بۆ بارزانی و تاڵەبانی: هەرچی زووە دەست بە شەڕی چەکداری بکەن

لە لایەن عبدالله‌ ملا نوری08/11/2022

ڕوون میدیا
بەڵێ بۆ شەڕی پارتی و یەکێتی!
زۆر باسی ئەوە دەکرێ گوایە دۆخی نێوان یەکێتی و پارتی هێندە خراپە خەریکە دەگاتە شەڕی ناوخۆ!
لێرەوە من داوا لە هەردوو بەڕێزان سەرۆک مەسعودو سەرۆک باڤڵ دەکەم، هەرچی زووە دەست بە شەڕی چەکداری پارتی و یەکێتی بکەن.
داوا دەکەم: قورسترین و مەترسیدارترین چەکەکانتان بەرامبەر یەک بە کار بهێنن،
ئەو چەکدارو کادرو لایەنگرانەتان، کە هێشتا دەروێشانە پشتتان دەگرن و داکۆکیتان لێدەکەن لە بەرەی پێشەوەی شەڕەدا دابنێن،
زۆر باش دەبێت ئەگەر خۆتان راستەوخۆ لە نزیکی نزیکەوە سەرپەرشتی شەڕەکان بکەن،
هەروەک پێشنیاز دەکەم ستافی نوسینگەکانتان، مەکتەب سیاسیەکانتان، ئامۆزارو برازاو کوڕەزاو تیتکەزاکانتان هەموو پشتوێنی خۆکوژیان بۆ ببەستن و بیانێرن بۆ کۆمەڵکوژی یەکتر، ئەمە هەر زۆر گرنگە!
بەڵێن بێت ئێمەش بێوەفا نەبین؛ لە دورەوە چەپڵەتان بۆ لێبدەین، جار لە دوای جار وتاری ئاگرین و حەماسیتان بۆ بنوسین،
هەرکە کوژران، وێنەی گەورەو رەنگاو رەنگتان بە لادیوارەکانەوە بۆ دەکێشین و نازناوی نەمرو پاڵەوانتان بۆ دادەتاشین…
ئیدی بۆ کەیتانە رۆژێک زوتر دەستپێبکەن!
تکایە دوای مەخەن!
عەبدوڵای مەلا نوری

وتاری زیاتر