زیرەكیی دەستكرد
ئەو داهێنانە زانستییەی كە بووەتە هەڕەشەی
مەترسیدار لەسەر مرۆڤایەتی .
زیرەكی دەستكرد (AI) تادێت بەردەوام پەرەدەسەنێت و، ئێستا
كاریگەریی زۆری لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی دروستكردووە و زۆر شتیشی گۆڕیوە، پسپۆڕانیش
مەترسییان هەیە ببێتە هەڕەشە و مەترسیی لە داهاتوویەكی نزیكدا .
ئەم سیستمە، هەروەك مرۆڤ بیردەكاتەوە تەنانەت
هاوشێوەی مرۆڤیش وەڵام دەداتەوە و دەتوانرێت لەڕیگەی داخڵكردنی بڕێكی زۆری داتا و
زانیارییەوە وایان لێبكرێت پێشبینی ڕووداوەكان و چارەسەری كێشەكانی ڕۆژانەی مرۆڤیش
بكات .
پسپۆڕان دەڵێن "پەرەسەندن و پێشكەوتنی
خێرای زیرەكیی دەستكرد، دەبێتە هەڕەشە و مەترسیی، تەنانەت بەشێك لە زانایان و
پسپۆڕان داوای ڕاگرتنی توێژنەوەكانی زیرەكیی دەستكردیش دەكەن"
(جێفری هینتۆن) كە بە باوكی ڕۆحیی زیرەكیی
دەستكرد ناودەبرێت، بەهۆی مەترسیی ئەم سیستمەوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە
كۆمپانیای گۆگڵ ڕاگەیاند، ناوەندی ئاسایشی زیرەكی دەستكردیش كە بارەگاكەی لە
ئەمریكایە لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێكەوە ئاماژەیبەوەكردووە "بەكارهێنانی زیرەكیی
دەستكرد دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەندێك زانیاریی هەڵە كە دەكرێت ئاسایشی كۆمەڵگە
بەتەواوی تێكبدات"
ئەو ناوەندە زیاتر لەوەش مەترسیی خۆیان لەبارەی زیرەكی دەستكردەوە
پیشاندەدەن و دەڵێن "ئەم ڕۆبۆتانە هێندە زیرەكن دەتوانن هەموو كاروبارێك بكەن
كە ئەمە مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون دەبات".
زیرەكی دەستكرد توانایەكی گەورەی هەیە كە دەتوانێت شۆڕشێكی گەورە لە
بازاڕ و جیهانی كاردا بكات، ئەمە ئەو ترسەیە كە چاوەڕێی مرۆڤایەتی دەكات و، چیتر
بازاڕ و كۆمپانیاكان چیتر بۆ ڕاپەڕاندنی كاروباری ڕۆژانەیان پێویستیان بەو ژمارە
زۆرەی كارمەند نەمێنێت و ئەم سیستمە جێگەی دەستی كاری مرۆڤ بگرێتەوە .
پسپۆڕان دەڵێن "زیرەكی دەستكرد دەتوانێت جێگەی 300 ملیۆن دەستی
كار بگرێتەوە، چونكە دەتوانێت بەدرێژایی ڕۆژ كار و دەوام بكات و زۆر لەو
كاروبارانەش ئەنجامبدات كە فەرمانبەرانی دەوڵەت و كارمەندانی كەرتی تایبەت
لەبەرامبەر بژێوی ژیان و موچەی مانگانەدا دەیكەن" .
ئێستا ڕاپۆرتی زۆر ناوەندی زانستی و گەورە پسپۆڕان و زانایانی
تایبەتمەندی ئەم بوارە بڵاوبوەتەوە و بە ئاشكرا نیگەرانیی و مەترسی خۆیان لە
زیرەكی دەستكرد پیشاندەدەن، ئەوەی پەیوەندیی بە كارەوە هەیە دەڵێن "ئەم
سیستمە دەتوانێت بە كاری كارگێڕیی و یاسایی وەك پارێزەر و ئەندازیاریی و بیناسازییش
هەڵبسێت و ئەنجامیان بدات كە ئەگەر ئەمە بەردەوامبێت، لەمەودوا نە دادگا پێویستی
بە پارێزەر هەیە، نە باڵەخانەكانیش بۆ دورستكردنیان پێویستیان بە ئەندازیارە،
كۆمپانیاكانیش بێمنەت دەبن لەو ژمارە زۆرەی كارمەند و یەك ڕۆبۆتی زیرەك دەتوانێت
كاری هەموو كارمەندەكانیان بۆ ئەنجامبدات".
یەكێك لەو مەترسییانە، بەكارهێنانی ئەم
زانستەیە بۆ دروستكردنی وێنە و دەنگ و تێكست و گرتەی ڤیدیۆیی ساختە، كە ئەمە
دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زانیاریی درۆ و ناڕاست بەشێوەیەكی زەبەلاح بەتایبەتیش
لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت، كە سەرەنجام گومان دەخاتە سەر سەرچاوەی هەموو هەواڵ و
زانیارییەكان و پردی متمانەی نێوان خەڵك و دامەزراوەكان بەتەواوی دەڕوخێنێت .
مەترسیدارتر لەمانە، كاردانەوە و ڕێوشوێنی
كردەیی دەزگا ئەمنییەكانە لەسەر بنەمای ئەو زانیاریی و وێنە و ڤیدیۆ ساختانەی كە
بەهۆی زیرەكی دەستكردەوە بڵاودەكرێنەوە و سەرەجام ببێتە قەیرانێكی گەورە و خراپتر
لەوەش هەڵایسانی شەڕ و پێكدادان و خوێنڕشتن.
هەڕەشە گەورەكەی سەر مرۆڤایەتی، (هەڵایسانی جەنگی ناوكییە)، پسپۆڕانی
ئەمنیی و سەربازیی ترسیان هەیە كە بەكارهێنانی ئەم سیستمە لە دەزگا هەستیارە
سەربازیی و ئەمنییەكاندا بەتایبەتی لە بەڕیوەبردنی تەكنەلۆژییای سەربازییدا و
بەهۆی بچوكترین هەڵەی پێشبینی نەكراوەوە، ببێتە هۆی هەڵایسانی شەڕی ئەتۆمیی نێوان
دوو دەوڵەت یان زیاتر كە لە ئەنجامدا ببێتە هۆی لەناوبردنی هەموو مرۆڤایەتی
بەجارێك .
تەنانەت پسپۆڕان و زانایان دەڵێن
"مەترسیی ئەم سیستمە لە ئاستێكدایە كە ئەگەر ناوەند و دامەزراوە سەربازیی و
هەواڵگرییەكان پەنا بۆ بەكارهێنانی ببەن لە دەزگا هەستیارەكانی وەك سیستمی موشەكیی
یان بەرنامە ناوكییەكان، ڕەنگە بەهۆی بچوكترین هەڵەی بێ مەبەستی ئەم سیستمەوە،
شەڕی ئەتۆمی لە جیهاندا هەڵبگیرسێت"
یان بەهۆی قۆستنەوەی ئەو كەلێن و
كەموكورتییانەی تێیدایە، بكەوێتە بەر هێرشی ئەلیكترۆنیی و ببێتە هۆی لەكارخستنی
ژێرخانی دەوڵەتە پێشكەوتووەكان یان دزرانی ئەو زانیارییە هەستیارانەی كە
پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوەیی وڵاتانەوە هەیە .
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بێبەش نیە لە لایەنی
باش و خزمەتكردنی مرۆڤایەتی، ئەوەتا پسپۆڕانی پزیشكیی دەڵێن "زیرەكیی دەستكرد
ڕۆڵی گەورەی لە دۆزینەوە و ئاشكراكردنی نەخشییە ترسناكەكانی وەك شێرپەنجەدا هەیە،
دەتوانێت بەجۆرێك خزمەت بكات كە ببێتە هۆی دروستكردنی دژە تەنی ئەو نەخۆشییەی كە
تا ئێستا چارەسەری نیە" .
ژمارەی خوێندراو : 741 جار