونناسیدا داهێنەری چەندین ئامێری زانستییە، شاعیرێكی زمان
پاراو و پزیشكێكی شارەزا و دەرمانسازێكی حەكیمی لیهاتووش بووە .
ئەمە عەباسی کوڕی فەرناسی کوڕی فەرداسە، لە سەدەی نۆیەمی زاینی و لە ساڵی
٨١٠ لە خانەوادەیەکی مسوڵمانی ئەمازیغی لە شاری قورتوبەی ئەندەلوس كە ئیسپانیای
ئێستا دەكات، لەدایکبووە . یەكێك بووە لە زانا و فەیلەسوف و داهێنەرە دەگمەنەكانی
دونیای ئیسلام كە لەسەردەمی خیلافەتی ئیسلامیی ئەمەوییەكان بەتایبەتیش لەسەردەمی
حەكەمی كوڕی هیشام و عەبدولڕەحمانی كوڕی و محەمەدی نەوەیدا ژیاوە .
عەباسی كوڕی فڕناس گرنگی زۆری زانستەكانی بیرکاری و گەردونناسی و کیمیا داوە ، لەبەرئەوەی بەهرەیەكی گەورەی شیعریی
تێدابووە، عەبدولڕەحمانی كوڕی حەكەمی كوڕی هیشامی خەلیفەی ئەمەوییەكان كردویەتی بە
مامۆستای خۆی، شارەزایی زۆری لە ئەستێرەناسیدا هەبووە، لەلایەن كۆشكی شاهانەی
خیلافەتی ئەمەوییەكانەوە گرنگی زۆری پێدراوە تا گەیشتوەتە ئەوەی وەك پزیشكی
تایبەتی كاربەدەست و دەسەڵاتدارانی كۆشك و لێپرسراوی سفرە و خوانی كۆشك
دەستنیشانكراوە .
یەكێك لەو داهێنانە سەرنجڕاكێشانەی لەلایەن ئیبنو فیرناسەوە دروستكراوە، سەعاتێک
بووە كە ناوی (المیقات) بووە و بە ئاو كاریكردووە، هەروەك کۆمەڵێک ئامێر و ئامرازی
دیكەشی دروستکردووە بۆ چاودێری کردنی ئەستێرە و هەسارەكانی ئاسمان .
پزیشک و دەرمانسازێكی لێهاتوو بووە، لە دیاری کردنی نەخۆشیەکان و شێوازی
چارەسەرکردنیان و دۆزینەوەی دەرماندا زۆر زانا بووە، یەكەم كەس بووە كە بنەمای
(خۆپارێزی پێش چارەسەركردن)ی داڕشتووە، ھەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی
ئەمەوی وەک پزیشکێکی تایبەت لە کۆشکدا دایبمەزرێنن .
لەبەر لێهاتوویی و شارەزاییە زۆرەكەی لەبواری پزیشكی و دەرمانسازیی و
چارەسەری نەخۆشییدا، لەناو ئەندەلوسدا بە (حەكیمی ئەندەلوس) ناوی دەركردووە .
عەباسی كوڕی فرناس بەوە ناسراوە کە ئامێرێکی ئەندازەیی گرنگی داهێناوە و
ناوی لێناوە (النقالە) كە بۆ پێوانەی كات و دیاریكردنی مانگ و ڕۆژ و ساڵ
بەكارهێنراوە . داهێنەری دەزگایەكی هاوشێوەی ئەسترۆلابە كە بۆ چاودێریی ئاسمان و
گەردوون بەكارهێنراوە، هەروەك دۆزرەوە و داهێنەری ئامێری (زات الحیلەق)ـیشە كە لە چاودێریكردنی
کردنی خۆر و مانگ و ئەستێرە و ھەسارەکان و جوڵە و خولگەكانیاندا بەكارهاتووە .
مێژوونوسان کۆکن لە سەر ئەوەی عباسی کوڕی فرناس یەکەم کەسی ئەندەلوس بووە،
کە شێوازی دروستکردنی شووشەی لە بەرد و لم دۆزیوەتەوە، خەڵكیشی فێركردووە و دواتر
دەستیان کردووە بە دروست کردنی شوشە .
لەبورای سەربازییشدا داهێنانی گەورەی كردووە، دەوترێت یەكێك لەو
داهێنانانەی كە كردویەتی، دروستكردنی بۆمبێك بووە هاوشێوەی بۆمبی گازی فرمێسكڕێژی
ئێستا، داهێنەری ئامێر و كەرەستەی دیكەی جەنگیش بووە كە لە پاراستنی قەڵاكاندا
بەكارهێنراون، لەیەكێك لە شەڕەكاندا خەلیفەی ئەمەویەكان ئەو ئامێرە جەنگییەی
بەكارهێناوە دژی دوژمن و توانیوێتی سەركەوتن بەدەستبهێنێت و سوپاكەی بچێتە ناو
قەڵای دوژمن .
ئاژانسی بۆشاییناسی ئەمریكا (ناسا) وەك ڕێزێك بۆ پێگە و كەسایەتیی و ئەو
داهێنانە زانستییە زۆرانەی لەبورای گەردونناسیدا هەیبووە، یەكێك لە چاڵەكانی سەر
ڕوی مانگیان بەناوی ئەم زانا مسوڵمانەوە كردووە و ناویان ناوە (ئیبنو فیرناس) .
عەباسی كوڕی فرناس، ماوەیەكی زۆر سەرقاڵی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە دەبێت
لەسەر ئەوەی كە چۆن باڵندەكان دەتوانن بفڕن، بیری لەوەكردەوە كە دەكرێت ئامێرێك
هاوشێوەی باڵندەكان هەبێت و توانای فرینی هەبێت، تەنانەت گەیشتە ئەو بڕوایەی كە
دەگونجێت مرۆڤیش بفڕێت .
بۆیە تاقیكردنەوەیەكی بۆ فڕین دەستپێكرد، لە ئەزمونەكەیدا ڕەچاوی قورسایی و
کێش و بەرگری و کاریگەری پەستانی ھەوای كردبوو، لەو تاقیكردنەوەیەدا لەشی خۆی وەك
باڵندە بە پەڕی لە ئاوریشمی سپی دروست کراو داپۆشی، دوو باڵیشی دروستكردبوو تا
بەهۆیانەوە بفڕێت و توانای مانەوەی هەبێت لە ئاسماندا، پاشان خەڵکی کۆکردەوە و چووە
سەر بەرزاییەک و خۆی ھەڵدا، بۆ ماوەیەک و تا ئەندازەیەك توانی بفڕێت بەڵام لەكاتی
نیشێتەوەدا و لەبەر ئەوەی حسابی بۆ ئەوە نەکردبوو کە فڕین پێویستی بە کلکیش ھەیە کەوتە
خوارەوە و توشی پێکانێكی سەخت بوو .
بەشێك لە
مێژونوسان پێیانوایە "عەباسی كوڕی فرناس لەو هەوڵە سەرنەكەوتووەی فڕیندا
كەوتوەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە" بەڵام ژمارەیەكیشیان دەڵێن
"لەو هەوڵەدا تەنها بە سەختی بریندار بووە و چەند ساڵێك دوای ئەو ڕووداوەش
ژیاوە" .
ئیبنو فرناس
بیركردنەوە و عەقڵ و ژیرییەكەی ئەوەندە لە ئاستێكی بەرز و پێشكەوتوودا بووە، پێش
ئەو سەردەمە كەوتووە كە تیایدا ژیاوە، سەرەنجام لە ساڵی 872 ی زاینی لە شاری
قورتوبەی ئەندەلوس كۆچی دوایی دەكات و هەر لەوێش بەخاك دەسپێردرێت .
زۆرترین بینراو