سبحان حسێن/پسپۆڕی ژینگەیی
لەماوەی 10ساڵی ڕابردودا لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەتایبەت لە لایەن دەزگا حکومیەکانی تایبەت بە ژینگەو زانکۆ و ڕێکخراوەکانەوە چەندین کۆنفڕانس و سیمپۆزیۆم و دیبەتی تایبەت بە پرسەکانی ژینگە ئەنجام دراون،ئەم کۆبوونەوانە زۆربەیان لە هۆتێلە ڕاقیەکانی سلێمانی ئەنجام دراون. مەبەست لەم کۆنفڕانسانە باسکردنی باروودۆخی ژینگەی پارێزگای سلێمانی بووە لە هەموو ڕوویەکەوە،بەڵام ئەوەی دەبینرێت لەم کۆنفڕانسانە ئەوەیە بەردەوام کۆمەڵێ دەم و چاوی دووبارە بەردەوام بابەت پێشکەش ئەکەن و سەرجەم بەڕێوەبەرە چەندین ساڵ دانراوەکان بەتەنها خۆیان و شوفێرەکانیان بەشداری ئەکەن،هەرگیز نەمان بینی ڕۆژێ کارمەندێکی ئاسایی لەو فەرمانگانە بەشداری بکەن و قسەیان هەبێ، خۆش لەوەدایە زۆربەی جار ئەنجامدانی ئەم کۆنفڕانسانە پێش نیوەڕۆ ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی نانی نیوەڕۆ ئەم بەڕێزانە دەعوەتکراون نانێکی چەورکراو بخۆن، لە ناو هەر کۆبونەوەیەکدا هەرچی بەڕێوەبەر یا بەرپرس هەیە ناڕازییە لە هەموو ڕوویەکەوە و کەسیان خۆیان بە بەرپرسی ئەم شارە نازانن و تەنها نمایشی خۆیان ئەکەن، لە کۆتایدا ئەوەی تاقەتی هەبێ گوێی گرتووەو ئەوی تریشی هەر خەریکی تەلەفۆنات بووەو دواتر کۆمەڵێ خاڵ ئەنوسرێت و لەناو مێزەکاندا هەڵ ئەگیرێن. کاتی نانی نیوەڕۆ هات هەمووان بۆ بۆفیە مەفتووحە و نان خواردن و وێنەی جەماعی، ژینگەش لەولاوە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپتر ئەڕوات.
بۆیە پێویستە چی دیکە ڕێگە نەدرێت بەناوی سپۆنسەری فڵانە کۆمپانیاو پشتگیری فڵانە وەزیرو بەرپرس ئەم کۆبونەوە بێ مانایانە ئەنجام بدرێت، چون شتێک نیە دەربارەی ژینگە یا هەر پێکهاتەیەکی زانراو نەبێ و خەڵک هەستی پێ نەکات، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە ئەوەیە هەنگاوبنرێت بۆ چارەسەر کردن و ڕێگری کردن لە پیس بوونی ژینگەو خۆ نواندن و گەورەکردن لەتەنیشت ناوی ژینگەوە.