شاسوار عەبدولواحید ... لە داوای هاوپەیمانێتییەوە بۆ تەخوین و پەلاماردان
https://youtube.com/shorts/BuYJ_KUkDZE?si=wmdLrH4SkCqmYs0V
ئەگەر پێتانوایە نەوەی نوێ دەبێتە كێشە بۆ هاوپەیمانێتییەكە، ئەوا بەڕێزتان دەتوانن هەمووتان پێكەوە هاوپەیمانێتییەكە دروستبكەن بەبێ نەوەی نوێ، ئێمەش لە دەرەوە پشتیوان و هاوكارتان دەبین، نە بە دژی خۆمانتان دەزانین نە بە نەیار، بەڵكو وەك دۆست و هاوكار .
ئەمە بەشێكە لە ناوەڕۆكی ئەو پرۆژەیەی كە نەوەی نوێ بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی، پێشكەشی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات "بەرەی گەل، كۆمەڵ، رەوتی هەڵوێست، یەكگرتوی ئیسلامیی" كردووە، بەڵام 48 سەعات بەسەر شكستهێنانی هاوپەیمانێتییەكە تێنەپەڕی، شاسوار عەبدولواحید لە كەناڵی ئێن ئاڕ تی، زمانحاڵی حزبی نەوەی نوێ، كەوتە هێرش و پەلامار بۆسەر ئەو هێزانە و بە دیاریكراویش كۆمەڵی دادگەریی .
روون میدیا بەدواداچونێكی رۆژنامەوانیی وردی بۆ هۆكاری شكستهێنانی دروستكردنی هاوپەیمانێتی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات كرد، وەڵامی هەر چوار هێزەكە یەك شت بوو "شاسوار عەبدولواحید جێی سیقە و متمانە و پیاوی ڕێككەوتن و هاوپەیمانێتی نیە" .
كێشەی نێوان شاسوار عەبدولواحید و هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی نەوەی نوێ و هەڵپەی سەرۆكەكەی بۆ بەدەستهێنانی دەنگێك زیاتر و لێدان لە هەموو ئەو هێزانەی كە بەرلە دروستبوونی نەوەی نوێ، ئۆپۆزسیۆن بوون و لەبەرامبەر پارتی و یەكێتیدا نوێنەرایەتی دەنگی ناڕازییان دەكرد .
گرفتی گەورەی شاسوار عەبدولواحید ئەوەیە كە دۆخێكی نوێ دێتە پێش و پێویستی بە كۆدەنگیی و هاوپەیمانێتیی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەبێت، بیری دەچێتەوە لە میدیای زمانحاڵی حزبەكەی و پەیجە سێبەرەكانییەوە، چی بەو هێزە سیاسییانە وتووە و، چۆن لەناو گەوڕ و تەویلەیەكەوە كەوتووەتە پەلاماردانیان .
ساڵی 2018، عەلی باپیر بە نامەیەكی فەرمیی وەڵامی داوایەكی شاسوار عەبدولواحید بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی هاوبەش دەداتەوە و بە زمانێكی سیاسیی نوسیوێتی "بەڕێز كاك شاسوار، سوپاسی پێشنیازەكەت دەكەم و بە كورتی پێتدەڵێم؛ بناغەی هەر كارێكی پێكەوەیی و هەرەوەزیی، بریتیە لە متمانە بەیەك هەبوون" .
حەوت ساڵ دوای ئەو نامەیە، جگە لە كۆمەڵ، سێ هێزەكەی دیكەش بە سەرۆكی نەوەی نوێیان وت "هاوپەیمانێتی لەسەر بناغەی متمانە دەكرێت، تۆ كە لەناو كۆبوونەوەكان قسەیەك بكەیت و چویتە دەرەوە لە میدیا و پەیجە سێبەرەكانت پەلامار بدەیت، چۆن بتوانین ببینە هاوپەیمانت؟"
ژمارەی خوێندراو : 13 جار
https://youtube.com/shorts/BuYJ_KUkDZE?si=wmdLrH4SkCqmYs0V