وەهادیارە هەموو ڕێگاکانی بەدیهێنانی سەرکەوتنی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ئێراندا داخراون؛ چ هێرشی زەمینی بێت یان دەرکەوتنی سەرکردەی نەرمتر، کە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەمریکا بگونجێن، یان گرەوکردن لەسەر جوڵاندنی ناڕەزایەتی ناوخۆیی، یان بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سەربازی بەرجەستە، کە سەرکردایەتی ئێران ناچار بکات سازش بکات، تەنانەت ئەگەر هەڕەشەی لێدانی ئەتۆمیش بەکاربهێنرێت.
ئەو بژاردەیەی، کە پەیوەستە بە ناردنی هێزی تایبەت بۆ داگیرکردنی دوورگەی خارک یان هەر دوورگەیەکی تر لە نزیک گەرووی هورمز، تەنها هەڕەشەیەکی بێ بنەمایە و جێبەجێکردنی زۆر قورسە. هەر هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی، دەرەنجامی کارەساتباری دەبێت و دەبێتەهۆی تووڕەیی زیاتری جەماوەری لە ناوخۆی ئەمریکادا و ئەوەی لە شکۆی ئەمریکا ماوەتەوە لەناوی دەبات، هەروەها هەلی سازشکردن لە دانوستانەکاندا لاواز دەکات، بەڵکو ڕێگە بۆ ئێران خۆشدەکات دەستکەوتی گەورەتر لەوەی پێشتر داوای دەکرد بەدەستبهێنێت.
ئەو هێزەی پێشنیاز کراوە بۆ ناردن لە (٥) هەزار سەرباز تێپەڕ ناکات، کە دەبێت بەناو ناوچە سنوورییەکانی کەناراوەکانی ئێراندا تێپەڕن لە سەرکێشییەکی سەختدا، چونکە لەوێ مووشەک، درۆن، مین، بەلەمی خێرا و ژێردەریایی بێفڕۆکەوان چاوەڕێیان دەکەن. مەترسیدارترین شتیش ئەو ئەشکەوتانەن، کە دەڕواننە سەر کەناراوەکان، وەک کەمینی ئامادە وایە بۆ هێرشکردنەسەر هەر هەوڵێکی دابەزینی هێزەکان پێش گەیشتنیان بە کەناراوەکە. هەروەها ئەشکەوتی ژێر ئاو هەن، کە ژێردەریایی بچووکی بێفڕۆکەوانیان لێ دەردەچێت، هێزە هێرشبەرەکان ناچار دەبن ئاوەکە لە مین پاکبکەنەوە، لەو کاتەشدا زۆر خاو دەبن و دەبنە نێچیرێکی ئاسان بۆ ئەو هێزانەی لە ئەشکەوت و پەناگەکانی چیاکاندا کەمینیان داناوە. ئەگەر بتوانن هەموو ئەو ئاستەنگانەش تێپەڕێنن، لە دوورگەی خارک یان هەر شوێنێکی تر، کەسانێک دەبینن، کە لە نزیک شوێنی دابەزینەکە چاوەڕێیان دەکەن تا بە مووشەک و قازیفە و تەنانەت ڕووبەڕووبوونەوەی مەودای سفر هێرشیان بکەنەسەر. بەو گریمانەیەی هێزەکە گەیشتە دوورگەکە، لە شوێنێکی کراوەدا دەبن و لەسەر کۆگاکانی نەوت دەبن، کە تەنها بە چەند درۆنێک ئەو شوێنە دەبێتە دۆزەخ. هەروەها گەیاندنی پێداویستی بۆیان زۆر ئەستەم دەبێت، چونکە نزیکبوونەوە لە کەناراوەکان سەرکێشییەکی گەورەیە. پێدەچێت جەنەڕاڵەکانی پێنتاگۆن ڕەتیبکەنەوە بچنە ناو ئەم سەرکێشییەی، کە ئەنجامەکەی تەنها شکستێکی بەئازار دەبێت.
هەر لەبەر ئەمەیە ترەمپ پێشنیازی لێدانی وێستگەکانی وزەی کرد، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی (٤٠٠) وێستگە لەسەر ڕووبەری ملیۆنێک و (٦٠٠) هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی ئێراندا بڵاوبوونەتەوە. کێشەکە تەنها ژمارەی مووشەک یان فڕۆکەکان نییە، بەڵکو تێچووەکە لە وەڵامدانەوەی ڕاگەیەندراوی ئێراندایە کە ژێرخانی ئیسرائیل دەگرێتەوە، وەک وێستگەکانی وزە و پاککردنەوەی ئاو، جگە لە کەرتی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان. هەروەها لێدانە ئێرانییەکان دامەزراوە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە ناوچەکە دەگرێتەوە، مەترسیدارتر ئەو وڵاتانەن، کە میوانداری بنکەئەمریکییەکان دەکەن، کە سەرچاوەی ئاویان کەمە و پشت بە وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو دەبەستن، هەروەها کەشوهەوایەکی زۆر گەرمیان هەیە و پێویستیان بە کارەبا هەیە بۆ فێنککەرەوەکان. لێدانی ئەم وێستگانە دەبێتەهۆی ئاوارەبوونی خەڵک، ئەمەش شتێکە وڵاتانی کەنداو ناتوانن قبوڵی بکەن.
سەبارەت بە بژاردەی لێدانی ئەتۆمیی سنووردار، هەرچەندە، وەک دەربازبوونێک لەو تێوەگلانەی ئەمریکا و ئیسرائیل دوور نییە، بەڵام مەترسییەکەی لە هێرشی زەمینی کەمتر نییە. لێدانی ئەتۆمی ڕایگشتی جیهان بە جۆرێک دەهەژێنێت، کە ئەنجامەکانی ناتوانرێت تەسەوربکرێت، دەبێتەهۆی هێرش و تووڕەیی دژی هەموو شتێکی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە جیهاندا.
ئەمانە ئەو بژاردانەن، کە لەبەردەستدان دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە، کە ڕووخاندنی ڕژێم لە ناوخۆوە یان شکستپێهێنانی بە هێزی ئاسمانی کارێکی ئەستەمە. هەموو ئەم بژاردانە، نەک هەر گەرەنتی نەکراون، بەڵکو ئەگەری زۆرە ببنە هۆی شکستێکی وەها، کە بەرگەی نەگیرێت و هەریەکە لە ترەمپ و ناتانیاهۆ لەناو ببات. بۆیە تەنها ئەوە بۆ ترەمپ دەمێنێتەوە، کە وێنەیەکی سەرکەوتن بگرێت دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجێکی دیار، یان تیرۆرکردنی کەسایەتییەک لە ڕێگەی پرۆسەیەکی هەواڵگرییەوە. ترەمپ چاوەڕێی ساتێکی گونجاو دەکات بۆ گرتنی وێنەیەکی سەرکەوتنی کاڵ و کز، کە باشتر بێت لە شکستێکی مسۆگەر، تا دواتر بچێتە ناو ڕێڕەوی چارەسەری سیاسی، بەڵام زەحمەتە بتوانێت ئەوە بەدەستبهێنێت، کە پێش ئەم شەڕە فاشیلە دەیتوانی بەدەستی بهێنێت. ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر ناوخۆی ئەمریکا و پێگەی ویلایەتەیەکگرتووەکان لە جیهاندا.
ژمارەی خوێندراو : 46 جار