لە ١٨هەمین ڕۆژی ئاگربەستدا، دوێنێ هەینی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا، بەیانی ئەمڕۆ شەممە بەرەو پاکستان بەڕێ دەکەون بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ عەراقچی.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند کە عەراقچی هیچ پلانێکی نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نێردە ئەمریکییەکان و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسلام ئاباد تێبینییەکانی تاران سەبارەت بە هێورکردنەوەی گرژییەکان دەگەیەنێت.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئێران بەنیازی پێشکەشکردنی پێشنیازێکە بە ئامانجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا. ترەمپ وتی: "ئێرانییەکان پێشنیازێک دەخەنە ڕوو و دەبینین چی ڕوودەدات"، ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا ناوەڕۆکی پێشنیازەکە نازانێت.
سەبارەت بە دۆخی لوبنان، سەرەڕای ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی چەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنان. پەیامنێرانی جەزیرە ڕایانگەیاندووە کە هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر شارۆچکەکانی "دێر عامس" و "کۆنین"، هەروەها گەڕەکە نیشتەجێبوونەکانی شاری "بنت جوبەیل" تەقێنراونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی لوبنان ڕۆژی هەینی بڵاوی کردەوە کە پێکدادانی تووند لە نێوان شەڕڤانانی حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل لە شاری بنت جوبەیل لە باشووری وڵات ڕوویداوە.
لە ڕووی سیاسییەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، حزبوڵای تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی تێکدانی ڕێڕەوی بەدیهێنانی "ئاشتییەکی مێژوویی" لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەدات. نەتانیاهۆ جەختی لە ئەنجامدانی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر حزبەکە کردەوە و بەڵێنی دا کە کار بۆ "گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دەکات.
ژمارەی خوێندراو : 59 جار