ئەمرۆ ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنەکە بڕیاریدا بە رەتکردنەوەى دانانى کامێراى چاودێرى تیژرەوى لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕین، لێرەدا دەپرسین ئایا ئەم بڕیارە تا چەند هێزى یاسایى هەیە؟ لە خوارەوە چەند کورتە سەرنجێک دەخەینەڕوو:
یەکەم: بەگوێرەى ئەحکامى ماددەى پێنجەم لە یاساى ژمارە (3)ى ساڵى 2009 ئهنجومهنی پارێزگا دهستهڵاتی چاودێرییه له ناو سنووری كارگیریی پارێزگادا و مافی ئهوهی ههیه بڕیارو پێڕهو و رێنماییهكان بۆ رێكخستنی كاروباری كارگیری و دارایی لهناو سنووری پارێزگادا دهربچوێنێ...، بە گوێرەى ئەم ماددەیە ئەنجومەنى پارێزگا لەروانگەى دەسەڵاتى چاودێریکردنیەوە دەتوانێت بڕیار و پێرەو دەربکات و لەبەر ئەوەیشى دانانى کامێراى تیژرەوى دەچێتە ناو چێوەى تایبەتمەندى چاودێرى کردنى ئەنجومەنى پارێزگاوە کەواتە مافى هەیە لەم بارەیەوە بڕیار دەربکات و بڕیارەکانیشى هێزى یاسایى هەیە چونکە یاساکە ئەو مافەى پێداوە .
دووەم: بە گوێرەى ماددەى (6/ شەشەم) لە یاساى ئەنجومەنى پارێزگاکان، ئەنجومەن تایبەتمەند بە نهخشهكێشانی سیاسهتی گشتی بۆ پارێزگا بهههماههنگی لهگهل وهزارهتهكان و دانانی پلانی ستراتیژی بۆ گهشهپێدانی به جۆریك كه لهگهل گهشهپێدانی نیشتمانی و ههرێمدا بگونجێ ، کەواتە هەر هەنگاوێکى هاوشێوەى دانانى کامێراى تیژرەوەى پێویستە بەهەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى پارێزگا کارى لەسەر بکرێت. بەڵام لێرەدا وەزارەتى ناوخۆ بەپێچەوانەى حوکمەکانى یاساکەوە و بێ گەرانەوە بۆ ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى گرێبەستى دانانى کامێراى تیژرەوەى ئەنجامداوەو بەم پێیەش تایبەتمەندى ئەنجومەنى پارێزگاى لەم بارەدا بەزاندووە .
سێیەم: لەبەر ئەوەى بەگوێرەى ناوەرۆکى گرێبەستەکە بە هەدەردانى سامانى گشتى تێدایە و گرێبەستەکە دەبێتە هۆى دەولەمەندبوون لەسەر بنەماى سامانى گشتى، بۆیە ئەگەرهاتوو پارێزگار یان هەر بەرێوەبەرێکى گشتى کە لەرێگەى ئەنجومەنى پارێزگاوە متمانەى پێدرابێت، پابەندى بڕیارەکەى ئەنجومەن نەبێت ئەوا لەم بارەدا ئەنجومەن بە گوێرەى ئەحکامى ماددەى (6/ دووەم/ب) یان ماددەى (6/دوازدەیەم/3) لە یاساى ئەنجومەنى پارێزگاکان دەتوانێت لە پۆستەکانیان بیان بەخشێت .
چوارەم: بەگوێرەى ئەحکامى ماددەى (6/ دەیەم) لە یاساى ئەنجومەى پارێزگاکان، ئەنجومەنى پارێزگا دەسەڵاتى راگرتن یان هەموارکردنەوەى هەر پرۆژەیەکى هەیە کە پەیوەندى بە سنورى جوگرافى کارکردنیەوە هەبێت، ئەم پرۆژەیەش لەبەر ئەوەى بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئەنجومەن رەتکراوەتەوە کەواتە ئەنجومەنى پارێزگا مافى خۆیەتى دەسەڵاتەکانى بەکاربهێنێت بۆ راگرتنى ئەو پرۆژەیە.
پێنجەم: یاساى ژمارە (6)ى ساڵى 2009 ى یاساى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنى پارێزگاکان یەکێک نیە لە پێکهاتەکانى وەزارەتى ناوخۆ و ملکەچ نین بۆ بڕیار و فەرمانەکانى وەزیرى ناوخۆ وەک پێکهاتەیەکى وەزارەتەکە.
.
.
لەسەر بنەماى ئەوەى لاى سەرەوە خرایە روو بەبرواى ئێمە ئەنجومەنى پارێزگا مافى راگرتنى ئەو گرێبەستەى هەیە و دەتوانێت کارى جدى بکات لەسەر هەموارکردنەوەى بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندى گشتیدا بگونجێت و وەزارەتى ناوخۆ بەرپرسیارێتى هەر زیانێکى ماددى دەکەوێتە ئەستۆ کە بە هۆى گرێبەستەکەوە لەلایەن کۆمپانیاوە داواى لێ بکرێت چونکە وەزارەت لەرووى تایبەتمەندییەوە رەچاوى تایبەتمەندى ئەنجومەنى پارێزگاى نەکردوە لەئەنجامدانى گرێبەستەکەدا و لەرووى یاساییەوە رەچاوى دەقى یاسا بەرکارەکانى تێدا نەکراوە و دەبێتە هۆى بەهەدەردانى سامانى گشتى و دروستکردنى تەنگوچەڵەمەى کارگێڕیى و کۆمەڵایەتى لەسەر ئاستى پارێزگاى سلێمانى .