سەرنجە یاساییەكان لەسەرپڕۆژە یاسای کار لە ھەرێمی کوردستان - عێراق

لە لایەن دانا دارا حسێن30/11/2022

روون میدیا
ئەم سەرنجانەی لێرەدا خراوونەتە ڕوو لەسەر دواھەمین درافتی پڕۆژە یاساکە بوە کە لە ٢٣/١٠/٢٠٢٢ بەردەست بوە .
*سەرنجە گشتیەکان :
دەقەکانی پڕۆژەکە بەشی ھەرەزۆریان لە یاسای نوێ ی کاری عێڕاقی ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ وەرگیراوە .
بونی وەھا یاسایەک باش و گونجاوە بەڵام بەتەنھا بەبێ یاسایەکی نوێ بۆ (خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ) بەتەواوەتی کێشەکانی ئەو بوارە چارەسەر ناکات .
نەفەسی ڕەوتی تەشریعی بۆ ڕێکخستنی حوکمەکانی یاساکە دەبێت وەڵامی ئەوە بداتەوە کە ئایا حوکمەکانی یاساکە دەعمی بازاڕی ئازاد دەکات یان بازاڕی ئاڕاستەکراو ؟
حوکمەکانی یاساکە دەبێت باڵانسی نێوان مافەکانی کرێکار لەلایەک و خاوەن کار لەلایەک بکات ئەگینا لاسەنگیەکە لە واقیعدا ھەر بەردەوام دەبێت .
*سەرنجەکان لەسەر ماددەکان :
١. بڕگەی شەشەم لە ماددەی ١ی پێناسەکان , باسی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ھاتوە , ئەی قەزاکان چارەنوسیان چی دەبێت؟
٢. بڕگەی یازدەیەم لە ماددەی ١ ,کە پێناسەی کرێکاری کردوە بە ھەرکەسێکی سروشتی .... , ئەوا لە تەنیشتی سروشتی بنوسرێت( دەستی و زیھنی) .....
٣. بڕگەی سێزدەھەم لەپێناسەی خاوەنکار ھاتوە :ھەرکەسێکی سروشتی یان مەعنەوی ...ئەوا دەکرێت مەعنەوی بکرێتە (ئیعتیباری) یان بکرێتە ھەر ٣ جۆرەکە .
٤. بڕگەی نۆزدەیەم لە ھەمان ماددە لە باسی کاری زۆرەملێ نوسراوە ھەرکارێکە بسەپێنرێتە سەر کەسێک , وشەی کەسێک بکرێت بە کرێکارێک .
٥. بڕگەی بیست و ھەشتەم لە باسی ڕێکخراوی کرێکاراندا دەبێت ئەو ڕاستیە بزانرێت کە کرێکارانیش فرە سەندیکان نەک یەک یان دوو جۆر !
٦. بڕگەی سی و دووەم لە پێناسەی گێچەڵی سێکسی دەستەواژەی ئافرەت و پیاو بگۆڕدرێت بە ( مرۆڤ ) .
٧. ماددەی ٢ کە تەرخانە بۆ ئامانجەکان , دەکرێت بۆ درێژنەبونەوەی یاساکە یەک بخرێت لەگەڵ ھۆیەکانی دەرچونی یاساکە .
٨. ماددەی ٣ کە چوارچێوەی پیادەکردنی یاساکەی باس کردوە ,بەڵام ئایا ئەو کرێکارانەی کەلەگەڵ کەرتی گشتی کاردەکەن کە ناکۆکیەکانیان خازعە بۆ دادگای کارگێڕی نەک دادگای کار کە ناسراوە بە قەزای عادی چۆن دەبێت ؟
٩. ماددەی ٤ کە تەرخانە بۆ بنەما و مافەکان , بەگشتی تیۆرین و باشن بەڵام کاتێک جێبەجێ دەکرێت ئەوا ڕۆح دەکرێت بەبەریدا .
١٠. ماددەی ٥ و لەکۆتا دێڕیدا ھاتوە ... فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی گشتی .... لە ڕاستیدا ھەردوکیان موڕادیفن و یەک مانا دەگەیەنن .
١١. بڕگەی دووەم لە ماددەی ٣٢ کە تایبەتە بە ماوەی تاقیکردنەوەی کرێکار , لە ڕاستیدا ئەم جۆرە مەرجە تەنھا لە عێڕاقدا پەیڕەو دەکرێت , پێویستە لابدرێت .
١٢. بڕگەی دووەم لە ماددەی ٣٣ , لە ڕێکخستنی گرێبەستی کاری دیاریکراودا پێویستە یاسادانەری کوردستانی بگەڕێتەوە بۆ قانونی کاری کوەیتی یان ئیماڕاتی , چونکە ئەوان وردتر ڕێکیان خستوە .
١٣. ماددەی ٣٨ کە تەرخانە بۆ کۆتایھاتنی گرێبەست , ئەوا لەم بەشەدا ھەردوو جۆرەکەی گرێبەست کە ماوەدیاریکراو و ماوە دیارینەکراو بە درێژی باس نەکراوە !!
١٤. خاڵی ٨ لە ماددەی ٣٨ کە تەرخانە بۆ دەست لەکارکێشانەوە , پێشنیار دەکەم کە بکرێتە ماددەیەکی سەربەخۆ ئەوەش لەڕوی داڕشتنی تەشریعیەوە و ھەروەھا ئاسان دۆزینەوەی ئەم مافەی کرێکار .
١٥. ھەروەھا ھەمان خاڵ باسی قەرەبوکردنەوەی کردوە , ئەم ئەرکە لەسەر کرێکاریش کارەساتە و کۆپی کردنی دەقەکەی یاسای کاری عێڕاقی ٢٠١٥یە .
١٦. خاڵی ٦ لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٣٨ ئەو حاڵتەی کە باسی کردوە کرێکار کەسایەتی درۆینە بنوێنێت , ئەم حاڵەتە پێی ناوترێت کۆتایی ھاتن بەڵکو پێ دەوترێت (فێل کردن) .
١٧. بڕگەی سێیەم لە ھەمان ماددە کە تەرخانە بۆ داخستنی پڕۆژە بە ڕەزامەندی وەزیر ئەگینا بۆی نییە دای بخات , ئایا ئەم ڕێکارە بۆ پڕۆژەی بچوکیش ھەروایە ؟!
١٨. ماددەی ٤٢ لە پڕۆژەکە ھیچ جیاکردنەوەیەکی نەکردوە و ھەموو سلوکەکانی بە تاوان ھەژمار کردوە و سزاشی بۆ داناوە !!
١٩. بڕگەی یەکەم لە ماددەی ٤٣ بۆ کرێ بە دینار بنوسرێت ئەگەر بە دراوی تریش بوو ئەوا لە نوسینەکەدا دراوی دیناریش بنوسرێت .
٢٠. بڕگەی چوارەم لە ماددەی ٤٣ ئایا کرێ بە دراوی ئەلکترۆنی قەدەغە دەکرێت یان نا ؟!
٢١. ماددەی ٤٨ دەستەواژەی (لەبری ھەموو ماوەی ڕاگرتنی ) بکرێت بە ئەو ماوەیەی کە ڕاگیراوە .
٢٢. ماددەی ٥٠ شایستە بونی ئەو سەرە کرێیە بکرێت بە دەقێکی نوسراو لە گرێبەستی نێوانیاندا بە نوسراو بنوسرێت .
٢٣. خاڵی ٥ بۆ بڕگەی سێیەم لە ماددەی ٥٣ زیاد بکرێت بەناوی (کاتی گۆڕانکاری لە ھێزی کڕین بە دیناردا ) .
٢٤. بڕگەی دووەم لە ماددەی ٥٦ باسی سیستمی کارە , ئایا بۆ ئەم دەستەواژەیە لە ماددەی ١ دا پێناسە نەکراوە ؟
٢٥. لە ماددەی ٦٠ بەدواوە ئەو ڕاستیە دەردەخات کە ئەم پرسانە ئەرکی پەیڕەو و ڕێنماییە نەک یاسا .
٢٦. بڕگەی یەکەم لە ماددەی ٨٣ ڕستەکە تەنھا موبتەدایە ئەی کوا خەبەری ڕستەکە ؟
٢٧. ماددەی ١١٥ کۆمەڵێک کرداری لە لیژنەی پشکنین قەدەغە کردوە , پێویستە ئەمەشی بۆ زیاد بکرێت : (کڕین و بونی پشک لە پڕۆژە پیشەسازیە یان بازرگانیەکەدا ) .
٢٨. تا ماددەی ١٥١ لە پڕۆژەکە کە تەرخانە بۆ مافە تەندروستیەکانی کرێکار و ھەبونی مەرجە تەندروستیەکانی کار زۆر باشن و بەڵام پێویستە ھەمویان بخرێنە ژێر ناونیشانێکەوە .
٢٩. وە لە کۆتایی ئەو مافانە پێویستە بکرێتە ئەرکی خاوەن کاری پڕۆژەی گەورە کە خزمەتگوزاری یاسایی بەردەست بکات بۆ کرێکارەکانی .
٣٠. ماددەی ١٥٦ کە کارکردنی بە یاسای پێشووی کار ڕاگرتوە , ئەی ئایا نابێت یاساکە بە تەواوەتی ھەڵبوەشێتەوە بۆ ئەوەی توشی کێشەی دوو یاسای بوارەکە نەبین؟
٣١. یاساکە بەکەمی ڕێکخستنی کردوە بۆ کرێکاری بیانی و عێڕاقی و ئاوارە , پێویستە لە بەشێکی سەربەخۆدا ئەو پرسە دەق نوس بکرێت .
٣٢. ھەروەھا یاساکە باسی خانەنشینی کرێکاری نەکردوە پێویستە ئەم پرسەش بە قوڵی باس بکرێت , ھەروەھا ئەوەی پێی دەوترێت (الاثر الرجعي للقانون) بەدەق ڕێک بخرێت .
٣٣. ماددەکانی تر باش و گونجاون .
دانا دارا حسین
ڕاوێژکاری یاسایی پەرلەمان.
#روون_میدیا #rwn_media

وتاری زیاتر