عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی ئەمریکی و هەموو دەنگۆکانی بەڕێوەچوونی دانوستانی ڕاستەوخۆ تەنها گریمانەی میدیایین.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە مەرجەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز ڕوونن؛ بە شێوەیەک کە پێویستە سەرەتا ئەمریکا مەرجەکانی تاران بۆ بڕینی گەمارۆکان و کردنەوەی گەرووی هورمز قبوڵ بکات، پاشان دانوستانەکان چی بە ناڕاستەوخۆ یان بەڕاستەوخۆ دەست پێدەکەنەوە.
گرنگترین خاڵەکانی چاوپێکەوتنەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران:
+ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە دۆحەیە بۆ ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنی قەتەری، بەڵام هیچ بەرنامەیەک بۆ دیدار لەگەڵ ئەمریکییەکان لە ئارادا نییە.
+ کردنەوەی گەرووی هورمز بەندە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران و "پلانی حەوت ڕۆژە" کە پێشتر لە ڕێگەی قەتەرەوە ڕادەستی ئەمریکییەکان (ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر) کراوە.
+ ئێران خوازیاری دانوستانە بۆ هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکان، لە بەرامبەردا ئەمریکییەکان تەرکیز لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و گەڕانەوەی پشکنەرەکان دەکەنەوە.
+ وڵاتانی قەتەر و پاکستان سەرقاڵی ڕاوێژکاریین بۆ نزیککردنەوەی دیدگای هەردوو لایەن و بەیەکگەیشتنی قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە.
ژمارەی خوێندراو : 74 جار