عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە کە تاران بە نییەتێکی باشەوە دانوستان دەکات و لە میانی ئەو گفتوگۆیانەی بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لە عومان لەگەڵ ئەمریکا دەست پێ بکەن، دەستبەرداری مافەکانی نابێت. لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ چاوەڕوانی ئەنجامی دانوستانەکانە، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر کردووە.
عێراقچی کە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە گەیشتە مەسقەتی پایتەختی عومان، ڕایگەیاند: ئێران «بە چاوێکی کراوە و یادەوەرییەکی ئامادە بۆ ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو دەچێتە ناو دانوستانەکانەوە.»
هەروەها وتی: «بە نییەتێکی باشەوە بەشداریی دانوستانەکان دەکەین و پابەند دەبین بە مافەکانمانەوە،» ئاماژەی بەوەیش کرد کە «ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش تەنیا وشە نین، بەڵکوو پێویستییەکی حەتمین» لە کاتی دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان.
لە لایەکی ترەوە، دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران بڵاوی کردەوە کە عێراقچی بەرەو شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لە مەسقەت بەڕێ کەوتووە، کە ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەیە لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران لە حوزەیرانی ڕابردوودا، لە میانی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا کە دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا.
عێراقچی سەرۆکایەتیی وەفدی ئێرانی دەکات، لە کاتێکدا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆک ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکایەتیی وەفدی ئەمریکی دەکات. ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرناڵ»ـیش لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە کە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکات.
+ هێڵە سوورەکان
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند عێراقچی بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، گەیشتووەتە مەسقەت.
وتەبێژەکە ڕوونی کردەوە کە ئێران «بە ئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانە، شکۆمەندانە و جێی ڕەزامەندیی هەردوولا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی» بەشداری دەکات، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە تاران ڕەتیدەکاتەوە دانوستانەکان جبەخانەی مووشەکییەکەی بگرێتەوە. هیوایەیشی خواست لایەنی ئەمریکی «بە بەرپرسیارێتی، واقیعبینی و جیدییەتەوە» بەشداریی گفتوگۆکان بکات.
لە لایەکی ترەوە، ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند کە پڕۆگرامی مووشەکیی ئێران و چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم دۆسیەی «گفتوگۆ هەڵنەگرن» لە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ڕەزایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە کە «هێڵە سوورەکانی ئێران نەگۆڕاون، ئەگەر ئەمریکییەکان بخوازن بە هەمان شێوازی پێشوو بەشداری بکەن و داوای ڕاگرتنی تەواوەتیی پیتاندن بکەن، دەبێت دانوستانەکان لە ئێستاوە بە شکستخواردوو هەژمار بکرێن.»
+ ترەمپ چاوەڕوانە
لەو نێوەندەدا، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە سەرۆکی ئەمریکا چاوەڕێی گفتوگۆکانی ڕۆژی هەینیی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لە عومان، بۆ ئەوەی دیاری بکات ئایا دەکرێت بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران یان نا.
لیڤیت وتیشی: «لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەم دانوستانانەدا، دەمەوێت ڕژێمی ئێران وەبیر بهێنمەوە کە سەرۆک جگە لە دیپلۆماسی، چەندین بژارەی دیکەی لەبەردەستە وەک فەرماندەی باڵای بەهێزترین سوپا لە مێژووی جیهاندا.»
ئەو جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان تیشک دەخەنە سەر دیپلۆماسی، بەڵام ئاماژەی بەوەیش کرد کە ترەمپ داواکارییەکانی بۆ تاران ڕوون کردووەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە نابێت ڕژێمی ئێران خاوەنی توانای ئەتۆمیی تەواو بێت. ئەم لێدوانانە دوای قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا هات کە تێیدا دووپاتی کردەوە ئێران خەریکی دانوستانە و نایەوێت هێرشی بکرێتە سەر.
لەم کاتەدا، هەریەک لە ویتکۆف و کوشنەر، نێردە ئەمریکییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر. بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە جەزیرەی ڕاگەیاند کە قەتەر و هەندێک لە هاوبەشە هەرێمییەکانی وەک میسر، لایەنی سەرەکین لە هەوڵەکان بۆ ئاسانکاریی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، جێگری وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە پەکین پشتگیریی تاران دەکات لە پاراستنی سەروەری و ئاسایشی ئێران. لە لایەکی دیکەوە، ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە ئێران کرد سوود لەم دەرفەتەی گفتوگۆکان وەربگرێت و لە پڕۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکییەکەیدا سازش بکات.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ هاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، بەو مەرجەی واشنتۆن و تاران بگەنە ڕێککەوتن، و هۆشدارییەیشی دا کە دۆخی ئێران مەترسیی تەقینەوەیەکی لێ دەکرێت کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
+ هۆشداریی سوپای ئەمریکا
نەقیب تیم هۆکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ جەزیرە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە خەریکی مەشق و ڕاهێنانن و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەوێدان. ئاماژەی بەوەیش کرد کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری «ئەبراهام لینکۆڵن» وەڵامی هەر جووڵەیەکی سەربازی دەداتەوە کە لێی نزیک بێتەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە چەند هەفتەی ڕابردووەوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دوای خۆپێشاندانەکانی ناوخۆی ئێران، ڕووی لە ئاڵۆزییەکی زۆر کردووە.
ژمارەی خوێندراو : 51 جار