ئاستی یەدەگی نەوتی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی ٤٥ ساڵی ڕابردوو دابەزی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەژێر کاریگەریی هەڵکشانی گرژییەکان لەگەڵ ئێران و بەردەوامیی داخرانی تەنگەی هورمز، توانای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆکەکانی بازاڕی وزە کەوتووەتە ژێر مەترسییەکی جدییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەدەگی نەوتی ستراتیژیی ئەو وڵاتە بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ساڵی ١٩٨٣ەوە دابەزی.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "ذا هیل"ی ئەمریکی کە پشتی بە داتاکانی دامەزراوەی (Bank of America Global Research) بەستووە، ڕێژەی یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا (SPR) بەشێوەیەک کەمی کردووە کە ئێستا تەنها بەشی ٤٣ ڕۆژی دابینکردنی پێداویستییەکانی خاوی ئەو وڵاتە دەکات. ئەم داخورانەش دوای ئەوە هات کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕووی لە دەرهێنانی بڕێکی زۆر لە یەدەگەکە کرد بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی بڕی خستنەڕوو و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شێتگیرانەی نرخەکان.
ئەم گوشارانەی سەر یەدەگی ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە پەکی کەوتنی هێڵی دەریایی ڕێڕەوی نێودەوڵەتی لە تەنگەی هورمز—ئەو ڕێڕەوەی لە بارودۆخی ئاساییدا ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. هاوکات ڕێڕەوەکە لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا بە کردەیی بەڕووی هاتووچۆی بازرگانیدا داخراوە، ئەمەش شڵەژانێکی بەربلاوی لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست کردووە.
لای خۆشییەوە، ترەمپ لە ١٧ی حوزەیراندا هۆشداری دابوو لە بەکارهێنانی بێسنووری یەدەگی ستراتیژی لە کاتی جەنگدا، و ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەردەوامی لەسەر ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی بەتاڵبوونی خێرای کۆگاکان. لە هەمان ڕۆژدا، ترەمپ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئێران ئیمزا کرد بە مەبەستی ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان، بەڵام ڕێککەوتنەکە زووی ئاڵۆز بووەوە و لە ٨ی تەمووزدا هێرشەکان دەستیان پێکردەوە.
ئەمەش بووە هۆی بازدانی نرخەکان؛ خاوی برێنت بەڕێژەی ٪٥.٢ بەرزبووەوە بۆ ٧٨.٠٢ دۆلار و خاوی ڕۆژئاوای تێکساسیش (WTI) بەڕێژەی ٪٤.٤ بەرزبووەوە بۆ ٧٣.٥٢ دۆلار بۆ هر بەرمیلێک.

+ کارتێکردنی جیهانی و ڕێکارە فریاگوزارییەکان

کەوتنی بازاڕی نەوت تەنها ئەمریکای نەگرتووەتەوە، بەڵکو وڵاتانی هاوردەکاریش دەستیان بە ڕێکاری بەپەلە کردووە:
-کۆریای باشوور، تایلەند، ڤێتنام و بەنگلادیش: ڕێکاری توندیان بۆ دەستپێوەگرتنی وزە گرتووەتە بەر، لەوانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ساردکردنەوە و سنوردارکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل.
-چین: هاوردەی نەوتی ڕۆژانەی خۆی بەبڕی ٣.٥ ملیۆن بەرمیل کەمکردووەتەوە (لە ١١ ملیۆنەوە بۆ ٧.٨ ملیۆن بەرمیل)، بەپاڵپشتیی یەدەگی فریاگوزاریی ناوخۆیی کە بە ١.٤ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت.

+پێكدادانی سیاسی لەنێوان ترەمپ و کۆمپانیاکانی نەوت
سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا هیچ دەستکارییەکی بنەڕەتیی لە سیاستەکانیدا نەکردووە بە هیوای ئاساییبوونەوەی ئاستی نرخەکان دوای جەنگ، بەڵام گرانبوونی سوتەمەنی بووەتە کێشەیەکی سیاسیی ناوخۆیی. ترەمپ بەتوندی ڕەخنەی لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی ئەمریکی (وەک ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن) گرتووە و تۆمەتباری کردوون بەوەی کە لە کەشوهەوای جەنگدا قازانجی بێشومار کۆدەکەنەوە.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی کەرتی نەوت ڕوونیان کردووەتەوە کە بەرهەمهێنەران بەڕاستەوخۆ نرخی بنکەکانی بەنزین دیاری ناکەن و شڵەژانی بازاڕی جیهانی تا مانەوەی جەنگ ڕێگە بە دابەزینی خێرا نادات. سەرەڕای ئەوەش، دابەزینی نرخ لە محەتەکانی بەنزیندا مێژوویانە چەندین هەفتەی پێویستە تا کاریگەریی داڕمانی نرخی خاو دەربکەوێت.

ژمارەی خوێندراو : 46 جار

هەواڵی زیاتر