ئێران سوپاسی بەرپرسان و زانایانی ئاینی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات

10 کاتژمێر پێش ئێستا

میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
بەپێی میدیای ئێرانی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، باسیان لەو شەڕە کردووە کە چەند رۆژێکە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرساوە و رۆژی هەینی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد.
نێچیرڤان بارزانی داوای گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە و کاریگەری لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کرد، بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری نائارامی لە ناوچەکەدا.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، سوپاسی سەرکۆنەکردنی بەرفراوانی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل"ی بۆ سەر ئێران لەلایەن بەرپرسانی سیاسی و زانایان و مەرجەعەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کردووە.
بەپێی میدیای ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکو راگرتنی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل"، لە ئۆپەراسیۆنە بەهێزەکانی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، ئاسایشی نیشتمانی و گەلی ئێران بەردەوام دەبێت.

ژمارەی خوێندراو : 200 جار

هەواڵی زیاتر