ئایا ئیسلامییەکان گرنگی بەتەوحید نادەن؟
ئەمە قسەیەکی سەیرو نابابەتی جەنابی د.عبداللطيف ئەحمەدە کەدەڵێ ئیسلامییەکان گرنگی بەتەوحید نادەن، باشە دکتۆری بەڕێز تۆ لەهەموو وتارو قسەکانت تۆمەتی تەکفیری دەدەیتە پاڵ ئیسلامییەکان، تەکفیریش لەسەر بنەمای عەقیدەی تەوحیدەو لەسەر جوزئیات و تەنانەت بەجێ نەهێنانی واجبات و عیباداتی عەمەلیش کەس تەکفیر نەکراوە، ئەگەر وەک ئێوە دەڵێن تەکفیرین ئیتر چۆن بایەخ بە عەقیدەو تەوحید نادەن؟
بەپێچەوانەوە ئیسلامییەکان لێرەو لەوڵاتانیتری ئیسلامیدا کاریان لەسەر بنەمای تەوحیدو عەقیدەی دروستە، بەتایبەتی ئەو لایەنەی تەوحید کە لەدوای نەمانی دەسەڵاتی ئیسلامی و جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتی وەضعی پەراوێز خرا و ئەمەش زۆر بەخراپ کاریگەری لەسەر لادانە عەقائیدییەکانیتر دروست کرد، ئەویش تەوحیدی حاکمیەتە، کە گێڕانەوەی حاکمیەت و ئەو سیستمە ئیسلامییەیە تیایدا دەسەڵاتدار بەحەق و حەقیقەت پێی دەوترێ وەلی ئەمر، کار بۆ ئەمەش لەئەولەویاتی کاری ئیسلامییەکانە، دیارە تەوحیدی حاکمیەتیش وەک بەشێکی زیادکراو نا بۆ بەشەکانی تەوحید، بەڵکو تەوحیدی حاکمیەت هەوێن و بنەمای تەوحیدەو لەناو تەوحیدی ئولوهیەت و ڕبوبیەتیشدا وجودی هەیە..
ئەو تەوحیدەی کە مەدخەلیەکان لەهەرکەسێکیەوە بیبستن بەبیدعەچی دادەنێن و تەکفیری حوکام و دەسەڵاتدارانی دەدەنە پاڵ، وەک لەمشتومڕەکانیان لەگەڵ ئیسلامیەکاندا دەیبینین کاتێک بەکارهێنانی زاراوەی وەلی ئەمر بۆ دەسەڵاتدارانی ئەم سەردەمە ڕەت دەکرێتەوە دەستبەجێ دکتۆرو هاوبیرەکانی دەپرسن ئایا ئێوە فڵان حاکم و سەرکردە بەکافر دادەنێن یان موسڵمان؟!، لەکاتێکدا بابەتەکە حوکم و دەوڵەتداری و نیزامی حوکمە نەک شەخسی حاکم، ئەمان دەستبەجێ تۆمەتی تەکفیری دەسەڵاتداران دەدەنە پاڵ ئیسلامیەکان، لەکاتێکدا هەر خۆیان دیموکراسیەت بەکوفر دەزانن و ئەگەر بەهەمان پێوەربێت ئەوان دەسەڵاتداری دیموکراسیخواز یان ئەوەی باوەڕی بە دیموکراسیەت هەیە کەوایە کافرە!..
ئیسلامییەکان دیدێکی مەنهەجی و زانستیان بۆ حاکم و سیستمی حوکم هەیەو دۆو دۆشاو تێکەڵ ناکەن!!.
ئێوەی سەلەفی مەدخەلی دەتوانن لەئەدای سیاسی و بێ پرۆژەیی و کاری جەماعی و مەیدانی ڕەخنە لەئیسلامییەکان بگرن، بەڵام لەبواری عەقیدەو تەوحیددا ڕاستی دەشێوێنن..
ئیسلامییەکان لەناو گوتارو ئەدەبیاتی دەعەوی خۆیاندا بابەتی وەلاو بەرا(الولاء والبراء) زۆر زەق دەکەنەوە کە ئەم چەمکە بنەماو پارێزەری تەوحیدو عەقیدەی ئیسلامی موسڵمانانە، بەڵام ئەم بایەخ و تەرکیزە لای برایانی سەلەفی مەدخەلی بزرەو بەدەگمەن گوێت لەوتارێکیانەوە دەبێت تایبەت کرابێت بەعەقیدەی(الولاء والبراء)، چونکە ئەمەیان زیانی بۆ پەزەکان هەیە!...
كاميل مەحمود