بەغدا گەرەنتی یاسایی و دارایی داوەتە كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم

2 رۆژ پێش ئێستا

ڕۆژنامەی العربي الجدید، ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویكردەوە، قەیرانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە کە لە مانگی (ئازار/3)ـی 2023ـەوە وەستاوە، یەکێکە لە دیارترین دۆسیەکانی ناکۆکی لە نێوان بەغدا و هەولێر، کە بە گشتی پەیوەندی بە ناکۆکییەکەوە هەیە لەسەر سەروەری دەوڵەتی عێراق و بەڕێوەبردنی دۆسییە نەوتییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش هەناردەکردن.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەردولا چەندین گەڕی گفتوگۆیان لەم چوارچێوەیەدا ئەنجامداوە کە بە ڕێککەوتنێک کۆتایی هاتوە کە هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکات بۆ هەناردەکردن و فرۆشتنی بەبێ دەستتێوەردانی حکومەتی هەرێم لە هەولێر.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، هەرێمی کوردستان تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نزیکەی 233 هەزار بەرمیلە، نزیکەی 230 هەزار بەرمیل ڕۆژانە ڕادەستی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەکات، بە مەرجێک نزیکەی 50 هەزار بەرمیل بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی وێستگە کارەباییەکان و بەرهەمە نەوتییەکان بهێڵێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ڕێككەوتنێكی نوێی نێوانیان.
رێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن
لایخۆیەوە سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە،  ڕێوشوێنەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە بەردەوامن و نزیکن، ڕێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن لە زوترین کاتدا.
سەباح سوبحی بە ڕۆژنامەیی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاندوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر نزیکە، لە هەنگاوێکدا کە گرێی دو ساڵ و نیو لە نێوان بەغدا و هەولێر کۆتایی پێدەهێنێت، و ئەوەش گەورەترین ئاستەنگ بو لەبەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
دەشڵێت، حکومەت نەرمییەکی ڕونی لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان نیشانداوە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی گەرەنتی یاسایی و دارایی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانیان، ئەوەش ڕێژەی تێگەیشتنەکانی بەرزکردوەتەوە بۆ زیاتر لە 90%.
سەباح سوبحی ئاشکرای کرد، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە نزیکەی 230 هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕەکان، ئەوەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دۆخی دارایی عێراق و هەرێم پێکەوە دەبێت، و یارمەتی بەهێزکردنی سەقامگیری ئابوری و پشتیوانیکردنی بودجەی گشتی دەدات.

ژمارەی خوێندراو : 53 جار

هەواڵی زیاتر