بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان لە شاری بەغدا گردببنەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایەتییەک دژی دەستگیرکردنی عەباس حوسێن یەعقوبی، بەڕێوەبەری هەواڵگریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغدای دەستەی حەشدی شەعبی و فەرماندە لە بزووتنەوەی نەجەبا.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەستەی حەشدی شەعبی، ئەم بانگەوازە لەلایەن جەماوەری "موقاوەمە" لە عێراق کراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵوەستەیەکی ناڕەزایەتی دژی دەستگیرکردنی ئەو فەرماندەیەی حەشد. هاوكات سەرچاوەکەی حەشدی شەعبی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هەڵوێستە بانگەوازی فەرمی دەستەی حەشدی شەعبی نییە.
لە پەیامی بانگەوازی گرووپە چەکدارەکاندا کە ئاراستەی لایەنگرانیان کراوە، داوا کراوە بەشداربن لە دژایەتیکردنی ئەوەی بە "رەفتاری هەڵە" بەرامبەر کەسایەتییەکانی حەشد وەسفیان کردووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئامانجی گردبوونەوەکە بەرزکردنەوەی دەنگە دژی "ئاژاوە و بانگەوازە دەرەکییەکان بۆ شەڕی ناوخۆ" کە بە وتەی ئەوان لەلایەن لایەنە دەرەکییەکانەوە دەسەپێندرێن.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، هێزێکی تایبەتی دەزگای دژەتیرۆری عێراق عەباس حوسێن یەعقوبی-یان لە ماڵەکەی خۆی لە ناحیەی فەزلییەی سەر بە پارێزگای زیقار دەستگیرکرد.
ژمارەی خوێندراو : 74 جار