نەخۆشخانەی بەخشین لەسەر نوێ نەكردنەوەی مۆڵەت دادەخریت و كۆمپانیای نالیاش بە 84 ملیار دینار قەرزی حكومەت و هەزاران پشكی دزراوەوە كەس دەستی بۆ نابات.
خەڵك گیرۆدەی گرانی وخراپی دەرمان و خزمەتگوزارییە تەندروستیەكانە یان بەسەرچوونی مۆڵەت .
لە روون هەواڵەوە جیاوازیی مامەڵەی دەسەڵات و بریارەكانی حكومەت بۆ بەخشین و نالیا روون دەكەمەوە.
گەورەترین كێشەی حكومەتی هەریم ئەوەیە سەرۆكی حكومەت بریارەكانی تەنیا لە زۆنی زەرد دەخوات گەر دەسەڵاتی زۆنی سەوز پێی رازی نەبێت و جیگرەكەشی بە پێچەوانەوەیە دەسەڵاتی لە زۆنی سەوز هەیە.
چوار كاتژمێر لەدوای دەرچوونی نوسراویكی وەزیری تەندروستی ، لیژنەكانی تەندروستی سلیمانی بێ دواكەوتن دەرگای نەخۆشخانەی بەخشین وئینتەرناشناڵ بە پاساوی بەسەرچوونی مۆڵەت دادەخەن .
بە پێ زانیارییەكانی روون میدیا لە سلێمانی جگە لە نەخۆشخانەی بەخشین و ئینتەرناشناڵ چەند نەخۆشخانەی دیكە مۆڵەتیان بەسەر چووە بەڵام چاوپێشیان لێكراوە .
ئێستا بە هۆی بەسەرچوونی مۆڵەتەوە نەخۆشخانەی بەخشین 5 رۆژە داخراوە ، ئەوەی بووەتە پرسیار بۆ چی جیاوازی لە نێوان نەخۆشخانەكان دەكرێت ؟
جیاوازی مامەڵەكردنی ئەم دەسەڵاتە بە حكومەت وحزبەوە تەنیا لە نیوان نەخۆشخانەكاندا نیە بەڵكوو هەر پرۆژەیەك پشكی خۆیانی تێدا نەبێت كار بۆ سڕینەوە دەكرێت و هەر پرۆژەیەكیش پشكی بەرپرسێكی باڵا یان كۆمپانیاكانی خۆیانی تێدا بیت بە كۆڵێك دزی و قەرزیشەوە كەس بۆی نیە دەستی بۆ ببات.
بۆنمونە نەخۆشخانەی بەخشین كە پرۆژەیەكی قازانج نەویستە لەسەر بەسەرچوونی مۆڵەت دادەخرێت بەڵام كۆمپانیای نالیا كە 84 ملیار دینار قەرزی حكومەت و سەدان پشكی خەڵكی دزیوە و ملیارێك ونۆسەد و پەنجاو نۆ ملیۆن دینار پارەی كارەباش قەرزارە دەستی بۆ نابرێت.
ئیدی نازانرێت یەكێتی و وەزارەت و حكومەت لە تەحدا و هەوەسەكەی سەرۆكی نالیا دەترسن یان لە بەر پشكەكەی كۆمپانیای نۆكانە چاویان لە قەرز و پشكە براوەكانی خەڵك پۆشیوە .
بە پیی زانیارییەكانی روون میدیا ، ئەو شەڕەی بەرامبەر نەخۆشخانەی بەخشین دەكرێت هۆكارەكەی تەنیا ئەوەیە بەخشین پرۆژەیەكی قازانج نەویستە و بە هۆی هەرزانی لە نرخ بە كوالێتیەكی باشەوە زیانی لە نەخۆشخانەكانی دیكە داوە و دەمیكە كار بۆ داخستنی دەكەن .
كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان لە لایەن بەرپرسانی باڵای حزب و حكومەتەوە زۆرترین قاچاخی و قۆرخكاری تێدا دەكرێت و ئەوەشی بۆ خەڵك و نەخۆش بووەتە گرفتی سەرەكی خراپی و گرانی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكانە نەك ریكارە ئیدارییەكان.
ئەوەی روونە ، جیاوازی بریارەكانی حكومەت و دەسەڵاتە وڵاتیان كردووەتە فەنتەڵۆسخانە و پرۆژەیەكی قازانج نەویستی وەك نەخۆشخانەی بەخشین بە پاساوی بەسەرچوونی مۆلەت دادەخرێت و كۆمپانیایەكی قەرزاری ، پشكی دزی سووخۆریش لە سەرۆكی حكومەتەوە بۆ بەرێوەبەری فەرمانگەیەك چاوی لێ دەنوقێنن
ئەوەشی ناڕوونە ، وەزیر و بەرێوەبەرانی تەندروستی كەی بریاری داخستنی ئەو نەخۆشخانانە دەدەن كە بە هۆی گرانی نرخ و خراپی دەرمانەوە بوونەتە مەترسی بۆ سەر گیان وگیرفانی نەخۆش.
ژمارەی خوێندراو : 375 جار
no