پارتی و یەکێتی هەرێمی کوردستانیان داگیر کردووە

لە لایەن زانا ڕەسوڵ21/11/2022

پارتی و یەکێتی هەرێمی کوردستانیان داگیر کردووە
زانا ڕەسوڵ
ئەگەر سەیری ڕواڵەتەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم و داهات و دەسکەوتەکانی بکەین، بەڕوونی ئەوەمان بۆدەردەکەوێت سیستمێکی حکومڕانی ڕەشید ئیدارەی ووڵات نادات، بەڵکو ئەوەی هەیە فەرهوودکردنی سامانی ئەم نیشتیمانەیە لەلایەن دووکۆمپانیای حیزبییەوە .
دروست بڵێم، لەلایەن دوو بنەماڵەوە کەدەیان ساڵە دەستیان بەسەر چی سەرچاوەی مرۆیی و ئابوری و تەنانەت قوتی خەڵکیشدا گرتووە .
ئەم تایپە لەحکومڕانی جگە لەداگیرکردنی پۆستە باڵاکانی حکومەت و سەرچاوە سروشتیەکان و کەرتە تەندروستی و بازرگانیەکان و زەوییە سترتیژیەکان، نیازێکیان بۆ خزمەت کردنی خەڵکی نەبوەو نییە .
نوخبەی شکستخواردووی دەسەڵاتی گەندەڵی کوردی لەڕێی زۆرینەیەکی ساختەی پەرلەمانی و سەرکوتی دەنگی ئازاو ئازادیخوازانەوە، هەمیشە چاو قایمانە هاتۆتەوە سەرشانۆی دەسەڵات ، کاتێکیش شکست دێنن لە بەڕێوەبردنی هەرێم و حکومەت و پارلەمان، هیچ کات ئامادەی دەست لەکارکێشانەوە و جێهێشتنی کورسیەکەیان نین .
ئەمەداگیرکاری نەبێت چییە ؟
فەراهەم کردنی ڕەفاهیەتی ژیان و خاوەندارێتی زانکۆ و نەخۆشخانەو مۆڵ و بەنزینخانەو حساب بانکی زەبەلاح بۆ کوڕە بەرپرس و دەستڕۆیشتوەکان و، بێ هیواکردنی هەزاران گەنجی ئەم ووڵاتەو ناچارکردنیان بە جێهێشتنی نیشتیمان و خنکانیان بەکۆمەڵ لەئاوی وڵاتانی بێگانەدا داگیرکاری نەبێت چییە ؟
کاتێک کچە مۆدێلە بیانیەکان بانگهێشتی شەوە ئاهەنگەکان دەکەن و سەروەتی ئەم ووڵاتە دەخەنە ژێر پێیان، لەولاشەوە ئاو و کارەبا نادەنە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان و دەرماڵە کە سەرەتایترین مافی خۆیانە پێیان نادەن داگیرکاری نەبێت چییە ؟
لەهەمووی سەیر تر بێدەنگ بوون لەبەرامبەر تۆپ و تانکی ووڵاتانی دراوسێ کاتێک لوتکەی چیا بەرزەکانی کوردستان دەشکێننەوە لەولاشەوە بەچەکی قورس لەخۆپیشاندەرانی هەرێمەکەی خۆت دەدەی کاتێک داوای مافێکی سەرەتایی خۆیان دەکەن داگیرکاری نەبێت چییە ؟
ئەی بێدەنگ بوون لەبەرامبەر هەموو ئەو تیرۆرانەی کە وڵاتانی درواسێ دەرهەق بە ئازادیخوازانی پارچەکانیتری کوردستان لەم هەرێمەی ئێمەدا دەکرێت لەگەڵ خودی داگیرکارییەکە فەرقێکی هەیە ؟!
جووت حیزبی دەسەڵات وادەزانن تاکوێ دەتوانن قوت و ماف و ئیرادەی خەڵکی هەرێم داگیربکەن، قۆناغێک هەیە لای دەسەڵات بە بێهیوابوونی خەڵک لەخۆپیشاندان لێکدەدرێتەوە، بەڵام تەفسیری بێدەنگ بوون و بێهوابوونی خەڵکی لەخۆپیشاندان دەسبەرداربوون نیە لەخەباتی شەقام ئەوەندەی بیرکردنەوەیە لە گۆڕینی شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتیەکان تادەگاتە ڕاپەڕینێک کە کۆتایی بەم شانۆگەریە پڕستەم و داگیرکارییە بهێنیت .

وتاری زیاتر