ئەوجارە کە دڵت تەنگ بوو، خۆت زۆر مشەوەش مەکە

لە لایەن هەژار سەلام21/10/2022

یەکێک لەو ڕێگایانەی مرۆڤ بەهۆیەوە هەنگاوێک دووردەکەوێتەوە لە تێگەشتن، لێکدانەوەی خەمەکانییەتی بە زۆر تێفکرین و قوڵبوونەوەی ئەو و ڕوکەشبوونی ئەوانی تر.
کە دڵی تەنگ دەبێ و بیر لە دڵتەنگییەکەی دەکاتەوە، مێشکی بۆ ئارامکردنەوەی باشترین پاساوی پێدەدات بۆ ئەوەی بۆی ڕونکاتەوە کە تۆ بۆیە دڵت تەنگە، چونکە تۆ قوڵ بیردەکەیتەوە، تۆ زیاتر لەوانی تر ڕۆچوویتە ناو بابەتەکان و لە هەمووشیان زیاتر تێگەیشتوویت. ئیتر لەوانەیە دەستبکات بە ڕەخنە گرتن لە ڕوکەشیبوونی ئەوانی تر، مێشکی تا ڕادەیەک دڵتەنگییەکەی بە ئاقڵی ئەو بۆ پێناسە دەکات کە خۆی لەوانی تر بەرزتر ببینێت، ئەوانی تر؟ ئەسڵەن شایەنی ئەوە نین گوێیان بۆ بگریت.
بۆیە لەوانەیە زۆرمان گوێلێبێت کە دەڵێن، کاکە ئینسان هەر بیرنەکاتەوە باشە، سەیری فڵان بکە بۆخۆی خۆشدەژیت بیرناکاتەوە، بەم قسانەی مێشکی خۆی دەباتە سەرەوەی ئەوانی تر و خۆی لەخۆی گەورەتر پشانی کەسەکە دەدات، وەک ئەوەی تەنها کەسێک لەم سەرزەوییە بیربکاتەوە ئەو و ئەوانە بن کە ئەو کتێبەکانیان دەخوێنێتەوە.
بۆیە ئەوجارە کە دڵت تەنگ بوو، خۆت زۆر مشەوەش مەکە، تۆ لە هەمووان زیرەکتر نیت (نیم) ، هەموومان وەک یەکین، زۆربەی خەڵکیش وەک تۆ بیردەکەنەوە و شتێکی تایبەت لە تۆدا بوونی نییە لە مرۆڤەکانی ترت جیابکاتەوە، وەرزش ناکەیت، هەر لەماڵەوەیت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت ڕوخاون و خواردنەکانت هەموویان خراپن، بەس بەیانیان کە هەڵدەستیت و شەوان پێش خەو پەرداغێک دووان ئاو دەخۆیتەوە، ئیتر چۆن بەتەمای وزەت هەبێ و دڵ خۆشبیت، نازانم. بەڵام دڵنیابە ئیشی ئەوەنییە تۆ لە مرۆڤەکانی تر ئاقڵتریت.

وتاری زیاتر