مێزەری سپی مەلایەتی...

لە لایەن کامیل مەحمود22/08/2022

ڕاستە تێکەڵی بواریتری وەک میدیاو ڕۆژنامەگەری و سیاسەت بووم، بەڵام کایە فەرمی و پیشە سەرەکی و نەگۆڕەکەم مەلایەتی و کاری ناو مزگەوت و ناوەندە ئایینییەکانە، فۆرمی دەرەوەشم گشتی و دابڕاوە لەبەرگە ئاینییەکە، مێزەری سپی جوانی مەلایەتیشم هەیە کە بەتایبەت پێچراوەتەوەو لەئەستەمبوڵ کڕیومە، مێزەری کوردەواری سپی و نەپێچراوەشم هەیە، بەڵام تا ئێستا لەیەک دوو بۆنەدا نەبێ لەسەرم نەکردوون، چونکە پێم وایە سەر خستنە ژێر باری ئەو مێزەرە سپییە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە..
قەناعەتم وایە ئەو مێزەرە سپیە شوناس و سونبولەو پێویستە پاک ڕابگیرێت، دەبێت خاوەنەکەی پێشەنگ و نموونەی باڵابێت لەناو کۆمەڵگەدا،..
خاوەنی مێزەری سپی مەلایەتی لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی دنیایی و قیامەتیدایە، خەڵک لەڕەفتارەکانی ئەوانەوە دین وەردەگرێت، ئەوان دەکاتە پێوەری چاک و خراپ، بابای مێزەرسپی یان شکۆ و ڕەونەقێکی سەرنج ڕاکێش دەداتە دین و کایەی دینداری، یان دین ناشیرین دەکات لەبەرچاوی خەڵک..
زۆرن ئەو مێزەربەسەرانەی لەم ڕۆژگارەدا کاسپی بەسەر مێزەرکانیانەوە دەکەن و تەنها فۆرمەکەیان مەلایانەیە، بەڵام ناوەرۆکیان خاڵی بووەتەوە لەهەموو بەرپرسیاریەتی و پابەندییەک..
بەدرێژایی مێژوو خراپی ئەدای دوو تاقم دین و کۆمەڵگەی داڕوخاندووە، ئەوانیش دەسەڵاتداران و عولەمای سەلاتینن، وەک عەبدوڵای کوڕی موبارەک دەفەرموێ: (وهل أفسد الدين إلا الملوك وأحبار سوء ورهبانها).

وتاری زیاتر