بەیاننمامەی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی

17 کاتژمێر پێش ئێستا

بەناوی خودای باڵادەست

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ماف دزراو،
هاوڵاتیانی  ستەمدیدەی دەستی دەسەڵاتی ستەمکار:

لەکاتێکدا  پێمان ناوەتە ساڵی نوێوە، هاوڵاتیان و مامۆستا و فەرمانبەران چاوەڕوان بوون دەسەڵاتی شکست خواردوو  تەنها جارێک شەرم بیانگرێ و هەنگاوێکی جدی بنێن بۆخزمەتکردنی هاوڵاتیان بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی . بەڵام دەسەڵاتی چەتە و گیرفانبڕ بەدزینی مووچەی دەساڵی مووچەخۆران و تەخشان و پەخشانی زەوی و زار و تاڵانکردنی سامانی ووڵات تێری نەخواردووە و‌  بۆ زیاتر پڕکردنی گیرفانە بێبنە قوڵەکانی بنەماڵەکانیان تەماعی کردۆتە نەخۆشخانە حکومیەکان و بەناوی کەرتی تایبەتەوە دەیانەوێت نرخی پشکینینی تاقیگەکان سەدان جار لەسەرهاوڵاتیان گرانتر بکەن، کە بە دڵنیاییەوە هاوڵاتیان ئەو ستەمە قبوڵ ناکەن و نابێ بۆیان بچێتە سەر. ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بێ ئابڕوانەتر و نامەردانەتر هەموو هەنگاوێکیان بووەتە بارگرانی زیاتر بەسەر هاوڵاتیان و بڕینی گیرفانیان .
لەهەنگاوێکی تریشیاندا فشاریان خستۆتە سەر مامۆستایان و فەرمانبەران لەپەروەردە و فەرمانگەکانی قەزای کۆیە، بەئامانجی کردنەوەی هەژماری بەدناوی دز. کە نەک سوودی بۆکەس نیە بەڵکو جۆرێکیتری دزینی مووچە و قوتی مووچەخۆرانە، ئامڕازێکی تری زامنکردنی سامانی زیاترە بۆ خۆیان .
ئێمە بە پلەی یەکەم  ڕوودەکەینە دەسەڵاتی زۆنی سەوز، پێیان دەڵێین؛ واز لە سیاسەتی دووڕوویی بێنن و کۆتایی بە پاشکۆیەتی و شاگردیی سیاسەتی تاڵانکاریی زۆنی زەرد بێنن .لە هەمان کاتیشدا جەختدەکەینەوە:  بەهەموو توانامانەوە هەژماری بەدناوی دز ڕەتدەکەینەوە و داوا لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین پابەندی پڕکردنەوەی فۆرمی هەژماری بنەماڵە مەبن و دژی بوەستنەوە.
لە کۆتاییشدا رایدەگەیەنین: هەنگاوەکانمان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ لەسەرئاستی ناوەندو هەرێم چڕتر دەکەینەوە. لە هەوڵەکانمان بەردەوامین و بەکەمتر لە تەوتین و پلەبەرزکردنەوە و گێڕانەوەی بەناو پاشەکەوت ڕازی نابین. پشتیوان بەخواو ئیرادەی پۆڵایینی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان، دەسەڵات ملکەچ پێدەکەین بۆ خواستە ڕەواکانمان .
سەرکەوتوو بێ ئیرادەی هەقخوازیی و مەردایەتیی
سەرشۆڕیی بۆتاڵانچیی و چەتەکان.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
8/1/2025

ژمارەی خوێندراو : 80 جار

هەواڵی زیاتر