نالی ۱۷ دەیە پێش ئێستا

لە لایەن دارا حەمەئەمین15/11/2022

دارا حەمە ئەمین
لە غوربەتا یادی سلێمانی ئەکا، هیچ هۆکاری پەیوەندی نەبوە تا هەواڵی شار بزانی جگە لە (با) کە سڵاوی پیا بنێرێتەوە و هەواڵی لێبپرسێ دوای ئەوەی لە شار دور کەوتۆتەوە بەهۆی ناکۆکی ناوخۆی بابانیەکان.
لای نالی و لای ئێمەش جاران و ئێستاش شار هەر سلێمانییە، شاری جوانی سروشت وشاری ئەدەب و هونەر، شاری زانایان و عارفان، شاری شۆڕش و خەبات، شاری داهێنان وبنیاتنان، شاری شارەزور و شارباژێڕ وقەرەداغ وگەرمیان وکوێستان.
نالی هەواڵی وردی شار دەپرسی: سەرچنار چۆنە سەرچاوە ودار وچنارو گوڵ و جوانیەکەی ماوە؟تانجەرۆ ئاوەکەی لیخن نەبوە؟ ئاسکەی کانیسکان وئاسکەکانی شار ماون؟ دارەکەی پیر مەنسور ماوە؟ ئەی پردەکەی سەرشەقام؟ ئەی گردی سەیوان؟ ئەی چیمەنی ناو خانەقا ماوە؟ زۆر پرسیاری تریش ئەکا تا هەواڵی شار بزانێ.
بەداخاوە حەزرەتی نالی ئیستا شارە جوانەکەی سلێمانی زۆر گۆڕاوە زۆرێک لە جوانیەکانی نەماوە، نە میری بابان ماوە و نە جوانیەکانی سەرچنار ماوە ، کانی ئاسکان نە ئاسک و نە ئاوی کەس نایبینێت، تانجەرۆش ڕوبار نەماوە بۆتە ژەهر وسەرچاوی نەخۆشی، دارەکەی پیرمەسوریش وشک بوەو لە جێگاکەیدا باڵەخانەیەکی کۆنکرتیان دروستکردوە، پردی سەرشەقامیش ڕوخاوە وەک دەرونی دانیشتوانی شار بە دەست نادادیەوە، ئیستا سلیمانی لە ژێر هەڕەشەی ناوخۆ دەرەوەیە و ڕۆژانە پەلاماری خەڵکەکەی دەدرێت.
بەڵام بێخەم بە تا سلێمانی مزگەوت و زانکۆ وخوێندەوار و شاعیرانی نەوەی ئێوەی تێدا بێت بەدوای جوانیەکانی دا دەگەڕێت و دەبێتە سەرمەشقی خەبات و زانست وداهێنان وبەرخودان و چۆک بەناحەزن و گەندەڵکاران دا ئەدات....
قوربانی تۆزی ڕێگەتم، ئەی بادی خۆش مروور
ئەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری شارەزوور
ئەی لوتفەکەت خەفیی و ھەوا خواە و ھەمدەمە
وەی سروەکەت بەشارەتی سەرگۆشەیی حوزوور
ئەی ھەم میزاجی ئەشکی تەڕ و گەرمی عاشقان
تۆفانی دیدە و شەرەری قەلبی وەک تەنوور
گاھێ دەبی بە ڕەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ
گاھێ دەبی بە دەم، دەدەمێنی، دەمی غوروور
مەحوی قەبووڵی خاتری عاتر شەمیمتە
گەردی شیمال و گێژی جەنووب و کزەی دەبوور
سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم، دڵ و دەروون
نەیماوە غەیری گۆشەیی، زیکرێکی یا سەبوور
ھەم ھەم عەنانی ئاھم و، ھەم ھەم ڕیکابی ئەشک
ڕەحمێ بەم ئاە و ئەشکە بکە، ھەستەبێ قوسوور
وەک ئاھەکەم دەوان بە، ھەتا خاکی کۆیی یار
وەک ئەشکەکەم ڕەوان بە، ھەتا ئاوی (شیوەسوور)
بەو ئاوە خۆت بشۆ، لە کودووراتی سەرزەمین
شاد بن بەوەسلی یەکدی، کە تۆی تاھیر، ئەو تەھوور
ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی (سەرچنار)
ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور
چەشمێکە میسلی خۆر کە لە سەد جێ، بە ڕۆشنی
فەورانی، نووری سافە لەسەر بەردی وەک بلوور
یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کەوا
ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەھابی نوور
یا چەشمەساری خاتری پڕ فەیزی عاریفە
یەنبووعی نوورە دابڕژێنێ لە کێوی توور
دەموت دوو چاوی خۆمە، ئەگەر (بەکرەجۆ)یی ئەشک
نەبوایە تیژ و بێ سەمەر و گەرم و سوێر و سوور
داخڵ نەبی بە عەنبەری سارایی (خاک و خۆڵ)
ھەتا نەکەی بەخاکی (سولەیمانی)یا عوبوور
یەعنی ڕیازی ڕەوزە، کە تێیدا بە چەند دەمێ
موشکین دەبێ بە کاکۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور
خاکی میزاجی عەنبەر و، داری ڕەواجی عوود
بەردی خەراجی گەوھەر و، جۆباری عەینی نوور
شامی ھەموو نەھار و، فوسووڵی ھەموو بەھار
تۆزی ھەموو عەبیر و، بوخاری ھەموو بوخوور
شارێکە عەدل و گەرمە، لە جێگێکە خۆش و نەرم
بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن: شاری شارەزوور
ئەھلێکی وای ھەیە، کە ھەموو ئەھلی دانشن
ھەم نازیمی عوقوودن و، ھەم نازیری ئوموور
سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان
دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور
داخۆ دەروونی شەق نەبووە (پردی سەرشەقام)؟
پیر و فوتادەتەن نەبووە (داری پیرمەسوور)؟
ئێستەش بە بەرگ و بارە عەلەمداری (شێخ ھەباس)،
یا بێ نەوا و بەرگە، گەڕاوە بە شەخسی عوور؟
ئایا بە جەمع و دائیرەیە دەوری (کانی با)،
یاخۆ بووە بە تەفریقەیی شۆڕش و نوشوور؟
(سەیوان) نەزیری گونبەدی کەیوانە سەبز و ساف،
یاخۆ بووە بە دائیرەی ئەنجومی قوبوور؟
ئێستەش مەکانی ئاسکەیە (کانیی ئاسکان)،
یاخۆ بووە بە مەلعەبەی گورگ و لوورەلوور؟
ئێستەش سوروشکی عیشقی ھەیە (شیوی ئاودار)،
یاخۆ بووە بە سۆفیی وشکی لە حەق بە دوور؟
داخۆ دەروونی سافە، گوڕەی ماوە (تانجەرۆ)،
یاخۆ ئەسیری خاکە، بە لێڵی دەکا عوبوور؟
سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو (خانەقا) بکە
ئایا ڕەبیعی ئاھووە، یا چایری ستوور؟
سەبزە لە دەوری گوڵ تەڕە، وەک خەتتی ڕوویی یار،
یا پووشی وشک و زوورە، وەکوو ڕیشی (کاکەسوور)؟
قەلبی مونەوەرە لە حەبیبانی نازەنین،
یا وەک سەقەر، پڕە لە ڕەقیبانی لەندەھوور؟
دەس بەندیانە دێن و دەچن، سەرو و نارەوەن،
یا حەڵقەیانە سۆفیی ملخوار و مەندەبوور؟
مەیلێ بکە لە سەبزە درەختانی مەدرەسە
ئەوراقیان موقەدیمەیی شینە یا نە سوور؟
حەوزی پڕی، کە نائیبی دیدەی منە لەوێ
لێڵاوی دانەھاتووە، وەک سەیلی (شیوەسوور)؟
ئێستەش کەناری حەوشەکە جێی باز و کەوشەکە؟
یاریی تیایە، یا بووەتە مەعرەزی نوفوور؟
چاوێ بخە لەسەبزە و سێرابی دائیرە
جێ جیلوەگاھی چاوەکەمە نەرمە یا نە زوور؟
توخوا فەزایی دەشتی فەقێکان ئەمێستەکەش
مەحشەر میسالە، یا بووەتە (چۆڵی سەلم و توور)؟
واسیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم
چی ماوە، چی نەماوە، لە ھەیوان و تاق و ژوور
ئەو غاری یارە، ئیستە پڕ ئەغیارە، یا نە خۆ
ھەر غاری یارە، یا بووەتە غاری مار و موور؟
زارم وەکو ھیلال و نەحیفم وەکو خەیاڵ
ئایا دەکەومەزار و بە دڵدا دەکەم خوتوور؟
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی ھیجرەتە
دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور
ئایا مەقامی ڕوخسەتە لەم بەینە بێمەوە،
یا مەسڵەحەت تەوەقوفە تا یەومی نەفخی سوور؟
حاڵی بکە بە خوفیە: کە ئەی یاری سەنگ دڵ!
«نالی» لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور.

وتاری زیاتر