نەخۆشييەك كە لە مەسەلەى ژيانى دنيادا تووشى دەروونى ئێمەى ئادەميى دەبێت، سەرسامبوونە بە چێژ و خۆشييەكانى، دڵدانە بە دنيا و جوانييەكانى، وابەستەبوونە بە هەنگاوەكانى بەدەستهێنانى و هێشتنەوەى لاى خۆمان، وادەزانين جوان لێى تێگەيشتووين، چاك شارەزاين چۆن دەستى بۆ ببەين، دەتوانين دنيا بۆ خۆمان ببەين نەوەك ئەو بە پڕتاوێك بمانفڕێنێت، كەوچكە هەنگوينێكى دنيا هێندە تاسەى پێداوين باكمان نيە بە سەد ئازار و پێوەدان، بۆ هەر پێوەدانێكيش سەد بيانوومان بەدەستەوەيە هەتا قەناعەت بە خۆمان و چواردەوريشمان بكەين پێوەيستە بەرگەى ئەو ئازارە بگرين، ناپرسين لەپاى چى؟
يەكێكمان دەوێت رامانچڵەكێنێت پێش ئەوەى ببينە نێچيرى دنيايەكى سەوز، دنيايەك كەمەندكێشمان دەكات بۆ ئارەزووەكان، پەرژينێك كە لێمان بووەتە ژوورى حەوانەوە، بەڵام هەركات گەيشتيتنە ئەوديوى، ئيتر پێمان ناوەتە ناو دۆزەخ (حُفَّتِ النَّارُ بِالشَّهَوَاتِ)
حەكيمى كوڕى حيزام قاچێكى بەرزكردبوويەوە بۆ نێو ئەو پەرژينە، خێرا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئاگادارى كردەوە (هەركەس بە هەڵپە و تەماوە دنيا بەدەستبهێنێت، بەرەكەتى تێدا نابێت بۆى، وەك كەسێك كە هەر دەخوات و تێر نابێت)، نەوەك خانوويەك و دوان، سەيارەيەك و دوان.. كام دۆڵ و شيوەت ديوەو لات گەورەيە، پڕ بێت لە زێڕ، پێى تێر نابين، مەگەر بە مشتێك لە خۆڵەكەى (لَوْ أَنَّ لِابْنِ آدَمَ وَادِيًا مِنْ ذَهَبٍ أَحَبَّ أَنْ يَكُونَ لَهُ وَادِيَانِ ، وَلَنْ يَمْلَأَ فَاهُ إِلَّا التُّرَابُ)
ئێمە مەستين، بەڵام مانەوەمان لەو مەستيەدا رێ نادات هەست بەو سەرخۆشييەى خۆمان بكەين، خوليا و ويستمان بەدەستهێنانى دنيايە، خواى گەورەش ئاخيرەتى بۆ پێشنيار كردوين، تەنها دەرفەتى داوين پشكى خۆمان لەمديويش لەبير نەكەين، ئيتر مافى ئەم پشكەمان كردووە بە بيانوو هەتا ئاستێك ئەوديومان كردووە بە بەردەستى ئەمديو، يەكێكمان دەوێت دەستمان بگرێت، دەربازمان بكات، نەهێڵێت خۆ بنووسێنين بە لوولەى گەرمى چراكانەوە هەتا نەسووتێين، نەگبەتيمان لەوەدايە لەو فريادڕەسانەش هەڵدێين نەبادا بێينەوە هۆش خۆ.
(ألهاكم التكاثر حتى زرتم المقابر)