كشانەوە لە پەرلەمان چ سوودێكى بۆ ئۆپۆزسيۆن هەيە؟

لە لایەن ئیسماعیل تەها23/10/2022

ڕوون میدیا
سەرەڕاى هەبوونى گلەيى زۆر لە ئەداى پەرلەمانى كوردستان، بەڵام مينەبەرێكى زۆرباشى هێزە ئۆپۆزسيۆنەكانە بۆ ئەنجامدانى چالاكى و گەياندنى كەموكوڕييەكان و دەستگەيشتن بە شێوەيەكى ياسايى بە زۆر دۆسيە و ئاگادار بوون لە بەڕێوەچوونى ئيدارەدانى هەرێمى كوردستان لە لايەن حكومەتەوە .
لە پاڵ ئەوانەش گەياندنى ناڕەزايى خەڵك و رێگرى لە هەندێك ياسا و بڕگەى ياسايى، كە بەشێوەى رێككەوتن و روونكردنەوە بێت، ياخود بەشێوەى فشار بێت.
ئەم خولەى پەرلەمان چوار ساڵى تەواو دەكات و هەڵبژاردن لە وادەى خۆى ناكرێت، بەڵكو بۆ ماوەى ساڵێك درێژ كرايتەوە.
نەوەى نوێ و يەكگرتوو بڕياريان داوە لە مانگى داهاتوو لە پەرلەمان بكشێنەوە، كۆمەڵ تا ئێستا ئەو بڕيارەى نەداوە، بڕيارە لەو نزيكانە خۆى يەكلايى بكاتەوە.
كشانەوە بۆ ئەو هێزانە لە دەستدانى بەشێكى گرنگى لاکیيەكانە، تا ئێستا ئەو سێ حزبە چەقى چالاكييەكانيان وەك ئۆپۆزسيۆن پەرلەمانى كوردستانە، بەكشانەوەيان مينبەرێكى زۆرباش لە دەستخۆيان دەدەن، چونكە ئەگەر سەيرى چالاكى سياسى ئەو حزبانە بكەين قوورسايى چالاكييەكانيان لە پەرلەمانى كوردستانە.
لە هەرشوێنێك دەنگى ناڕەزايى خەڵك هەبێت ئەوان وەك پەرلەمانتار دەچن پەيامى خۆيان و پاڵپشتى خۆيان دەگەينن و پەيامى ناڕەزايى خەڵك دەبنە پەرلەمان و داواى گفتوگۆ دەكەن، زۆرجاريش لە پەرلەمان بەتوندى ململانێ دەكەن، ئەوە لە رووى راگەياندنەوە كاريگەرى دەكاتە سەر خەڵك كە ئەو هێزانە وەك داكۆيكەر لە خۆيان ببينن .
بەڵام كاتێك ئەو هێزانە لە پەرلەمان دەكشێنێنەوە بەديلى كشانەوەيان بۆ ئەو جۆرە بەشداريانە زۆر لاواز دەبێت ئەو شەرعيەتى كە لە پەرلەمان هەيانە لەدەستى دەدەن، ئەوكات دەبێت حزبى بەشدارى بكەن، چونكە شەرعيەتى پەرلەمانيان نەماوە، كە ئەوەش جگە لە بەشدارى وەك هاووڵاتيەكى ئاسايى هەنگاوى ترى بەدواوە نايەت، چونكە جاران دەيانتوانى بە راپۆرتێك رادەستى لايەنە پەيوەنديدارەكانى ناو پەرلەمانى بكەن، بەڵام بە كشانەوەيان ئەو دەرفەتەيان لەدەست دەچێت.
بۆيە تا هەڵبژاردنى داهاتوو ئەو هێزانە ئەو كاريگەريەى هەيانە لەدەستخۆيانى دەدەن.
ئەگەر بكشێنەوە پەرلەمان هەر ياسايەك دەربكات ئەوكات ئەو مافە لەدەستخۆيان دەدەن لەناو پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر بڕگەكان بكەن، بەڵكو دەبێت وەك هاووڵاتيەكى ئاسايى دانيشن لە شاشەكان سەيرى ئەو دانيشتنە بكەن، جاران ئەگەر لەياسايەك رۆڵيان هەبوو دەيانتوانى بيكەن بە دەستكەوت، بەڵام لەدواى كشانەوە ئەو شانازييە لەدەستەخۆيان دەدەن.

وتاری زیاتر