جیاوازییان نییە!

لە لایەن سەروەر عومەر23/11/2022

سەروەر عومەر
ئەوانەی دڵیان بەوە خۆشە کە هەڵبژاردەی سعوودییە لە ئەرجەنتینی بردۆتەوە، (لەبەر ئەوەی وڵاتێکی ئیسلامییە) لەگەڵ ئەوانەی کە خۆشحاڵبوون بە بردنەوەی ئیکوادۆر لە قەتەر (چونکە وڵاتێکی عەلمانییە)، بە قەدەر یەک کۆڵەوارن.
ئەوانەی کە شادومانن بەوەی قەتەر وڵاتێکی تەواو ئیسلامییە و دارالخلافەیە، لەگەڵ ئەوانەی کە ئەڵێن نەخێر ئەم وڵاتە پڕە لە باڕ و سۆزانیخانە و قومارخانە، گرفتاری یەک جۆر لە بێئاگایین.
ئەوانەی کە پێیان وایە ئەگەر هەواداری وڵاتێکی عەرەبی بین ئەوە دیندارییە، لەگەڵ ئەوانەی کە پێیان وایە ئەگەر هاندەری وڵاتێکی ئەورووپی بین ئەوە کوردایەتییە، بە دەست یەک جۆر حەماقەتەوە ئەناڵێنن.
تۆپی پێ لای من سەرچاوەی چێژە، وەک خواردنێکی خۆش، وەک فیلمێکی جوان، وەک تابلۆیەکی هونەری. سەیری مۆندیال بکەن و چێژی لێ وەربگرن، ئەگەر حەزتان لە چەلەحانێی سیاسی و دژایەتی و کەرەکەری کوردایەتییە، بڕۆن لە شوێنێکی تر خەریکی بن، واز لە مۆندیال بێنن.

وتاری زیاتر