ئەمریكا لەبارەی "تەوتین"ـەوە پەیامێكی توند ئاراستەی بەغدا دەكات
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست #روون_میدیا كەوتووە، بۆ ڕێگریكردن لە بوونی كەسانی بیانی لە لیستی موچەخۆرانی عێراقدا، ئەمریكییەكان پەیامێكی توندیان ئاراستەی حكومەتی عێراق كردووە.
#روون_میدیا لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیوێتی، ئەمریكا پەیامێكی توندی بە حكومەتی عێراق گەیاندووە و پێیوتووە، پێویستە سەرجەم موچەخۆرانی عێراق "تەوتین" بكرێن و هەموو ئەو كارتە بانكییانەی ئێستا كاریان پێدەكرێت، لەكاربخرێن و كارتێكی سەرتاسەری بۆ موچەخۆران دروستبكرێت .
لەپاش گەیشتنی ئەم پەیامە، حكومەتی فیدراڵ لە ڕێی فواد حسێن وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئابوریی عێراقەوە، پەیامەكەی بە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم گەیاندووە كە ئەو هۆشدارییەی ئەمریكییەكان بۆ هەرێمی كوردستانیشە و دەبێت لەپاڵ ڕادەستكردنی دۆسێی نەوت و داهاتی ناوخۆ، زانیاریی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم ڕادەستبكات، بۆئەوەی بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیی، لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكان "تەوتین" بكرێن .
ئێستا بانكی ناوەندی عێراق، بە نوسراوی فەرمیی حكومەتی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە كە سەرقاڵی دروستكردنی "كارتی بانكیی نیشتمانیی"ـە كە بۆ سەرجەم موچەخۆران دروستدەكرێت و تەنها بۆ موچەش بەكاردەهێنرێت .
بەمجۆرەش، "هەژماری من" گورزێكی دیكەی بەردەكەوێت و لەدوای پەیامەكەی ئەمریكا و بڕیارە تازەكەی بانكی ناوەندی عێراق، بەتەواوی شكستدەهێنێت
ژمارەی خوێندراو : 8 جار