چۆن جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی دێت؟

26/01/2025

چۆن جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی دێت؟
ماوەی سێ ساڵە جەنگی ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و ھێشتا ئاگری ئەو جەنگە دانەمرکاوەتەوە، سەرۆکی نوێی ئەمریکا داوای کۆتایی ھێنان بە جەنگ دەکات و لە ھەمان کاتدا رووسیاش ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان دەربڕیوە، چەند سیناریۆیەکیش بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگەکە خراوەتە روو.
سێ ساڵ و چەند رۆژێکە جەنگی سەر ئۆکرانیا بەردەوامی ھەیە، جەنگێک کە ڵاتانی رۆژاواو رووسیای خستوەتە سەر لێواری شەڕێکی گەورە و بەرفراوان،  تێچوویەکی زۆریشی خستوەتە سەر خەزێنە و جبەخانەی ئەمریکا و ئەورووپا.
دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانیدا ووتی"پێویستە ئەو جەنگەی کە ھیچ سوودێکی بۆ ئەمریکا نیە و تێچوویەکی زۆری لەسەرمان داناوە کۆتایی پێ بێت" ھاوکات لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیشدا رایگەیاند" ئەبێت رووسیا کۆتایی بەو جەنگە بھێنێت، ئەگینا سزاگەلێکی زۆری دەخەینە سەر".
ترەمپ بە ڕوونی رایگەیاند، باجی گومرگی دەخەنە سەر بەرھەمە ڕووسییەکان، ئەگەر فلادیمیرپوتین ڕاگرتنی جەنگی سەر ئۆکرانیا ڕەتبکاتەوە، ئەوە جەنگێکە پێویستە کۆتایی پێ بێت، ترەمپ ووتیشی، ھەوڵدانی من بۆ ڕاگرتنی جەنگ خزمەتێکی خۆڕاییە بۆ رووسیا و سەرۆکەکەی.
ھەروەھا میدیاکانی ئەمریکا، لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی دوناڵد ترەمپدا ھەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە ترەمپ تیمەکەی راسپاردووە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ فلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا بۆ ڕێکبخەن، گرینگترین تەوەری ئەو پەویوەندییە تەلەفوونییەش پرسی جەنگی ئۆکرانیا دەبێت.
لە بەرامبەر بانگەشەکانی دوناڵد ترەمپ، بۆ راگرتنی جەنگ، فلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رایگەیاند، ئەوان ھەمیشە ئامادەن بۆ دانوستان لەبارەی راگرتنی جەنگ، بەبێ مەرج ئامادەن لەسەر مێزی گفتوگۆ و بە ئاشتی کۆتایی بە جەنگ بھێنن، بەو مەرجەی بەرژەوەندییەکانی رووسیا لەبەرچاوبگیردرێن.
پوتین، رایگەیاند، ئەگەر دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوایە، سێ ساڵ پێش ئێستا جەنگی ئۆکرانیا رووینەدەدا، لە ئێستاشدا ئامادەن کار لەگەڵ دوناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بکەن بۆ راگرتنی جەنگ، لەبەر بنەمای پاراستنی مەترسییە ئاسایشییەکانی سەر رووسیا.
لە بەرامبەردا فلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ دانوستان و داوای لە وڵاتانی رۆژاوا کرد کاربکەن بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و دەستپێکردنی دانوستان بۆ کۆتایی ھێنان بە جەنگ.
ھێشتا روون نیە جەنگی ئۆکرانیا کەی و چۆن کۆتایی دێت، وە ھەروەھا رووسیا و ئۆکرانیا چۆن ڕێکدەکەون، بەڵام بەپێی راپۆرتە رۆژنامەواییەکان دیارترین سیناریۆ کە باس و خواسی لێوەدەکرێت و نزیکە لەوەی ڕێکەوتنی سەرەتایی و خێرای لەسەر بکرێت بریتییە لە راگرتنی جەنگ و وەستانی پێشڕەوی رووسیا و ئۆکرانیا لە شوێنەکانی خۆیان و، دواتر و لە قۆناغەکانی ئایندەدا ڕێکەوتنی ورد و سیاسی لەسەر ئاشتی تەواوەتی بکرێت.

#روون_میدیا

ژمارەی خوێندراو : 67 جار

هەواڵی زیاتر